تەختە قوڕی كۆنترین كاری ئەدەبی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ عێراق

کلتور
15:06 - 2021-12-05



وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی 12ی 2021 ئاهەنگی تایبەت بۆ بەدەستهێنانەوەی داستانی گلگامێشی راگەیاند.

ئەم تەختە قوڕە هەرچەندە بەقەبارە پچووكە بەڵام یەكێكە لەپارچە شوێنەوارییە بەنرخەكان كە بەشێك لەداستانی گلگامێشی لەسەر نووسراوەو بە كۆنترین كاری ئەدەبی دادەنرێت لەمێژووی مرۆڤایەتیداو باس لەسەركێشییەكانی یەكێك لەپاشا بەهێزەكانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار دەكات كەهەوڵی بەدەستهێنانی نەمریی داوە.

وەزارەتەكە لەراگەیەنراوێكیدا ئاشكراشیكردووە ئاهەنگی تایبەت بەرادەستكردنی تابلۆی خەونی گەلگامێش سبەینێ‌ رۆژی سێشەممە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لەتەلاری وەزارەتی دەرەوە لەبەغدای پایتەختی فیدڕاڵ بەڕێوەدەچێت، تابلۆكە لەتەختەیەكی قوڕین پێكدێت و بەكۆنترین كاری ئەدەبی لەمێژووی عیراق دادەنرێت.

لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووشە، عیراق لەڕێگەی هەوڵەكانییەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی یونیسكۆ و حكومەتی ئەمریكی توانی ئەم پارچە شوێنەوارییە بەدەستبێنێتەوەو بیگەڕێنێتەوە خاكی عیراق.

راشیگەیاند: تابلۆی خەونی گلگامێش بریتیە لەتەختەیەكی قوڕین و تەمەنی بۆ زیاتر لە 3500 ساڵ دەگەڕێتەوەو بەخەتی بزماری بەشێك لەداستانی گلگامێشی لەسەر نووسراوە، ئەو گەنجینە مێژووییە لە ساڵی 1991 دا لەكاتی جەنگی گەردەلوولی بیابان لەمۆزەخانەی عیراق دزراوەو چەند جارێك دەستاودەستی پێكراوە.

لەساڵی 2007 یشدا تابلۆكە خراوەتە نێو بازاڕی هونەر لەئەمریكا تا ئەو كاتەی وەزارەتی دادی ئەمریكا لەساڵی 2019 دا دەست بەسەر تابلۆكەدا دەگرێت.

رێكخراوی یونیسكۆ پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەم شوێنەوارە بەنرخە بۆ عیراق بەسەركەوتنێكی گەورە وەسف دەكات و رایگەیاند كەئەوە  ئەوپەڕی گرنگیدانە بە گرێبەستی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریكاو عیراق و سەرجەم ئەو وڵاتانەشی كە ئیمزایان لەسەر رێككەوتنی ساڵی 1970ی یۆنیسكۆ  كردووە، كە چوارچێوەیەكی  یاسایی و پراكتیكی داوە بەوڵاتان بۆ رێگریكردن لەبازرگانیكردن بەشوێنەوارەكان بەشێوەیەكی نایاسایی.

شیاوی وتنە، ماوەی چەند دەیەیەكە بەهۆی ئەو جەنگە یەكبەدوایەكانەی لەعیراقدا بەرپابوون گەنجینە شوێنەوارییەكانی عیراق رووبەڕووی پشتگوێخستن و وێرانكاری و تاڵانكردن بوونەتەوەو بەتایبەتیش لەساڵی 2003ەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP