گوگڵ کۆمپانیایه‌کی فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان ده‌کڕێت

زانست و تەکنەلۆژیا
05:21 - 2021-06-01

گوگڵ کۆمپانیایه‌کی کڕیوه‌ که‌ ده‌توانێت جۆره‌ فڕۆکه‌یه‌کی بێ فڕۆکه‌وان دروستبکات كه‌  به‌ وزه‌ی خۆر کاربکات و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ به‌رزایی ئاسماندا بمێنێته‌وه‌ و ئنته‌رنێت بگه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌ دورده‌سـته‌کان.

ئه‌م کاره‌ وه‌ها لێی ده‌ڕوانرێت هه‌نگاوێـکی دیکه‌ی گوگڵ بێت به‌ ئاڕاسته‌ی گه‌یاندنی ئنته‌رنێت بۆ سه‌رانسه‌ری جیهان.

جۆرج پـوتج  ڕاپـۆرتێـکی له‌م باره‌یه‌وه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌  و تیایدا ده‌ڵێت:
گوگڵ هه‌ر وه‌ک چۆن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان کار بۆ سه‌رخسـتنی ئۆتۆمبیلی بێ شۆفێر ده‌کات، ئێسـتا ئاوه‌هاش کار بۆ به‌ده‌سـتهێنانی فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان و باڵۆن ده‌کات که‌ به‌ وزه‌ی خۆر کاربکه‌ن و بتوانن ئنته‌رنێتی خێرا بۆ ئه‌و شوێنانه‌‌ بگه‌یه‌نن که‌ خزمه‌تگوزاری ئنته‌رنێتیان لێ نیـیه‌.

گوگڵ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ یارمه‌تی ده‌دات له‌ زوو به‌ هاناچوونی ئه‌و ناوچانه‌ی کاره‌ساتیان لێ ڕووده‌ده‌ن و هه‌روه‌ها بۆ چاودێریکردنی زیانه‌کانی به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌توانن وێنه‌ی زۆر ڕوون بگرن تاوه‌کو له‌ به‌رنامه‌ی گوگڵ ئێرثدا به‌کاری بهێنن.


ئه‌م کۆمپانیای فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وانه‌ نوێـیه‌ و ناوی تایته‌ن ئێرۆسپه‌یسه‌‌ و بنکه‌که‌ی له‌ ویلایه‌تی نیو مه‌کسیکۆیه‌ و 20 کارمه‌ندی هه‌یه‌ و له‌ ئێسـتادا به‌ نیازه‌ ڤێرژنێـکی گه‌وره‌ی فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌ سه‌رکه‌وتوویه‌که‌ی دروسـتبکات که‌ به‌ وزه‌ی خۆر کارده‌کات و به‌ سۆلارا ناودێری کردووه‌.

 

به‌رپـرسی ته‌کنیکی کۆمپانیاکه‌ ماکسیموس یانی ده‌ڵێت ئه‌م فڕۆکه‌یه‌ وه‌ک سه‌ته‌لایت به‌ توانا ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا که‌می تێده‌چێت به‌ ڕێژه‌ی یه‌ک بۆ سه‌د.
ده‌ڵێت:" ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌نگی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م فڕۆکه‌یه‌ بتوانێت ئه‌م جۆره‌ خزمه‌تگوزاریـیانه‌ له‌ بری ڕێگه‌کانی دیکه‌ به‌ خه‌ڵـکی بگه‌یه‌نرێن یان شتی دیکه‌ بۆ توانا سه‌ره‌کیـیه‌کانی کاری سه‌ته‌لایتی زیادبکرێن."


ده‌شڵێت فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌ نوێـیه‌که‌ که‌ به‌ سۆلارا 50 ناودێرده‌کرێت له‌ توانایدا ده‌بێت له‌ به‌رزایی ده‌وری 20 کیلۆمه‌تر بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی 5 سـاڵ به‌ ئاسمانه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری ئنته‌رنێت بگه‌یه‌نێته‌ ڕووبه‌رێـک که‌ نیوه‌ تیره‌که‌ی 420 کیلۆمه‌تربـبێت، واته‌ به‌ یه‌ک فڕۆکه‌ ده‌توانرێت وڵاتێـکی وه‌ک عێراق ئنته‌رنێتی خێرای به‌م ڕێگه‌یه‌ بۆ دابین بکرێت.

 

ماکسیموس یانی ده‌ڵێت: "  له‌ ڕێگه‌ى سه‌رچاوه‌ی  وزه‌ی خۆره‌وه‌  ده‌توانێت بۆ ماوه‌یه‌کی دورودرێژی نه‌زانراو کاربکات و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌وه‌ستێت که‌ هه‌تا چه‌ند باتریـیه‌کانی ده‌توانن وزه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌."

 

جگه‌ له‌ گوگڵ کۆمپانیای دیکه‌ هه‌ن که‌ گرنگی به‌ بواری سوود وه‌رگرتن له‌ فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان ده‌ده‌ن، له‌وانه‌ فه‌یسبوک که‌ ئه‌ویش کۆمپانیای ئه‌سێنتای فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وانی به‌ریتانی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست کڕیوه‌. ئامازۆنیش که‌ ماڵپه‌ڕێـکی فرۆشـتنی سه‌ر ئنته‌رنێته‌ تاقیکردنه‌وه‌ ده‌کات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گه‌یاندنی کاڵاکانی بۆ کڕیاران به‌ ڕێگه‌ی فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وانه‌وه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP