بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق دادبینی بۆ
دوو سکاڵا بکات کە لە دژی بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تۆمارکراون.
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن محەمەد جاسم خەفاجی،
ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و چوار پەرلەمانتاری دیکەوە لەسەر سەرۆکی
پەرلەمان و دوو جێگرەکەی تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە، دەنگدانی پەرلەمانی
عێراق بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نادەستووری دابنرێت، چونکە لەکاتی
دەنگدانەکەدا رەچاوی تەوابوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران نەکراوە.
سکاڵاکارەکان داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە،
فەرمانێکی وەلائی بۆ راگرتنی سەرجەم رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەربکات.
سکاڵای دووەم لەلایەن ئەمیر کامل مەعموری،
ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە لەسەر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە،
بەهۆی دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و ناساندنی وەک
نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.
سکاڵاکار داوایکردووە، بە فەرمانێکی وەلائی
مەرسومەکەی سەرۆککۆمار رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.
پێشتر لەسەر ئەم سکاڵایانە، د.خالید شوانی وەزیری
دادی عیراق دڵنیایی دابوو، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هیچ گرفتێکی یاسایی نییە و
ساکاڵاکان هیچ ئەنجامێکیان نابێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP