دادگای فیدراڵی لە کۆی 20 سکاڵا 19یانی ڕەتکردووەتەوە کە نۆیان تایبەت بوون بە کوردستان

کوردستان
10:31 - 2025-07-29

 

لەدوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵیی لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دادگاکە ئاراستەیەکی نوێی کارکردنی وەرگرتووە و پڕۆسەی بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکان سنووردارکردووە، 95%ی سکاڵاکانیشی ڕەتکردووەتەوە.
لە 8ی ئەم مانگەوە کە دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵیی دەستبەکاربووە، دادگاکە حەوت دانیشتنی ئەنجامداوە و 20 سکاڵای تاوتوێ کردووە، لەو ژمارەیەش 19 سکاڵای ڕەتکردووەتەوە کە نۆیان تایبەتبوون بە هەرێمی کوردستان، تەنیا بڕیاری لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە یاسای باری کەسێتی داوە و ڕەتیکردووەتەوە بڕگەیەکی یاساکە دژی دەستوور بێت.
دیارترین ئەو سکاڵایانەی دادگاکە لەماوەی سێ هەفتەدا ڕەتیکردوونەتەوە، بریتین لە سکاڵایەکی تایبەت بە ڕێککەوتنی نێوان کوەیت و عێراق، سکاڵای دژی ڕێککەوتنە غازییەکەی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، سکاڵا دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سکاڵا دژی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵیی 3ی ئەم مانگە و دوای سوێندخواردنی لەبەردەم سەرۆککۆمار، وتی، پابەندە بە سەربەخۆیی و دەشبێت دادگای فیدراڵی لەهەر دەستوەردانێک بە دوور بێت.
سەرچاوەیەک باس لەوە دەکات  لەمەودوا دادگا شێوازی کارکردنی خۆیی و بڕیاردانی لەسەر سکاڵاکان دەگۆڕێت و ئاراستەیەکی نوێی کارکردنی دەبێت، بە دەگمەن نەبێ فەرمان سالاریش دەرناکات.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP