ئۆجەلان و زیندانییانی ئیمراڵی چاویان بە کەسوکاریان کەوت

کوردستان
11:10 - 2025-07-29

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چوارچێوەی دیداری خێزانیدا چاوی بە مەزڵوم دینچی بریکاری و عومەر ئۆجەلانی برازای کەوت.
عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی کە لە هەمانکاتدا برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە چوارچێوەی دیداری خێزانیدا لەگەڵ مەزڵوم دینچی بریکاری ئۆجەلان، سەردانی ئیمراڵییان کردووە لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان کردووە.
عومەر ئۆجەلان لە پۆستێکدا نووسی: "ئەمڕۆ وەکو خێزان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانەی ئیمراڵی چاوپێکەوتنێکمان کرد. بەڕێز ئۆجالان، لەبارەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراسییەوە هیوادارە و سوور لەسەر ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەکەدا پێویستییەکی ژیانییە".
بێجگە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەریەک لە حاملی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، ئەرگین ئاتابەی و زەکی بایهان کە ئەوانیش لە زیندانی ئیمراڵین، لە چوارچێوەی دیداری خانەوادەییدا چاویان بە کەسوکارەکانیان کەوت.
ماوەیەکی زۆر بوو دیداری خێزانی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان قەدەخەکرابوو، عومەر ئۆجەلان رۆژی پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکمان هەبوو". بەر لەم دیدارە دوایین جار، رۆژی 25ی ئاداری 2021 محەممەد ئۆجەلان، بە تەلەفۆن بۆ ماوەی چوار خولەک قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای کردبوو.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 15ی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا.
دوای دادگاییکردنی، رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP