ئێستا بەڵگە فیلمێك بەناوی شاردنەوەی سەدام؛ لە شاشەكانی سینەمای كوردستان لە قۆناغی بڵاو كردنەوەدایە.
کە بەرهەمی تۆڕی میدیای رووداوە و دەرهێنەر هەڵكەوت مەستەفا سازی کردووە، ئەم بەڵگە فیلمە.. قسەی زۆر هەڵدەگرێت و گێڕانەوەكان لە دەمی كەسێكە بەناوی عەلا جوتیارێکی سونەیەو سەدامی بۆماوەی هەشت مانگ بە دڵسۆزی حەشارداوە ئیتر دیارنییە بە پارە حەشاری داوە یان وەک فیلمەکە باسی کردوە لە خۆشەویستیدابووە بۆ سەید رەئیس، ئەوەی جێگەی سەرنجە بێ هیچ بەڵگەیەك، فیلمەکە سەدام وەك دیكتاتۆرێكی ترسنۆكی كردۆتە پاڵەوانێكی پاكی نیشتمانی كە لەو زەمەنەدا خەریكی بەرەی مقاوەمەیە لە عێراق دژ بە داگیركاری وەستاوەتەوە لە کاتێکدا هەر ئەوکاتە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە عێراق سەرکردایەتی دژبەری ئەمریکای دەکرد.
ئەم فیلمە زیاتر هاوسۆزی دەربڕینە بۆ سەدام؛ كە بە یاسا لە عێراق پروپاگەندەکردن بۆ بەعس قەدەغەیە..!
فیلمەكە بەتەواوەتی سەدامی كردۆتە كارەكتەرێكی بەسۆزو نیشتمانی و خەم لە عێراقی و عێراقییەكان دەخوات و سازش بۆ داگیرکەرناکات.
بەگوێرەی گێڕانەوەكە نامەیەك بۆ سەدام دێت لە لایەن یەكێكە لە پیاوەكانییەوە كە بانگێشتی دەكات بۆ دانوستاندن و لەیەك تێگەیشتن بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەرێتەوە سەر دەسەڵات؛ لە راستیدا هیچ بابەتێكی دیكیۆمێنتی بۆ سەلماندنی ئەو خەیاڵە نییە لەکاتێکدا ٢٥ ملیۆن تەرخانکرابوو بۆ دۆزینەوەی سەدام لە لایەن دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکاوە..! فیلمەکە باس لەوە دەکات کە بەهۆی بەرەی مقاوەمەوە ئەمریکا ناچارە دەسەڵات بداتەوە بە عێراقییەکان و حکومەتیان بۆ دروستبکات. لە دیمەنێکی تر جوتیارەکە لەسەدام دەپرسێ بۆ ئەمریکا عێراقی داگیرکرد سەدام دەڵێت: لەبەر نەوت و چەکی کۆکوژی کە وادەزانن هەمانە؛ پێش ئەوەی ئەمریکابێت سەدام چەندین جار تەنازولی بە رادەستکردنی نەوتکردووە؛ بەڵام ئەمریکییەکان مەبەستیان بوو فۆڕمی دەسەڵاتداری لە عێراق بگۆڕن و دەرگای سەربەستی بکەنەوە کە بۆیەکەمینجار لە رێگەی دەنگدانەوە مۆزایکێکی سیاسی بۆ حکومڕانی لە عێراق دروستبوو.
جێگەی پرسیارە، تەواوی گرتە فیلمەكە باس لەوەدەكات كە سەدام ١٥٠هەزار سەربازی ئەمریكی بەدوایدا دەگەرێن و ئەویش ئەفسانەی خۆی لێ حەشاردەدات و تەنانەت جارێکیش چەکیان لێبەرزدەکاتەوە..! فیلمەكە بەو ئاراستەیە كاری لەسەر كراوە كە سۆزی خەڵك بەرەو لای سەدام ببات، فاشیستێكی وەك سەدام خۆشەویستی بكات، گەلێك دیمەنی تێدایە كە خەڵكی داوای گەڕانەوەی سەدام دەكەن؛ بۆ سەر دەسەڵات.
لە راستیدا لەو سەردەمە سەركردایەتی كورد بەچری كاری بۆ ئەوە كردووە كە عێراقی نوێ دروست بکات؛ هەرئەو سەركردایەتییەش بەشێكی سەركردە بەعسییەكانی دەستگیركرد، بابەتێكی تر هەیە كە هیچ باس نەكرا ئەویش ئەوەبوو كە یەكێتیی نیشتمانی بە سەركردایەتی كاك كۆسرەت رۆڵی لە دۆزینەوەی سەدام هەبوو لە چاڵەكەدا، تەواوی دۆزینەوەكەیان دایە دەست خەبەر دەرەكان و ئەمریكییەكان، ئەگەر بە دیقەتەوە سەیری ئەم فیلمە بكرێت؛ بۆ ئەم كاتەی كوردستان نەك خزمەت نییە.. بەڵكو روو سپی كردنەوەی بەعسی فاشیزمی عێراقییە كە سیو شەش ساڵ بە ئاگرو ئاسن حكومی كردو گەلانی عێراقی كردە قوربانی ویستی تاكەكەسی خۆی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP