لەساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کەرکوک جوانترین پیرۆزبای لە بەڕێوەبەران کاک عماد ناصح و کاک سۆران داودی و خوشک وبراکانم دەکەم لەکەناڵی کەرکوک بەدەرفەتی دەزانم لە ساڵیادی کەناڵە شرینەکەی مام چیرۆکی چونم بۆ کەناڵی کەرکوک باس بکەم .
ئێمە بەهۆی کوردبوونمان و بەهۆی ئەوەی باوکم پێشمەرگە بوو ! لە کەرکوک لە ساڵی ١٩٨٨ تەرحیل کراین چوینە هەولێر تا ساڵی ٢٠٠٩ لەوێ ژیانمان کرد دواتر خێزانەکەمان بریاریدا بگەرێتەوە شاری کەرکوک من ئەوکات تەمەنم ١٧ساڵ بوو خوێندکاری ئامادەیی بووم پەیامنێری رۆژنامەی هاووڵاتی بووم. ئێمە هەولێرمان خۆش دەویست لەوێ لەدایکبووم لەوێ خوێندنم کرد هاورێکانیشم هەر لەوێ بوون کاتی گەرانەوەمان بۆکەرکوک ئاسان نەبوو دووبارە لە ژینگەی نوێ ژیان بکەین زۆر بەقورسی کات دەرۆیی تا ئەوکاتەی براکەم وئامۆزاکەم پیشنیازیان کرد بێم لەکەناڵی کەرکوک وەک پەیامنێر کاربکەم ئەوکات بەرێز ئازاد جوندیانی لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن بوو. لەرێگەی کاک پەیام تەقتەقییەوە رەزامەندی لێپسراوی مەکتەبم وەرگرت بۆکارکردن من یەکەمجار کە چووم بۆ ئەو کەناڵە ئەوەندە بچوک بووم زەحمەت شتەکانم بۆ جیا کرایەوە. یەکەمجار کەتێستی منیان کرد کاک حازم لێپسراوی بەشی منداڵان پێشنیازی کرد بەهۆی بچوکیمەوە پێوستە من بەرنامەی مناڵان پێشکەش بکەم. بەلام من لە گەورەترین رۆژنامەی سەربەخۆ پەیامنێرب بووم توانای خۆم زیاتر دەبینی قبوڵم نەکرد لەبەختی من رادیۆی کەرکوک ئیف ئێم دامەزرا لەوێ وەک بێژەری هەواڵەکان وبەرنامەی بەیانیان دەستم بەکارکرد .
چیرۆکی من لێرەوە دەست پێدەکات
رۆژ بەرۆژ زیاتر کارەکەم خۆش دەویست من ١٥ساڵ ئەزموونی کارکردنم کرد لەوکەناڵە رۆژ بەرۆژ پێش دەکەوتم خۆ من هیچ کەس دەسگیرۆیی نەکردم کەسیش رێگای نیشان نەدام. هیچ خولێکی تایبەت بە کارەکەشم نەبینی بەڵام ئیرادەو حەزم هەبوو. هەموو قۆناغەکانم بڕی لە کارمەندەوە تا لێپسراوی گەورەترین بەش کەبەشی بەرنامەکان بوو، بەرزوو نزمی زۆرم بینی خەلکی باشم ناسی خوشک وبرای باشم هەبوو لەو کەناڵە
ئەوە شانازییەی بەمن بڕاوە
من یەکەم پێشکەشکاربووم کە کەناڵەکە بوو بەئاسمانی یەکەم بەرنامەم پێشکەش کرد. بیرم دێ کاک دلبەند مستەفا ئەوکات دەستەی ئامادەکاری دامەزراندنی کەناڵی کەرکوک بوو کاتی تێستی منیان کرد بۆ پێشکەشکاری وتیان دەنگی ناسکە بۆ پێشکەشکار نابێت کاک دلبەند وتی من تۆ دەکەم بەباشترین پێشکەشکار ئەوە هەرگیز لە بیر ناکەم.
یەکێکی تر لە شانازییەکان ئەوەیە رۆژێک ئێمە هاتینە سەر شاشە تیرۆر و تەقینەوە تەنگی بەو شارە هەڵچنیبوو ژنان لە دۆخیکی کۆمەڵایەتیدابوون لەبازارەکانیش بەکەمی دەبینران من بریارمدا لەگەڵ خاتوونە ئازاکانی تر بێمە سەر شاشە کە ئەمە بۆ کچ زۆر قورسبوو لەو سەردەمە
شانازیەکی تر سەدان و هەزاران بەرنامەی سیاسی کۆمەڵایەتی وخزمەتگوزاریم پێشکەشکرد
هەمووکات بیردەکەمەوە باشە من بۆ نەئەترسام دەستم بۆ هەندیک بابەت دەبرد قسەم لەسەر هەندئ بابەت دەکرد رۆژیک دەچووم بۆ سەنگەرەکان کە ترسناک وزەحمەتبوو هەموو ئەمانە شانازی بوون خەلکیش ناسناوی جوانیاندا بە من لەوکەناڵەوە کە تائیستاش فەخرن بۆ من ، زۆر جاریش رووبەرووی هەندێک ئاستەنگ دەبوومەوە لەوانە دوو رۆژ دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە ئاڵای کوردستانەوە بەرنامەم پێشکەش کرد کە بەراستی ئەوە کارێکی قورس بوو وە بووە هۆکاری ئەوەی داوای یاساییم لەسەر تۆمار بکەن ، بۆ سۆراخی پێشمەرگە دیلەکان لە حەویجە بەرنامەیەکم کرد ئەویش یەکێکی تر بوو لە کارە محاڵەکان کە بۆ هاوڵاتییەکی ئاسایی سەردانیکردنی حەویجە کارێکی زەحمەت بوو ، رووماڵی کاولکاری موسڵ لە بەرنامەیەکی تایبەت یەکێکی تر بوو لە سەرکێشییەکان بۆ ئەو کەناڵە و بۆ هەمیشەش شانازی پێوە ئەکەم
کارکردنم لەوکەنالە وەک ژنێک
من بەرزوو نزمی زۆرم بینی بەڵام یەکێتی وکارەکە لە خوێنمدابوو هەرگیز کاتێ لە پرسگەی ئەوکەناڵە دەچومە ژوورەوە بیرم دەچوو من ژنم وەک یەک تیم کارمان دەکرد من هەمووانم بەخوشک وبرا دەبینی قورسی زۆر هاتە رێگام بەڵام کۆڵم نەدا من لەگەڵ پینج بەرێوبەر کارم کرد رۆژێک دژایەتی هیچیانم نەکرد هەموویانم خۆش ویست وەک سەرۆکی خێزانی کەناڵی کەرکوک (کاک نزار و کاکرزگار و کاک دلێر و کاک شوان و کاک عيماد ) گۆرینی بەرێوبەرەکان بۆ ئێمە خۆش نەبوو بەڵام چونکە ئامانجمان کارکردنبوو هاوکاری دەبین بۆکاری تازە.
کەناڵی کەرکوکمان بەجێنەهێشت لەرووداوە ناخۆشەکان شەری داعش و قه يراني مووچە وشانزەی ئۆکتۆبەر کە کارکردن زۆر قورس بوو من وەک ژنێک بەشاهیدی هەمووان مامەوە لەسەرشاشە بەرگریم لەکوردبوون یەکیتی بوون کرد.
هیچ رۆژێ سزا نەدراوم لەوکەناڵە هەمیشە دەست خۆشیم لێکراوە خاونەی دەیان دەست خۆشیم هیچ کاتیش جگە لەمووچەکەم لە هیچ شتێک سودمەند نەبوومە هەرگیزیش چاوم لێنەبووە بیرمە لەپاش شانزەی ئۆکتۆبەر تەنها ١٥کارمەند مابووین کارماندەکرد. خەتی ئینتەرنیت بەهۆئ نەدانی پارە وەستابوو دۆخەکە بەجۆرئ خراپبوو نەمانتوانی روو لە هیچ کەس بنین بۆ پارە چونکە دۆخی کەرکوک گەورەتربوو لەگەل ( ئارازی برام )رۆشتینەوە ماڵ پارەمان هێنا لە گیرفانی خۆمان پارەی ئینتەرنێتماندا کە زیاتر لە چەند ملیۆنێک بوو جارێکی تر پرۆگرامم پێشکەشکرد بۆ رێکخراویک لەبەرامبەر باشی پرۆگرامەکە پارەیەکئ باش درا بە بەکەناڵەکە بەرێوبەری ئەوکات کات کاک رزگار بوو وتی پارەکە بدەن بە نێرگز من پارەکەم رەتکردەوە داوامکرد ستۆدیۆی بەیانی باشی پێ دروست بکەن هیچ رۆژئ شەرم لەسەر پاداشت نەکرد کارمەندی بەشی من هەمیشە لەرووی پاداشتکردنەوە یەکەم بوون خۆیان شاهیدن بۆ قسەکانم.
ئەورێگایە گوڵ رێژ نەبوو بۆمن هەزاران بەربەست تەنانەت قسەم هاتە سەر بەڵام هەمیشە فرمێسکەکانم دەسری ودەچومە شاشە و بەخەندەوە دەم وت بەیانی باش کەرکوک
ئێستا من سێ ساڵە دوورم لە کارکردن لەو کەناڵە بەهۆی خوێندنم هیچ کاتیش بیرناکەمەوە برۆمەوە بەهیچ ناو ناونیشانێک بەڵام ئەو ئەزموونە وەک تابلۆیەکی وینە کێشراو لەسەر ژیانم هەڵم واسیوە نرخەکەشی زۆر گرانبەهایە.ئێستا من ئەو نێرگزەم لەو خوێندنگایە گەورەبووم دەمەوی ماستەر لەیاسای راگەیاندن تەواو بکەم لەکەرکوک ببم بەخاوەنی کەناڵێکی سەربەخۆی کەرکوکیانە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP