شانازی بە خیانەت

مەسعود مەلا پەروێز
11:49 - 2024-09-01

تەنها نەتەوەی سەر گۆی ئەم زەمینەین داگیرکرا و چەوساوەین ،  تورک و عارەب و عەجەم خاک و عەقڵ وباوەڕیان داگیر کردووین، خاک و خۆڵ و زەوی داگیر بکرێت ئاساییە دەتوانی ڕۆژێک بە خەبات و قوربانیدان وەریبگریتەوە بەڵام کاتێ بیر و هۆشت داگیر دەکرێت و بە لاڕێدا دەبرێت لێرەدا کارەساتە ڕاستەقینەکە دەست پێدەکات، کاتێک ڕاستیەکانت لێ وون دەکرێت یان خۆت دەتەوێت گوومی بکەیت ، ئەمە تەنها پەیوەندی بەخوودی خۆتەوە هەیە چۆن دەڕوانیتە ڕووداوەکان ، بەڵام ناکرێ خیانەت بە شانازی بفرۆشیتەوە ، ئەمەیان چەواشە و بچووککردنەوەی بڕواکانی مرۆڤە تا ئاستی کۆیلایەتی، ئەگەر مرۆڤ ئەوەندە هۆشیاری نەتەوەیی نەبێت خیانەت و داگیرکاری لەیەک جیا بکاتەوە و کوێرانە دوایی هووتاف بکەوێت لێرەدا داگیرکاری هۆش و بیر دەست پێدەکات و هێندەی تر ئەم هەرێمە بەرەو تاریکی دەبات. بە داخەوە مێژووی کورد بێ بەش نیە لە یەکتر شکاندن. زۆر جار بۆ شکاندنی براکان، هاوشێوەی ٣١ی ئاب پەنا بۆ دووژمن براوە. بەڵام ئەوەی جێی گوومان و ئەسەفە دوایی ساڵانێکی زۆر و دنیایەک هیوای نەتەوەیی هێشتا لە قۆناغێکدا چەق ببەستی و وەک بڵێی دوێنێ بێت شانازی و هوتافی سەرکەوتن بۆ ٣١ی ئاب بچڕیت. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە سوود بە هیچ لایەک ناگەیەنێت و بەڵکو هێندەی تر پرۆسەی نەتەوەییمان پەک دەخات. گەر من خاوەنی ٣١ی ئاب بم، نەک هەر شانازی پێوە ناکەم بەڵکو پێم بکرێت لە مێژوو ڕەشی دەکەمەوە و هەرگیز باسی ناکەم.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP