قوباد تاڵه‌بانى : ده‌نگدان به‌ لایه‌نه‌ بچووكه‌كان ناهه‌وسه‌نگی هێز دروستده‌كات

کوردستان
06:42 - 2021-09-16

شه‌وى ڕابردوو قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه‌ راسته‌وخۆ وه‌ڵامی سه‌رنج و پرسیاره‌كانی هاووڵاتییانی دایه‌وه‌و ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ یه‌كێتی و گۆڕان ده‌توانن له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ پارێزه‌ری مافه‌كانی كوردبن .

له‌درێژه‌ی وه‌ڵامی سه‌رنج و پرسیاره‌كانی هاووڵاتییان قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان رایگه‌یاند: هاوپه‌یمانی كوردستان درێژه‌پێده‌ری رێبازه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هاووڵاتییان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ هاوپه‌یمانی كوردستان تاكه‌ به‌رگریكاری مافه‌ ره‌واكانی ئه‌وان ده‌بێت له‌ به‌غدا، وتیشی: ده‌نگدان به‌ لایه‌نه‌ بچووكه‌كان ناهه‌وسه‌نگی هێز دروستده‌كات، چونكه‌ ناهاوسه‌نگی هێز رێگه‌ بۆ لایه‌نێك خۆشده‌كات به‌ ئاره‌زووی خۆی كار بكات و به‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بخاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی زۆرینه‌ی گه‌له‌وه‌، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ لایه‌نه‌ بچوكه‌كان ناتوانن ركابه‌ری پارتی بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت هاووڵاتییانمان كارێك بكه‌ن هاوسه‌نگی هێز بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ هه‌رێم.

هه‌روه‌ها وتی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ زۆر گرنگه‌ و عیراق به‌ره‌و گۆڕانكاری گه‌وره‌ ده‌بات، بۆیه‌ ده‌بێت كوردیش به‌شێك بێت له‌و هێزه‌ی كه‌ له‌ ئاینده‌دا عیراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا قۆڵی مه‌ردایه‌تی و كوردایه‌تی لێهه‌ڵبكه‌ن و به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان بڕۆن و ده‌نگ به‌ هاوپه‌یمانی كوردستان و كاندیده‌كانی بده‌ن، چونكه‌ هاوپه‌یمانی كوردستان به‌رگریكاری گه‌وره‌ی مافه‌كانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

قوباد تاڵه‌بانی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هاوپه‌یمانی كوردستان ده‌توانێت تیمێكی به‌هێز بنێرێته‌ به‌غدا تا بتوانن پارێزه‌رو به‌رگریكاری مافه‌كانی هاووڵاتییانمان بن، وتیشی: نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی كوردستان، به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌توانن له‌به‌غدا شه‌ڕی مووچه‌و بودجه‌ بكه‌ن و جێگه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بن و چاره‌سه‌ری به‌شێكی زۆری كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌ به‌غدا.


سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ گۆڕانكاری له‌ ده‌ستوری عیراق مه‌ترسیداره‌و ئه‌گه‌ر تیمێكی به‌هێزو یه‌كگرتوو یه‌ك ده‌نگ له‌ به‌غدا به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستوری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌ن، ناتوانین مافه‌كانی هاووڵاتییانمان بپارێزن.
قوباد تاڵه‌بانی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ رابردودا بوێرانه‌ توانیویانه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانیان دژی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی بوه‌ستنه‌وه‌و مووچه‌ی نایاسایی و دوو مووچه‌یی نه‌هێڵن، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانی كوردستان ده‌توانێت تیمێكی به‌هێز و بوێر بنرێته‌ په‌رله‌مانی عیراق، تا بتوانێت له‌وێ به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستوریی و یاساییه‌كان و مووچه‌و بودجه‌ی هه‌رێم بكات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP