رۆژەکە بکەینە رۆژی حەشر
رۆژی مەولوی پێغەمبەر
لەبەر رەنجی فەرهادی سەرۆک مام جەلال و خەریتە عوسمانییەکەی مەجلسی حوکم.
بە خۆشی چاوی مورافەعە گەورەکەی مەشهوری گشت عالەمە.
لەبەر خاتری حیبری نفوسی شەهید عەلی عەسکەری و بۆ نوکە قەڵەمەکەی کە نەیهێشت خانەی کوردم بە تەعریب و تۆرانی پڕ بکرێتەوە.
لەبەر تەلی گیتاری ئازاد هەورامی کە سەد ئاوازی بۆ هەورامان و گەرمیان چڕیووە.
خزمەکان ، قەوم و قیلەی ئاوەدان
ئێمە دەبێ لە رۆژی حەشری ژماردن و و بەرەکەتی زۆریماندا خۆمان حەسر و تەرقیم و ئیحسا بکەین.
رۆژەکەی دانراوە با وەک شاییەکەی ساڵی ١٩٥٧ ، وەک گەنم و جۆ و دانەوێڵەی دەشتی گەرمیان با خۆمان بخەینە بەر لێزمەی ناونوسین و مۆرکردن و بەر رەحمەتی کوردستانێتی و کەرکوکێتییەوە. با وا بکەین تا حەمرین لە دوا رۆژی خۆی دڵنیا بێت.
لەبەر خاتری خوێنی گەشی شەهیدەکانمان، لەبەر جامانەی بۆن گوڵاوی پێشمەرگەکانی تیپی بیستویەکی کەرکوک و دامەنی پاکی کۆمیتەی ئاگر.
ئێمە لە ماڵی قەدیمی خۆمان، لەبەر کەپر و کەلاوەی تەرحیل و تەعریبمان، پێکەوە حازرین تا بە سینەی سافەوە بێژین عرز خڕەو و هەموو رێگاکان بۆ کەرکوکمان دەباتەوە.
با لەبەر قەرەباڵەغی کورد، کورد بە کورد بڵێ رێم بکەوە با برۆم.
ئێمە هەر لە ئێستاوە، لە شەبەقییەوە، لە گزنگەوە تا دەفتەر و تۆماری فەرمانبەر رەش دەبێتەوە لە سەنگەری قەید و قەڵەم و (مقەیەتی) ناسنامەی خۆمانین.
گشتمان وا بکەین تا سەد موحافزی تر هەر لە خۆمان و بۆ خۆمان بێت.
خوێنمان بۆ داوە و چاومان لە هیچ نەبوو، دەنگمان بۆ دا و لێی پەشیمان نەبووین ئیتر ئێستا سەرژمێری و ترپەی دڵژمێری و برژانگژمێری چییە تا کۆڵی لێ بدەین و بەخیلی تیا بکەین.
لەبەر خاتری گشت ئەوانە سەد سەرژمێری تر بکەن لەوێین و لەوێ دەبین و لەوێ مێژوو بۆ مێژوو تۆمار دەکەین.
رۆژەکەی سەرژمێری دەکەینە مەولوی خۆشی و جەژنی گەردەن ئازادی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP