هێرۆ خان؛ غەم لە کۆڵی هەمووان

شیلان سەعید
15:34 - 2024-09-15

هێرۆ خان؛ غەم لە کۆڵی هەمووان
شیلان سەعید*
سەرەتا دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ باسکردنی یەکترناسینی مام جەلال و هێرۆ خان مام دەڵێت: ھێرۆ خان منداڵ بوو دەیناسم, ساڵی (١٩٥٠) من ھاتمە سلێمانی مامۆستا ھەمزە لێرە بوو تازە لە سجن بەرببوو بوو, خاڵیەتی, ئەو ھاتبوو بۆ زیارەتی مامۆستا ھەمزە, ھێرۆ خانم دیت ئەو کاتە بچووک بوو. ئەم گێڕانەوەیەم لە چاوپێکەوتنی رادیۆی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٠ دا سازی کردبوو وەر گرت.

سەرۆک مام جەلال لە هەمان سەرچاوەی سەرەوەدا باس لە چۆنێتی بوونە هاوسەری هێرۆ خان دەکات "من پێشتر چەند ھەوڵێکم دا بۆ ژنھێنان ھیچی سەری نەگرت، ئاخرەکەی لە ساڵی  (١٩٦٥)دا بەڕەحمەت بێت ئەوەڵ کەس کە پێشنیازی بۆ کردم مەرحوم حلمی عەلی شەریف بوو، کۆمەڵێک مەتحی کرد و وتی جگە لەوەی کە کچی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە، کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەتی خۆیشی ھەیە. ئیتر لەساڵی (١٩٦٧) نیشانەم کرد.

منیش دەمەوێت باس لەو کۆمەڵە خاسیەتە بکەم کە مام دەڵێت "هێرۆ خان کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەتی ھەیە" و سەرۆک بافڵیش دەڵێت "هێرۆخان ژنە مهرەبانەکەی کوردایەتی" ئەم قسانە هیچی پێاهەڵدان نییە بۆ هێرۆخان زۆر لەم دووقسەیە گەورەترە مێژووەکەی شاهیدی دەدات بگرە مێژوو کەمتەرخەبووە لە ئاست کار، دڵسۆزی و گەورەیی هێرۆ خان و هەمیشە بەشایستەی خۆی هاتبوە پێشەوە و ببوە فریادڕەسی بزووتنەوەی یەكسانیخوازیی ژنان.

پاڵپشتی هێرۆ خان بۆ مام جەلال لە کاری حزبایەتی قەڵایەکی بەهێزبوو بەشدارییەکانی لە کۆنگرەکانی یەکێتی و کۆبوونەوەکان هێزی دەبەخشییەوە بە یەکێتیی یاخود بڵێن بەشدارییەکانی هێرۆخان چارەنووسسازبوون، ئەو کۆنگرە و کۆبوونەوانە وێستگەیەک دەبوون بۆ نوێبوونەوە، هەڵبەت ئەگەر هێرۆخان ئامادەیی لە هەر کۆنگرە  کۆبوونەوەیەک هەبووایە هیواى نوێبوونەوەکە زیاتر دەبوو .


قسەی جێی خۆی دەگرت هێمنى هێرۆ خان و کەم دوویەکەى زۆر زۆر بڵێى بێدەنگ دەکرد، بەڵام بۆ بڕیاردان هێرۆخان مەرجەع بوو قسەی یەکلایی کەرەوە بوو، باڵانسی دیموکراسی و بڕیاردانی لاسەنگ تەنها و تەنها هێرۆ خان راستی دەکردەوە بەردەوام قسەیەکیشی بۆ خزمەتی ژنان و هەڵسانەوەیان پێبوو، ناڕازییەکانى لە دەورى خۆى کۆدەکردەوە و بێدەنگی دەکردن، ئیدارەدانێکی بەهێزی هەبوو و بارە قورسەکەی لە کۆڵدەنا و تەرازووی هێزی راستدەکردەوە لە مامەڵەکردندا هێڵی سووری هەبوو بە رۆڵگێڕانێکى واقیعىیانە هەموو ئەمانە بە ئیلهام وەرگرتن لە بیری سەرۆک مام جەلال دەبووە سەرمەشقی رابەرایەتییکردن  بوو بۆ ژنانی کورد، شۆڕشگێڕان و یەکێتییەکان.


سەرۆک بافڵ لەبارەیەوە دەڵێت "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی شاخ و شار، پێشمەرگە و سیاسەتمەدار، جێدەستی لە بوژانەوەی فەرهەنگ و كولتوور دیارە و رۆڵی گەورەی هەبووە لە ئاوەدانی، پاڵپشتی ژنان، رۆشنبیران و هونەرمەندان، منداڵانی نەخۆش و بێسەرپەرشت". 

هەمیشە دەستواڵابووە بۆ ژنان و هێنانە پێشەوەیان، هاوکاری و یارمەتی ژنان لە کوێ پێویست ببوبێت هێرۆ خان لەوێ بووە بێجگە لەوەی بازووی میدیاکارانبوو و پرشنگی منداڵپارێزی کوردستان، سەنتەری گەنجان، خانەی بەساڵاچوان و لانەی پاراستنی ژنانی هەڕەشلێکراو  بوو... هەموو ئەمانە بوو وای کرد لە ساڵی ( 2016) بە یەکێک لە کاریگەرترین ژنانی جیهان دەستنیشانکرا کە لە ریزبەندی پێشەوەی (100) ژنە کاریگەرەکەی جیهان بوو بە ژمارە  ( 17 ). کە گۆڤاری ( SALT )ی ئەمەریکی دیاری کردبوو.

گەورەیی ئەم ژنە لەوەدایە بەڕێز سەعدی پیرە لە یادی لەدایکبوونیدا دەنووسێت "دەور و کاریگەریی جەنابتمان رۆژانە هەست پێدەکرد بە قسەخۆش و نەرمەکانت بە ئامادەبوونت و حزورت ماندووبوونی فەرماندەکان و بەرپرسانت دەڕەواندەوە".
منیش دەڵێم بوونت بۆ هەمووان پێویستە، غەم لە کۆڵی هەمووانیت هیوای لەشساغی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازم.

*گارگێڕیی مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕینی یەکێتی و لێپرسراوی وەرزش و لاوانی رانیە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP