لە هەرێمی کوردستانەوە 120 ملیار بۆ عیراق نێردرا

کوردستان
14:27 - 2025-07-22

دوای ناردنی 120 ملیار دینار لەلایەن هەرێمەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە ئامادەکردنی رێکارەکان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم کرد و تەنها ئیمزای تەیف سامی ماوە موچەکە خەرج بکرێت.
ئەمڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 120 ملیار دیناری وه‌ك داهاتی نانه‌وتی  بۆ به‌غدا نارد، بە پێی زانیارییەکان لەو بڕە نزیکەی 50 ملیار دیناری لە داهاتی سلێمانییە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025) کە بڕەکەی سەد و بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.
بەگوێرەی سۆراغی کەناڵی کەرکوک، دوای ناردنی بڕە پارەکە لەلایەن هەرێمەوە ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ رێکارەکانی بۆ ناردنی موچە دەستپێکردوەوە و کۆتایی بە پێداچوونەوە و وردبینی لیستی موچە کردوە و بە نوسراوێک ئاراستەی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق کردوە تاوەکو ئیمزای بکات و موچە رەوانەی هەرێم بکرێت.                                                                                  
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج ئامادەیە و هەرکات ئاگادارکردنەوەی خەرجکردنی پارەمان پێبگات ڕاستەوخۆ لیستەکە ڕادەگەیەنین.
وتیشی: خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو دەبێتە و لەماوە سێ بۆ پێنج ڕۆژدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەکەیان وەردەگرن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP