محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق هێرشی
گروپە چەكدارەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە تیرۆریستی ناودەبات.
سودانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد
پرێس رایگەیاندووە: ئەو هێرشانەی گروپە چەكدارەكان بۆسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی
كوردستان دەیکەن، كارێكی تیرۆریستییە و لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێمیش لە هاوئاهەنگیدان بۆئەوەی بکەرانی
ئەو هێرشانە بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
وتیشی، لە
ماوەی 12 رۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، رێگرییان لە 29 هەوڵی گروپە چەكدارەكان بۆ هێرشكردنەسەر ئیسرائیل و سەربازگەكانی
ئەمریكا لە رێی موشەك و درۆنەوە، كردووە.
دوپاتیشكردووەتەوە، رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادەن
عیراق وەك سەربازگەیەك بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەكاربهێنێت و وڵاتەکەیان بکەنە گۆڕەپانی
جەنگی وڵاتانی تر.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا سودانی جەختیكردوەتەوە عیراق
بەرژوەندیی خۆی دەپارێزێت و لە ململانێكاندا لایەنگری هیچ لایەنێك ناكات، چونكە سەقامگیری
و ئاسایشی عیراق لە سەرو هەموو بەرژوەندییەكەوەیە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP