بافڵ تاڵه‌بانى لەگەڵ ئامر لیواکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبووەوە

کوردستان
16:49 - 2021-09-22

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەڵاچوالان بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و مەحمود سەنگاوی، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی حەفتا و عەبدوڵا کانی بەردی، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و ھیوا عەبدوڵا، لێپرسراوی میحوەری چواری کەرکوکی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئامرلیواکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە گرنگی و رۆڵی فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد و وتی، ئێوە پارێزەر و خاوەنی یەکێتین و ئێمە مێژووی پڕ لە خەبات و شانازی ئێوە لە یادناکەین. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان. خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لەداهاتووشدا گۆڕانکارییەکان دەبینن. لەو چوارچێوەیەشدا وەرگرتنی ئابوونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکرا، بافڵ تاڵەبانی وتی دەبێت هەمووان خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بکەین و لە ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە هەوڵەکانی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و رایگەیاند، یەکێتی پەرۆشی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانییە کە بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات. بەپشتیوانی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان ئەم پرۆسە نیشتمانییە جێبەجێ دەکەین و هێزی پێشمەرگە دەکەینە هێزێکی پڕچەک و پۆڵایین بەشێوەیەک لەئاست تەحەددییەکان بێت و پارێزەری سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێت.


ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆک سەبارەت بەچاکسازییەکان و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان رایگەیاند، دەبێت ھێزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە سەرمەشقی گۆڕانکاری بن و پارێزەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بن. لەمەودوا رێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات. ھەرکەسێکیش لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەبینەوە و راپێچی بەردەم دادگای دەکەین. کەدڵنیام ھێزی پیرۆزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە پشتیوانی سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP