سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی سوید

جیهان
16:13 - 2021-09-23


•سەرۆک بەرھەم جەختدەکاتەوە لە پێویستی کاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەئاڕاستەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و ھاریکاری بۆ بەرنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئەیلولی 2021 لە شوێنی مانەوەی لە نیویۆرک و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیکرد لە ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید.

لەو دیدارەدا گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە جیاجیاکاندا دووپاتکرایەوە، ھەروەھا پشتیوانی سوید بۆ عێراق لەبوارە مرۆییەکان و هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەرزنرخێندرا.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە کە عێراق چاوی لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردنە بۆ مسۆگەرکردنی پاکوبێگەردی و دادپەروەری هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەمی داھاتووە، ھاوکات ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی عێراق ھەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەی ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێز بکرێت لەبەرامبەر ئاستەنگەکان، بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر و چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە و سوود وەرگرتن لە شارەزایی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا بۆ پشتیوانی لە پلانی نیشتمانی عێراقی بۆ دووبارە بووژاندنەوەی وادی رافیدەین لە رووی ژینگەیی و دامەزراندنی چەمکەکانی ئابووری سەوز.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP