عێراق دەیەوێت هەرێمى کوردستان بکاتە قەوارەیەکى
کارتۆنى و ناوچەیەکى نا نەوتى. ئەمە قسەى د.ئاسۆ فەرەیدونە ئەندامى
ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراقە .
د.ئاسۆ فەرەیدون، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى،
لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، عێراق نەوتى هەرێمى
کوردستانى دەوێت بۆ چەسپاندنى سەروەرى خۆی و جێبەجێکردنى ماددەى 112ـى دەستوورى کە
هەرێمى کوردستان بە ناوچەیەکى نەوتى نەناسێنرێت، بە وتەى ئەو "دوابەدواى نەوت
عێراق هەوڵى کۆنتڕۆڵکردنى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و خاڵە گومرگییەکان
و ئاسایشى نیشتمانى و دواڕۆژیش هێزى پێشمەرگەش دەدات".
دەشڵێت "هەنگاوەکانى عێراق بەوەوە ناوەستێت
و پەلدەکێشێت بۆ جێبەجێکردنى ماددەى 110ـى دەستوور کە پەیوەستە بە دەسەڵاتى رەهاى
حکومەتى ناوەندى لە دەستووردا، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ فیدڕاڵى لە عێراق ناهێڵێت و
حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بەرەو قەوارەیەکى کارتۆنى دەبات".
ئاسۆ فەرەیدون، بۆچوونى وایە، ئەو یارییەی عێراق
ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دروست دەکات، بۆیە لە قازانجی هیچ لایەنێکدا نیە کە
سەروەری خاکی عێراق و پێکهاتەکانیشی بخاتە مەترسیەوە.
پەرلەمانتارەکەى یەکێتى دەشڵێت "ئەوان بەهیچ
شێوەیەک دژى قەوارەى هەرێمى کوردستان نین، چونکە قەوارەکە موڵکى حیزب و لایەنێکى دیاریکراو
نییە". دەستخۆشیش لە هەر هەنگاوێک دەکەن، کە پێگەی کورد وەک دامەزرێنەر و کۆڵەکەیەکی
سەرەکی دەوڵەتی عێراق بەهێزتر بکات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، بۆ دەربازکردنى هەرێمى
کوردستان لەو دۆخەى تێیکەوتووە، ئاسۆ فەرەیدون، داواى گرتنەبەرى سێ رێگەچارە کردووە،
یەکەم هەنگاو داوایکردووە، حکومەتێکى رزگاریی نیشتمانی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسی
و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پێکبهێنرێت و لە پەرلەمانی کوردستانەوە متمانە وەربگرێت.
هاوکات داوایکردووە، حکومەتی دامەزراو بریار لەسەر
بەشداری کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق لە ئایندەدا بدات، هەروەها لە سێیەم خاڵدا
داوایکردووە، بە پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆی حکومەتە نوێیەکە، بەهەر شێوەیەک بێت
مووچە دابەش بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP