ئەمڕۆ 30ی 6ی 2021 لەفەرماندەیی هێزەكانی حەفتا لە شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەگەڵ سەرجەم فەرماندەو ئەفسەرو پێشمەرگەی هێزەكانی پشتیوانی دوو كۆبوەوە.
لە سەرەتادا لاهور شێخ جەنگی چاویكەوت بەتیمی حەرەس شەرەف كە تیمێكی نوێیەو لەلایەن هێزەكانی پشتیوانیی دوو پێكهێنراوە، پیرۆزبایی لێكردن و پشتیوانیی خۆی بۆ دووپاتكردنەوە.
دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەریەك لە مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ و جەلال شێخ ناجی لێپرسراوی هەواڵگری پێشمەرگەو لیوا روكن مەریوان فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی 2 و عەبدوڵا كانی بەردینە لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگە ئامادیبوون، هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی لە هێزەكانی پشتیوانیی 2 كرد كە لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی پێشمەرگە، بەڕەسمی دەچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: پێزانینی خۆم پێشكەش بەم هێزە پۆڵایینە دەكەم كە بە بڕیاری سەرۆك مام جەلال دامەزراوەو خاوەنی بنچینەیەكی سەربازیی بەهێزە لەسەر دەستی فەریق نەوشیروان فواد مەستی كە زۆر بە سەركەوتووانە شارەزا كراون بە دیسپلین و زانستی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانی باشیان ئەنجامداوە، هەر بۆیە ئەم هێزە دەبێت بە بڕبڕەی هێزی پێشمەرگە وەك چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاویان بینوە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەخوێنی خۆیان سەلماندویانە كە خاوەنی تۆماری بەرگریی نەتەوەیی و نیشتمانیین و خاوەنی دەیان شەهید و بریندارن لە سەرویانەوە فەرماندەكەیان لیوا حسێن مەنسوور و چەندین داستانی بەرەنگارییان تۆمار كردووە.
دواتر باسی لە بارودۆخی گشتیی عیراق و هەرێمی كوردستان كردو رایگەیاند؛ ئێمە وایدەبینین قووڵایی ستراتیژمان لە بەغدایە لەڕوانگەی ئەو دەستوورەی كە پارێزگاری لە مافەكانمان دەكات و تاكە چەكە لە ئێستادا بەرگریی لە مافەكانمان پێبكەین.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەدۆخی ئەمنی و بەردەوامیی مەترسییەكان كرد و رایگەیاند: بەردەوامی هەڕەشەكان لەسەر ئەزموونەكەمان دەخوازێت كە زیاتر گرنگی بەهێزی پێشمەرگە بدەین، هەر بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكخستنی پێشمەرگەی كردووە بە ئەولەویەتی كارەكانی و رۆڵی كارای هەیە تیایدا، لە پێناو ئەو ئامانجەی كە هەرێمی كوردستان ببێت بە خاوەن هێزێكی دامەزراو و نیزامیی مەشقپێكراوی تۆكمەی نیشتمانی و هەمیشە ئامادەبێت بۆ بەرگریكردن لە بەها باڵا كوردستانییەكان.
دواتر باسی لە پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كردو گرنگی و چارەنوسسازی ئەو هەڵبژاردنەی ڕوونكردەوە و وتی: ئەگەر كورد یەكڕیز و یەكدەنگ بێت لە بەغدا دەتوانێت لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان بكەین، لەو سۆنگەیەشەوە پێكهێنانی هاوپەیمانیی نێوان یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانی بە دەستكەوتێكی گەورە لە قەڵەمدا و جەختیكردەوە كە دەرگای هاوپەیمانیەتییەكەمان كراوە دەبێت بۆ هەموو ئەو لایەنانەی كە بەرژەوەندی باڵای میللەتەكەمانیان لەبەرچاوە و دەیانەوێت بەیەكەوە و بە بەهێزی بەرگریی لە مافەكانی میللەتەكەمان بكەین.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP