ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ٢٠٢١/٦/٤ ، حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، به یاوه‌ری حامید حاجی غالی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یەكێتی و مامۆستا جه‌لال كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی و شێخ میقداد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، له گوندی گوڵه‌خانه سه‌ردانی محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سكرتێری حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانی كرد.
له دیدارێكدا كە محەمەد دۆڵاشی ئەندامی مەكتەبی سیاسی سۆسیالست و سەڵاح عەلی لێپرسراوی فەرماندەی سۆسیالست ئامادەی بوون، هه‌ردولا گفتوگۆیان كرد له پرسی ده‌ستوور و ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه ده‌بێت ده‌ستور بۆ خه‌ڵك بێت و له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ بنوسرێتەوە، چونكه په‌یوه‌ندی به هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا، جه‌ختیانكرده‌وه كه پێویسته حكومه‌ت بایه‌خ به بژێوی خه‌ڵك و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه و خانه‌نشینان بدات و له‌كاتی خۆیدا و به‌بێ لێبڕین مووچەی مووچەخۆران دابه‌ش بكات.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه باسكردن بوو له گرنگیدان به كه‌رتی كشتوكاڵی به‌گشتی و ئاژه‌ڵداری و گوندنشینان، هه‌ردوولا هاوڕابوون كه ده‌بێت حكومه‌ت گرنگی زیاتر به‌و كه‌رته بدات و بیكاته چاوگێكی دیكه‌ی داهات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP