لێدوانەكەی (ئەرشەد ساڵحی) و ئاشكراكردنی پیلان و پەیمانە ژێر بەژێرەكەی پارتی و بەرەی توركمانی لە كەركوك، بەتاڵكردنەوەی سحری نیو سەدە زیاتری دروشمە نەتەوەییەكانی پارتیە، كە گوایە "كەركوك دڵی كوردستانە"، لەوێدا هەموو بانگەشەكانی پارتی بە ریفراندۆمیشەوە مایەپوچ دەردەچێت، چونكە سیاسەت و ئامانجی بەردەوامی ئەو هێزە سەندنەوەی كەركوكە لە یەكێتی و كورد و بەخشینەوەیەتی بە چارەنووسی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیاكەی، بەڵام ئەم خەونە نەزۆكەش نایەتەدی، ئەوەتا زوو سەرۆك (بافل جەلال تاڵەبانی) لە پەیامێكی روون و راشكاودا قودسبوون و قودسیەتی كەركوكی بۆ یەكێتی دوپاتكردەوە و بە هەمووانی ووت "دڵنیایی دەدەینە كەركوك و كەركوكییەكان كە سازش لە مافەكانیان ناكەین و رێگەنادەین چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر بچێت".
مێژووی نەتەوەی ئێمە، ئەوەی سەلماندووە کە کەرکوک شارێکی کوردی و كوردستانیە و بۆ بەرگرییکردن لە ناسنامەكەی هەزاران گیانبازی و قوربانیدان و خوێنبەخشین پێشکەش کراوە، ئەگەرچی سروشت و پێکهاتەی کەرکوک وا دروست بووە کە فرە نەتەوەیی و پێكهاتەی جیاوازی تێدایە، بەڵام حوكمی مێژوو و دیمۆگرافیا ئەوەی سەلماندوە كە زۆرینەی کوردە و خەڵكەكەی خۆیان بە بەشێکی گرنگ لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەزانن.
بە درێژایی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، هەمیشە کەرکوک بەشێک بووە لەو ململانێیە تایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەرۆک مام جەلال لەدوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٤ ەوە ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشە نوێیەی کردووە، یەکێک لە هەرە ستراتیژە دیار و گرنگەکانی خەبات، دوپاتكردنەوە و سەلماندنەوەی کوردبونی کەرکوک و مانەوە و پەیوەستكردنەوەی کەرکوک بووە بە خاکی کوردستانەوە، چونکە هەمیشە ڕژێمە شۆڤینیە قین لە دڵە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بەتایبەتی ڕژێمی لەناوچوی بەعس، بەچاوی داگیرکاری و بە تەعریب و تەبعیسکردنی کەرکوک و تەرحیلکردنی کوردەکان ویستویەتی ناسنامەكەی زەوت بكات. بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەرکێکی کوردپەروەرانە بۆ بەرگرییکردن لە کوردستانیبوونی ئەم شارە بەشێکی زۆری چالاکیەکانی لە سنوری ئەم شارە بووە و تا ڕژێم لەوە تێبگات کە کەرکوک شارێکی کوردستانیە و کوردە و مێژوی پڕ قارەمانێتی ڕۆڵەکانی ئەم شارەش ئەوەیان سەلماندووە، کە لە پێناو بەرگریکردن لە داگیرکاری شارەکەیان هەمیشە گیانباز و شۆڕشگێڕبوون و بەسەدان ڕۆڵەی بوێر و ئازا ڕویان کردۆتە ڕیزەکانی یەکێتی و بونەتە پێشمەرگە یان لە ڕێکخستنە نهێنیەکانی شاردا لە کەرکوک خەباتیان کردووە، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١یش ئەوە سەلما و بە ڕزگارکردنی کەرکوک ڕاپەڕین تاجی سەرکەوتنەکانی لەسەرنا، کەرکوک بووە گوڵە سورەی بەهاری ئازادی کوردستان کە بەشێک بوو لە بەرنامە و پلانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لەسەردەمی (ئەنجومەنی حوكم)دا سەرۆک مام جەلال لە قۆناغی بونیادنانەوەی عێراقی نوێدا ئەو بەڵگانەی خستەڕوو، هەمووان بیریانە كە لە ڕۆژی (مورافەعە) گەورەكەدا مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە کەرکوک شارێکی کوردستانیە و بەدرێژایی ئەو قۆناغە سەختانە، هەر كورد و كوردستانی بووە، بەڵام شاری پێکەوەژیانە و کورد ئەیەوێ لەگەڵ پێکهاتەکانی تردا، ئەم شارە شارێکی ئاوەدان و سەقامگیر بێت. هەربۆیە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم شارەدا زۆرترینی دەنگەکان بەدەست دێنێت و دەبێتە هێزی یەکەم، چونکە یەکێتی هەر لەسەرەتاوە بەڵێنی بەم شارە داوە کە کەرکوک لە ستراتیژی یەکێتیدا ئەولەویەتە و هەرگیز سازش لەسەر کوردستانیبوونی ناکات و لە دواهەمین هەڵبژاردنیشدا زۆرترین کورسیەکانی بۆ کورد و بۆ خۆی مسۆگەرکرد و ئەوەش بە مافێکی رەوای دیموکراسی دەزانێ کە هەم بۆ کورد و هەم بۆ یەکێتی، وە دەبێ پارێزگار بۆ کورد بێت و لە نێو کوردیشدا بۆ یەکێتی، چونکە بەری ڕەنج و مێژووی قوربانیدان و خەباتی ڕۆڵە و شەهیدە نەمرەکانیەتی و بۆ یەکێتی و کەرکوک هەمیشە دوانەیەکی پێکەوەیین لەژێر سایە و سیاسەتە حەکیمانەکەی سەرۆک مام جەلالدا کەرکوک بە کوردستانیبوونی دەپارێزێت و دەیەوێت کەرکوک بە کوردستانیبونی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو کەرکوکیەکان و پێکهاتەکانی بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکات.
هەربۆیە هەر هەوڵ و رێككەوتنێكی ژێر بەژێر، هەر پیلانگێڕی و دەستتێكەڵاوكردنێك لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی بە ئامانجی گۆڕین و سەندنەوەی كەركوك لە كەركوكیەكان، نەك هەر قبوڵكراو نیە، بەڵكو خیانەتێكە و وەك زۆر پیلانگێڕی تر بە مایەپوچی دەمێنێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP