18 ی نیسان هەموو ساڵێک ڕۆژی
جیهانی کەلەپوورە، بۆ پاراستنی کەلەپووری مرۆیی ، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە
کۆنفرانسی گشتیی ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاریس لە ساڵی
1972 دا پەسەندی کردووە .
ئەنجومەنی نێودەوڵەتی مۆنۆمێنت
و سایتەکان ( ICOMOS ) پێشنیازی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی مۆنۆمێنت
و شوێنەواری کردووە یان ئەوەی لە میدیاکان بە ڕۆژی جیهانی کەلەپوور ناسراوە لە 18
ی نیسانی 1982 کە لە ساڵی 1983 لە لایەن ئەنجومەنی گشتی یونسکۆوە پەسەند کرا .
ئامانج لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییە و دووبارەکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستن و
پارێزگاریکردنی کەلەپوور.
میراتی مرۆڤ بۆ دوو جۆر پۆلێن دەکرێت:
کەلتووری : بریتییە لە شوێنەوارو کاری تەلارسازی و شوێنە
شارستانییەکان کە گرنگی تایبەتییان هەیە .
سروشتی: ناوچە سروشتییەکان کە گرنگی جیهانی هەیە.
واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەهۆی دەستکاریکردن و تێکدانی ناوچە
شوێنەوارییەکان بوو ، نەبوونی یاسا و ڕێنمایی و سیاسەت پێویستی بەدامەزراو کەسەکان
هەبوو بۆ پاراستنی کەلەپوورو شوێنەوارییەکان و پیشاندانی چۆنیەتی مامەڵەکردن
لەگەڵیان لەهەموو ئاستەکاندا . کەموکورتییەکانی سیاسەت و میتۆدی پلاندانانی
شارستانەکان ، سیستمەکانی بنیاتنان و لەناوبردن و سڕینەوەی کەلەپووری شارستانی
پشتگوێ دەخەن و تەنانەت هەندێکیان مەترسی لەسەر ئەم کەلەپوورە دروست دەکەن .
نەبوونی زانیاری لەسەر شوێن و وردەکاریی ناوچە کەلەپووری و شوێنەوارییەکان و
بیناکان، هەروەها نەبوونی زانیاری مێژوویی لەسەر ئەو ناوچانە و نەبوونی پلان و
میکانیزم و بەرنامەی جێبەجێکردن بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری شارستانی و پاراستنی
ئەو کەلەپوورە.
میراتی جیهانی ، سامانیکی بەهای مرۆڤایەتییە . پاراستنی ئەو سەرمایە
بەنرخانە پێویستی بە هەوڵی بە کۆمەڵ هەیە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە . ئەم
ڕۆژە تایبەتە دەرفەتێکە بۆ بەرزکردنەوەی هوشیاری گشتی سەبارەت بە فرە ڕەنگی
کەلەپووری کلتوری و ئەو هەوڵانەی کە پێویستە بۆ پاراستن و پارێزگاریکردنی .
لە 18 ی نیسانی 1982 دا بەبۆنەی ئەو سیمینارەی کە ڕێکخراوی
ئایکۆمۆس لەتونس ڕێکی خستبوو ، پێشنیازی " ڕۆژی جیهانی شوێنەوار و ناوچە
شوێنەوارییەکان " کرا کە لەسەر ئاستی جیهان بەرز ڕابگیرێت . ئەم پڕۆژەیە
لەلایەن لیژنەی جێبەجێکارەوە پەسەندکرا ، کە تێیدا پێشنیاری پراکتیکی بۆ لیژنە
نیشتمانییەکان کرد لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو ڕۆژە .
هەروەها ئەم بیرۆکەیە لەلایەن کۆنگرەی گشتی یونسکۆوە پەسەندکرا ،
کە لە دانیشتنی 22 ی نۆڤەمبەری 1983 دا بڕیاری لەسەر دەرچوو کە تێیدا وڵاتانی
ئەندام ڕادەسپێرێت ڕەچاوی ڕاگەیاندنی 18 ی نیسانی هەموو ساڵێک بکەن بە " ڕۆژی
جیهانی شوێنەواری و ناوچە شوێنەوارییەکان " . پاشان پێی وترا ڕۆژی جیهانی
کەلەپوور .
ئەنجومەنی نێودەوڵەتی لە شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان (ICOMOS) چەند پێشنیارێک پێشکەش دەکات دەربارەی چۆنیەتی ئاهەنگ گێڕان بە
ڕۆژی جیهانی کەلەپوور:
- سەردانی شوێنەکان، ناوچە شوێنەوارییەکان و کاری نۆژەنکردنەوەیان
بۆ بکرێت.
- نووسینی وتار لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و سازدانی بەرنامەی تایبەت
لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆدا
- هەڵواسینی پۆستەر لە گۆڕەپانەکانی ناوەندی شار یان شەقامە
گەورەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی هاوڵاتیان و بەئاگاهێنانەوەیان بۆ ئەو بۆنەیە.
- بانگهێشت کردنی کەسانی شاره زا و کەسایەتییه ناوخۆیی و
بیانییەکان بۆ کۆنفرانس و چاوپێکەوتنەکان.
- ڕێکخستنی سیمینار لە ناوەندە ڕۆشنبیری و شوێنە گشتییەکانی شار .
- کردنەوەی پیشانگەی شوێنەواری (وێنە، تابلۆ، هتد)
- بڵاوکردنەوەی کتێب و کارت و پۆستەر.
- خەڵاتکردنی ئەو ڕێکخراوانە یاخود ئەو کەسانەی کە بەشدارییەکی
بەرچاویان هەبووە لە پاراستن و پاریزگاریکردنی کەلەپووری کولتووری یان
بڵاوکراوەیەکی نایابیان لەسەر ئەو بابەتە بە ئەنجام گەیاندووە.
- کردنەوەی خانووی کەلەپووری یاخود بینای تازە نۆژەنکراوە.
- ئەنجامدانی چالاکی تایبەت بۆ خوێندکارانی قوتابخانە وپەیمانگاو
زانکۆکان بۆ بەرزکردنەوەی هوشیاری شوێنەوارییان.
*بەدەستکارییەوە لە سایتی (ICOMOS) وەرگیراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP