وه‌ستا ره‌سول : ئێمه‌ى كورد بەشێکی زۆر لە مافەکانمان پێشێل کراوە

کوردستان
08:27 - 2021-10-08

-کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان..!
-پێشمەرگە قارەمانەکان..!
-کەم ئەندامانى سەنگەر..! 
-ڕێکخستنە دێرینەکان..!
-هێزەکانی ناوخۆ..!
-جەماوەری خۆڕاگر و بە ئەمەکی کەرکوک..!
فەرمانبەر و مامۆستایان..!
-سەرجەم تیمەکانى هاندانى هەڵبژاردن..!
-هەڤاڵ و کادیرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..!

سڵاوی هەڵبژاردنتان لێبێت..!

کەرکوکییە سەربەرزەکان، رۆڵە چاو نەترسەکانی باوەگوڕگوڕ، کوڕانی هەڵمەتبەر و بەعس بەزێن.. چەند کاتژمێرێکی تر داهاتوو دەبینەوە لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی، ئەو دەنگدانەی کە کەرکوک لە مێژووی خۆیدا بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە و، لە بیرەوەری هەر یەکێک لە ئێمەشدا بۆ هەمیشە وەک داستانێکی نەبڕاوە دەمێنێتەوە.

کەرکوکییە بە ئەمەک و دلێرەکان..!
باش ئەو راستییە بزانن دەنگی تۆ، دەنگی هەزاران شەهیدە، دەنگی دەیان هەزار‌ پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستە، دەنگی 182 هەزار ئەنفالە، دەنگی 5 هەزار شەهیدی کیمیابارانە، دەنگی هەزاران گوندی خاپوور کراوە، دەنگی بە گژداچوونەوەی تەعریب و راگواستنە.. دەنگی تۆ؛ دەنگی ئیسپاتکردنەوەی کوردستانیی بوونی کەرکوکە!

ئێستا هەموومان لە بەردەم رووداوێکی گەورە و گرینگداین، رووداێک کە لە مێژووی کەرکوکدا بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە و لە قەد پاڵی پیرە قەڵای کەرکوکدا بە خەتێکی گەورە دەنووسرێتەوە؛ کە کەرکوکییەکان دەنگیان بە کوردستانیی بوونی کەرکوک داوە.

ئێمەى کورد، بەشێکی زۆر لە مافەکانمان پێشێل کراوە، نامانەوێت بە رێگەی تووندوتیژى ئەو مافانە بەدەست بهێنین، بەڵکوو دەمانەوێت بە پشتیوانى ئێوەى دەنگدەر و کۆڵنەدەری کەرکووک، لە ڕێگەى دەستور و یاسا و سندووقەکانى دەنگدان بە مافە رەواکانی خۆمان بگەین و کوردستانیی بوونی کەرکوک بسەلمێنینەوە.

بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتنی هەڵبژاردن..!
هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..!

وەستا رەسوڵ
ئەندامی سەرکردایەتی ی.ن.ک و لێپرسراوی میحوەری ئیمام قاسم
8-10-2021

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP