زاهیر و باتن

ستران عەبدولڵا
10:07 - 2024-09-12

بە جەستە نەخۆشبوو ، بەڵام بە قسە خۆشەکانی هیچی نە دەسەلماند،
رابردووی نزیک چەند جار نەشتەرگەری کردبوو، بەڵام دوا لێدوانی نزیکی سەد وەعد و بەڵێنی بۆ دوارۆژی دیالۆگ لە کەرکوک دووپات دەکردەوە. زبر وەک دەست و وەک داستانی ژیانی و زەلال وەک خۆش مەجلیس و ئاوەدان وەک رۆخانەی لای خۆمان.
وابوو کە یەکێتییەکی پابەند و (جەلالییەک)ی بێ سێودووبوو، لە ناکاو بۆ چالاککردنی مێشک و ئەنارشیزمێکی خۆشمەشرەبانە چەند پرسیاری گوماناوی ریز دەکرد و ئینجا ئەی نووسی (تۆش شتێک بڵێ)
چی بڵێم زاهیر گیان ؟ سەد خەم و سەد خەون مابوو باسی بکەیت و لەگەڵ هاورێکانت شێری بکەیت.
دەیان نوکتەی قەدیمی مابوو بیگێریتەوە و دەیان بەزم مابوو لەسەری سەر بخەیتە سەر هاورێکانت و بیهۆنیتەوە.
هیلاک بووی و هەموو دەمانزانی ، بەڵام گفت و گوفتارت لەسەر تۆزێکی تر و دوایی و سبەی چاوی غافل کوژ دەکردین و زەینی گشتمانی پەرت دەکرد.
تومەز (زاهیر ) شتێکە و (باتن)ی رووداوەکان شتێکی تر ،
لە ناخەوە بۆ کەرکوک دەکوڵای و لە روخسارا پێکەنین و زەردەخەنە رێی لە دەرکەوتنی گەڵای خەم و پایزی درەنگ وەخت دەگرت.
خوا شاهیدە و سوێندت لەسەرم نییە ئامادەگیت لە ژیانمانا وا قوول و جاویدان و کوشندەیە کە هاورێمان تێلی کرد سبەی سەعات چەند بچین بۆ پرسەکە خەریک بوو بێژم بوێستە با پرسیار لە زاهیر بکەم.
ماڵئاوا براکەم ، خوا حافیز هەڤاڵ زاهیر رۆحت شاد بێت خزم!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP