هەرێم ــ سیستمی مووچه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت

ئابوری
13:05 - 2021-08-30


وەزیری دارایی هەرێم رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی سیستمی مووچە بەئەلیكترۆنی دەكرێت و ژمارەیەكی زۆر لە مووچەخۆرانی هەرێم لێی سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ دوو شەممە 30-8-2021، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكومەت و بەپێی ماددەی 13 لە یاسای چاكسازی، وەزارەتی دارایی هەرێم راسپێردراوە بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم.

وتیشی: بڕیاری كردنەوەی هەژماری بانكی چووە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەمڕۆ هەژماری بانكی  بۆ مووچەخۆری فەرمانبەری مەدەنی و پۆلیس دەكرێتەوە و لە داهاتووشدا ژمارەیەكی زۆر لە مووچەخۆران لێی سوودمەند دەبن.

راشیگەیاند: ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی هەژماری بانكی و مووچەدا ناوەستێتەوە بەڵكو ژمارەی كەسی بێ هاوتای لەگەڵدایە كە لە داهاتوودا بۆ كەرتی تایبەتیش بەكاردەهێنرێت.

هاوكات د. عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون رایگەیاند: یاسای چاكسازی لە بواری كەرتی بانكی چووە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرجەم زانیارییەكانی مووچەخۆری فەرمانبەری مەدەنی و پۆلیس رادەستی وەزارەتی دارایی كراون بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیستمێكی بانكی هەژماری بانكیان بۆ بكرێتەوە.

وتیشی: لە بواری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی هەنگاوێكی باشمان ناوە چونكە، بە جێبەجێكردنی سیتمی بایۆمەتری نزیكەی 20 هەزار مووچە راگیران و نایاساییەكانیش یەكلایی كرانەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP