خەتا لە پایتەختی فیدڕاڵەوە تا پایتەختی رۆشنبیری

ستران عەبدولڵا
07:52 - 2021-05-26

خەتا لە پایتەختی فیدڕاڵەوە تا پایتەختی رۆشنبیری 

ستران عەبدوڵلا 
خەتای یەکێتی نییە ئێوە کێشەکانی خۆتان بە نرخی کێشەی کورد و کوردستان بەخەڵکی دەفرۆشنەوە؟ ، پسولەی ئاو و کارەبا و داھات و باجی دائیرەی مرور چی بکات کە ئێوە گومرگی برایم خەلیلتان کردۆتە مەتەڵی ئاڵۆز باڵۆز و کەس لێی تێناگات؟ 
بۆچی دەبێ خەتای کەشناسی سلێمانی و ھۆرەی گەرمیان و لاوکی بادینان بێت کە ئێوە دیلی دەستی رێککەوتنی پەنجا ساڵەن و بەندی دۆسێی ئیمپریالی ئیقلییمی و تەونی جاڵجاڵۆکەی ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتن؟
گوێزی ھەورامان و گێوژ و مێوژی بەرھەمی خۆماڵی چی بکات کە فلاش میمۆرییەکەی ئاشتی ھەورامی سەد ڤایرۆس لێی داوە و کۆدەکەی بە سەد  ئانەپانە ناکرێتەوە؟!
خەتای ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان چییە کە ئێوە رۆژێ خەتای پایتەختی بەغدای فیدڕاڵ دەگرن و رۆژێ ئێژن پایتەختی رۆشنبیری پارەی کەمی چاپی کتێب و کۆنسێرتی ھونەرمەندان نانێرێ بۆ خەزێنەی مەرکەزی؟ ترسمانە سبەی تاوانەکە بخەنە ملی ھەڵەبجەی پایتەختی شارەزوور یان باڵەکایەتی پایتەختی 
بەرخودان و خوێنبەخشین؟
خەتای دیموکراسی بێ وەی و بێ  گوناھ ، رێڕەوی پێچاوپێچ و گەمارۆدراوی کوردستان چییە کە ئێوە کۆنگرەی حزبتان پێ ناکرێ و گرفتە ناوخۆیەکانی خۆتان ھەناردەی دەرەوە دەکەن؟
ھەمووجارێ وا دەکەن ، کاغەزەکان نەک تێکەڵ بەڵکو  لەتوپەتی دەکەن ، نەک دۆسێکان بەڵکو تەنانەت ماشێنیPaper shredder ورد و خاش دەکەن و دوایی دەڵێن وەک کاغەزەکانی سەفارەتەکان پێکیانەوە گرێ بدەن!! پێکەوە تیپ و کەتەر و سیکۆتینی لێ بدەن و بەخەڵکی بەش مەینەتی وڵاتی داماو بڵێن مەتەڵەکە ھەڵبێنە!
ھەموو جارێ وا دەکەن،  چارەنووسی سیاسەت و ناکۆکی و تێڕوانینە جیاجیاکان بە ھەڵوەر و تەلەبەی تەمبەڵ دەسپێرن بۆ ئەوەی بڵێن دیموکراسیی و داد و ماف و ئاواتەکان کەڵکی نییە و گەلەکەمان لە چاکەی گشتی و ئەگەری چارەسەری بچووکترین کێشە بێ ئومێد بکەن.
سەیری بکەن چی ھەڵلایەکیان دروست کردووە ، وەک رۆژگاری گوڵان و یەڵان و گومرگی برایم خەلیل، وەک زەمانی شۆی بێ تامی گۆدەلۆپی و ئەنتۆلێنا کە تەقەی خۆشی دەکرا گوایە منداڵی چاوگەش دۆزرایەوە و ئیتر خاتر جەم بن گرفت نەما خەمتان بداتێ.

ئەمە بۆیان چۆتە سەر کە ھەموو جارێ دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکەن وەختێک بابەتەکە دەگاتە سەر قووت و موچەی خەڵکی و چارەسەرێکیان پێ نییە وەک تەمسیلی «خۆتان بگرن ئەوا ھات» کە سەماد و ئارد لە پایتەختەوە دێت و لەبەر بەشی کۆمپانیاکانی نەوت و کەشتییەکانی کەنار دەریای پسفۆر بەشی نانی سوتاوی خەلکی گێمەدەێ و قالاوە ناکات. بۆیان چۆتەسەر یان بۆیان سەر دەخەن چونکە دیزاینەکەیان بە دڵە؟!
بوختانە گەر بڵێین بۆیان چۆتەسەر چونکە میللەتەکەمان بێ دەنگ و رەنگ و بێ قسەیە، بڵێین شانی ئەم خەڵکە بێ باکە ھەر ئەوەندە ھەڵدەگرێ کە لە دووری دوورەوە سێبەری ھەڵک بانک و  ئۆپەراسێونی ھەرێمایەتی دیارە و ھەمووجارێ ڤیاگرای پایتەختەکان بە ھانایانەوە دێت. رۆژێ بە ناوی خۆشناوی نەتەوە و سەربەخۆییەوە و شەوێکیش بەناوی تیوری ھەر کەس لە ماڵی خۆی و نیوەرۆیەکی ناکاویش بە ناوی چاکسازی بە ھێنانەوەی داھاتی دەخیلەی ریعایە قاسرین و دایرەی خەڵوەتگەی پیری مەیسەر دەبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP