پەیامی ھاوخەمی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بنەماڵە و كەسوكاری مامۆستا محسن عەلی ئەكبەر

کوردستان
12:07 - 2021-12-02

بۆ بنەماڵە و كەسوكاری مامۆستا محسن عەلی ئەكبەر

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی مامۆستا محسن عەلی ئەكبەرم بیست، مامۆستای دیار و رەسەنی قوتابخانەی تێكۆشان و كوردایەتی، پێشمەرگەی دێرین و مەوسوعەی كاری رێكخستن و نمونەی شۆڕشگێری راستەقینە.

جگە لە ئەزموونی پێشمەرگایەتی و شاخ، مامۆستا لەدوای راپەرینیش بەرجەستەی كەسایەتیەكی لێوەشاوە و بەتوانا بوو، لەسەرجەم وێستگەكانی كاركردنیدا شایەدی ئەوەی بۆ دەدرێت كە لێزان و سەركەوتوو بوو، ماوەیەك لەئەركی حكومیدا بەیەكەوە كارمان كرد، هاوكارێكی بەسەلیقە و عاقڵمەند، جێگەی متمانە و راوێژ بوو، لەژیانی رۆژانەشدا، لەدانیشتن و  كۆڕی دۆستاندا كەمدویەكی جوانبێژ بوو، بۆیە بەكۆچی دوایی كەسێكی شایستە و تێكۆشەرێكی راستەقینەمان لەدەست چوو.

سەرەڕای پرسە و هاوخەمیم بۆ كەسوكار و بنەماڵە تێكۆشەر و بەڕێزەكەی، لە خوای گەورە داواكارم بەچاكەی خۆی لەگەڵی بكات و گیانی لەبەهەشتی نەمریدا ئاسودە بكات.

بەرهەم ساڵح 
سەرۆك كۆماری عێراق


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP