فیلمی (نانی پیرۆز) خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمى پێبه‌خشرا

کلتور
06:32 - 2021-10-05


فیلمی دیكۆمێنتی (نانی پیرۆز) لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو رەحیم زەبیحی و لە بەرهەمهێنانی تورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 24هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دینی ئەمڕۆی لەوڵاتی ئیتاڵیا پێبه‌خشرا. 

بەڵگە فیلمی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماكاری كۆچكردووی كورد رەحیم زەبیحی، لە بەرهەمهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد تورەج ئەسڵانی و بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی (ماد موڤی MAAD Movie) لەنوێترین و نۆیەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە سەعات 5ی ئێوارەی رۆژی 28ی سێپتەمبەری 2021 لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 24هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دینی ئەمڕۆ Religion Today لەشاری ترێنتۆ لەوڵاتی ئیتاڵیا نمایشكراو لەلایەن بینەران و هۆگرانی هونەری سینەماوە پێشوازییەكی بێوێنەی لێكراو توانی خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلمی ئەم رووداوە گرنگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 24هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (دینی ئەمڕۆ)ی ئیتالیا كە بریتی بووون لە(ئیلاهە نەوبەخت Elaheh Nobakht بەرهەمهێنەرو بڵاوكەرەوەی نێودەوڵەتی سینەمای لەوڵاتی ئێران، لیدیا ماگنی Lidia Magni رۆژنامەنووس لەوڵاتی ئیتالیا، میلیجان گوچیك Milijan Gocic سیناریۆنوس و دەرهێنەر لە وڵاتی سێربستان، دیانا ئاشیموڤا Diana Ashimova بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵ لەوڵاتی قەزاقستان و هەروەها مستەفا جێناپ ئایدین Mustafa Cenap Aydin توێژەر و مامۆستای زانكۆ لە توركیا، فیلمە بڵیندە سینەماییەكان، بەڵگە فیلم و كورتە فیلمەكانی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان دادوەری كردو دەنگەكانی خۆیان راگەیاندو خەڵاتیان بەسەر سینەماكارانی سەركەوتودا دابەشكرد. 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (دینی ئەمڕۆ)ی ئیتالیا بەمەبەستی رەخساندنی فەرهەنگی ئاشتی و دانوستان لە نێوان باوەڕو كلتوورەكان و هەروەها سازكردنی پردێكی پەیوەندیی لەنێوان سینەماو دین و ئایینە جۆراوجۆرەكانی جیهان لەساڵی 1997 دامەزراوەو لەم رێگا گرینگەدا بەشوێن پەیوەندیی لەنێوان بیرووباوەڕەكان و ژیانی سونەتی و خۆماڵی خەڵكی سەرتاسەری دنیا و هەروەها ئاشتی و فەرهەنگە جۆراوجۆرەكان، لەڕێگای وەرگرتنی جیاوازەكانی یەكتریدایە.  

بیست و چوارەمین خولی ئەم رووداوە هونەرییە بەنمایشی فیلمە سینەماییەكان، بەڵگە فیلم و كورتە فیلمەكانی سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەڕۆژانی 22 تا 29ی سێپتەمبەری 2021 لە شاری تڕێنتۆ لەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو. 

(نانی پیرۆز) كە لەلایەن كۆمپانیای (تسویر گستر الهە پارسی) (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی ئیلاهە نەوبەخت لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی رەسمی "پێشبڕكێی ئاسیا" لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ وەك گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیكۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی كۆریای باشوور نمایشكرا. 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ بە ناونیشانی پێشڕەوترین فێستیڤاڵی فیلمی دیكۆمێنتاریی لە كیشوەری ئاسیا بە ناوەرۆكی "ئاشتی، پەیوەندییەكان و ژیان، بە نمایشی 130 بەرهەمی دیكۆمێنتاریی لە دەرهێنەرانی 40 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی 9 تا 16ی سێپتەمبەری 2021 لە شارەكانی گۆیانگ و گۆوانگ جۆ لەوڵاتی كۆریای باشوور بەڕێوەچوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP