وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شەش تەواوکراوە و هەرێمی
کوردستان دەیەوێت ئەمڕۆ لە ڕێگەی تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لیستی
مووچەی مانگی حەوتیش ڕەوانە بکات، تاوەکو بەزووترین کات بەغدا ئەو دوو مووچەیە خەرج
بکات.
ئێستا حکومەتی عێراق دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان نەناردووە ، هەرێم دەیەوێت هەرچی زووە وردبینی لە لیستی مووچەی ئەو دوو
مانگە تەواوی بکرێت تاوەکو بەغدا شایستە داراییەکان بنێرێت، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی
دابەشکردنی مووچە هاوتای عێراق بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ
تیمێکی تەکنیکی بەرەو بەغدا دەڕۆن و ماوەی چەند ڕۆژێک لە بەغدا دەمێننەوە تاوەکو
کارەکانی وردبینی تەواو نەبن ناگەڕێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران
و ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتیش بۆ ئەو مانگە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و دارایی عێراق هیچ
تێنینییەکی لەسەر نەبووە.
ئێستا پارەی تەواو لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی پارە بۆ
بەغدا بنێردرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە لەگەڵ بەڕێوەبەری
بەڕێوەبەرایەتییەکان و وەزیرەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوام دایە، بۆ ئەوەی بتوانن لەداهاتى ناوخۆ 120 ملیاری دیناری مانگەکانی دیکەش
دابین بکرێت.
سەبارەت بەبڕى هەناردەکردنى نەوت ، یەکشەممەی
داهاتوو 3ی مانگ دوایین مۆڵەتە، واتا تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە
هەرێمی کوردستان توانای هەیە ڕۆژانە چەند هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، ئیتر بەغداش
چی دەڵێت، ئەوەندە نەوتە وەردەگرێت کە هەیە یان چاوەڕێی زیاتر دەکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP