وتارێک لە حوزەیرانی ٢٠١٨
ساڵانێک بەسەر ماڵئاوایی یەكجارەكی تێكۆشەر و سەركردەی ناسراوی یەكێتیی و كوردایەتیی پێشكەوتنخواز ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر هەڤاڵ عەبدولڕەزاق فەیلی تێپەڕ دەبێت و یاد و یادەوەریی لە دڵ و دەروونی هاوڕێ و هەڤاڵەكانیدا وەك ساتەوەختی كشانی ئەستێرەی ژیانی، درەوشاوە و رەونەقدارە، وەك تەمەنی دوورودرێژ و پڕ بەرەكەتی لە خزمەتی شۆڕشی نوێ و لە خزمەتی دیپلۆماسییەتی دۆسێی رەوای مەسەلەی كورددا، شایان و شایەت و زیندووە.
هەڤاڵ عەبدولڕەزاق فەیلی جوامێری ریزەكانی كۆمەڵگەی كوردانی فەیلی، لە نەسلی ئەو تێكۆشەرانە بوو ژیان و گیان و سەروماڵی بۆ سەرخستنی رزگاریی كوردستان و رەوایی مەسەلەی كورد، تەرخانكردبوو. لە رۆژگاری لاوێتی و خوێندكاریدا لە بەغدا، فەیلی؛ شاسوارێكی ئازا و بە جەرگی بزووتنەوەی لاوان و خوێندكارانی كورد بوو. شەوق و زەوقی ژیانی پایتەختی بە دژواری رێگە باریك و تاریكەكانی بەرەنگاریی دیكتاتۆری و بەرپەرچدانەوەی تەعریب و تەسفیر و ستەمی نەتەوەیی، گۆڕییەوە. ئاوێزانی چیا و دۆڵەكانی خەباتی كوردایەتی بوو. ئاوارەیی و تاراوگە و وێڵبوون بەدوای چارەسەری مەسەلەی كوردی هەڵبژارد. تا لە وەرچەرخانە مێژووییەكەی كوردایەتیدا، لەگەڵ مامۆستاكەی و مامۆستای هەموو تێكۆشەران مام جەلال و لەگەڵ هەڤاڵانی دامەزرێنەردا، شەرەفی دامەزراندنی یەكێتی پێسپێردرا. دۆست و یاری كوردایەتیی هاوچەرخ لە دیاری توڵەیتوڵەوە تا رزگاریی یەكجارەكی كوردستان، تێكۆشەر و رێبوار و سەركردەی ئەو بوارە بوو.
هەڤاڵ عەبدولڕەزاق فەیلی لە هەموو ئەو كاروانە دوورودرێژەی خەباتدا بە گیانی لاوێتی و ورەی شۆڕشگێڕ و هێمنی و سەبری ئینقلابی دیپلۆماتكاردا، وێستگە بە وێستگەی خەباتی یەكێتی سەرخست. لە هەر كوێ ئەركی پێسپێردرابێ، لە وەزارەت تا دیپلۆماسی و زیارەت. تا دەوڵەمەندكردنی تەونی دیپلۆماسی بە دەوری وتاری حەكیمانەی یەكێتی و ماڵە گەورەكەی سەرۆك مام-دا درێغی نەكردووە و لە هیچ قوربانیدانێك سڵی نەكردۆتەوە. تەنانەت نەخۆشی و دژواریی رێی چارەسەریش رێی لێ نەگرت.
عەموو، كە ناوی خۆشناوی ناو هەڤاڵەكانی بوو لە هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا، تا دوا رۆژی ژیانی، لە خزمەت و خەبات نەكەوت. تا دڵی لە لێدان كەوت وەفاداری كوردایەتی و وەفاداری یەكێتی و وەفاداری سوێندەكەی چایخانەی توڵەیتوڵە بوو. تا ئەو رۆژەی كۆچی یەكجاریی رۆحی بەرزەفڕی بۆ لای مامی گەورە و هەڤاڵانی كۆچكردوو و شەهیدە نەمرەكان، لە شەقەی باڵی دا.
یادت بەخێر عەموو، ناو و ناوبانگ و خەباتت تا ئەبەد دەمێنێت و باعیسی مانەوەی ئەم یەكێتی-یە بێت كە مەیدانی چۆڵ نەكردووە و شۆڕشی ئاوایە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP