وتارەكەی بافڵ تاڵەبانی و ئاسۆ نوێیەكان

پێشەوا چۆمانی
19:08 - 2024-10-06

پێشەوا چۆمانی

رەنگە بەشێكیش لەوانەی لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دانیشتبوون لەو پەیامانە تێنەگەیشتبن لەنێو وتارەكەیدا هەبوون. بەشێكیان هۆشیان بەلای دروشم و حەماسەتی نێو قسەكانییەوە بووبێت و بەشێكیشیان پێكەنیبن.

بەڵام ئەوەی لەو وتارەدا هەبوو جۆرێك بوو لە ئاماژەدان بە ئاسۆی دونیایەكی نوێ. 

كاتێك دەڵێت: "مەسرور بارزانی لە هەژماری من خانەنشینییەكەی وەربگرێت" ئەمە نوكتەیەك نییە بۆ پێكەنین و دروشم و هوتافێك نییە بۆ ئەوەی لەگەڵ بیستنی هاوار بكەن، بەڵكو ئەوەی ئەم ئاماژە سیاسییە پێویستیەتی خۆئامادەكردنە بۆ ئەو دونیا تازەیە.

بیرمە كاتێك مەسعود بارزانی دوای چەند ساڵێك لە درێژكردنەوەی سەرۆكایەتییەی دواجار كەنارگیركرا، خەڵك، بە تایبەت جەماوەری پارتی، بە هیچ شێوەیەك ئەو ئاسۆ تازەیایان نەبینی كە دەبوو ببینرێت. ئاسۆیەك كە زۆربەی خەڵكی كوردستان خواستی بوو و لای پارتییەكانیش وا خەیاڵ دەكرا، هەرگیز ئەمە ڕوونادات.

ئەو كاردانەوانەی بەرانبەر ئەو وتارەش كەوتنەوە و دەكەونەوە ئەوەمان نیشان دەدەن هێشتا ئەو وەهمە، ئەو بە پیرۆزكردنە ئەبەدیە لە زیهنی خەڵكانێك تەواو نەبووە. هێشتا پێیان وایە ئەو چەقبەستووییە ژیانە ڕاستەقینەكەمانە و دەبێ هەر وا بژین. هاوشێوەی ئەشكەوتەكەی ئەفلاتوون. پێیان وایە ئەو سێبەرانەی بەسەر دیواری ئەشكەوەتەوە دەیبینن حەقیقەتی شتەكانە تا ئەو كاتەی یەكێكیان زنجیر دەپچڕێنێت و دێت پێیان دەڵێ حەقیقەت لە شوێنێكی ترە. بافڵ تاڵەبانی جاڕی ئەو حەقیقەتە دەدات، ئەو تەڵسمە تێكدەشكێنێت كە پێی وایە دەبێ كەسانێك تا لە ژیاندا ماون هەمیشە دەبێ سەردار و سەرۆك و حوكمبەدەستی ئەم وڵاتە بن. 

ئەو لەو سێبەرانە ڕادەپەڕێت كە تا ئێستا وەك حەقیقەت، وەك سەرۆك، وەك ڕێبەر، وەك دەسەڵەتدار، حیزبی ڕێبەر، بێ ڕكابەر و هەمیشە براوە و نیشتمانی خۆیان وێنا كردووە و لە پشت هەموو ئەو ماسكانەوە چارەنووسی گەلێكیان ئەگەر نەگلاندبێت، تا لێواری گلان و لەدەستچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بردووە.

لە هەر وڵاتێك و  لەنێو هەر كۆمەڵگەیەكدا وەهم و پیرۆزكردن ڕەواجی پێ بدرێت و لە پشتیشەوە كردار وڕەفتاری پێچەوانەی هەر بانگەشەیەكی ئارامی و ئاوەدانی و پێكەوەیی و خۆڕاگری بەرز بكرێتەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە زنجیرپسێنێكی هاوشێوەی زنجیرپسێنەكەی نێو ئەشكەوتەكەی ئەفڵاتوون دەبێت بۆ ئەوەی بە خەڵك بڵێت؛ ئەوەی لەژێر هەر دروشمێكی ڕازاوە پێتان دەفرۆشرێتەوە تاڵانكردنتانە.

بافڵ تاڵەبانی دێت و دەڵێت دنیایەكی تر هەیە، دەڵێت ئایندەتان بەهەدەر براوە و ئێستاتان لە گەمارۆی ویستی تاكەكەس و بەرژەوەندی تەسكی شەخسی و حیزبی حوكمبەدەستانی كوردستان دایە و داهاتووشتان لێڵ و تاریك و ناڕوون و نادیار دەكەن.

تێكشكاندنی ئەو وەهمە هەرگیز ئاسان نەبووە. چونكە تا ئێرە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەر هەوڵێكی دابێت بۆ تێكشكاندنی ئەو وەهمە و هەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەیان، ڕووبەڕووی زەبرێكی ناوخۆیی لە دەرەوە ئاڕاستەكراو بووەتەوە. كەسانێك كراونەتە كرمی نێو قەدی داری بەردار و كەسانێكیش بۆ درێژەدان بە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان لێی تەكاونەتەوە. 

ئێستا دوای ئەوەی یەكێتی چووەتە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، بوێرانە دەڵێ: "ڕێڕەوی حوكمڕانی كوردستان ڕاست دەكەینەوە" ڕەنگە لە ئێستاوە ئەو دروشمە ئومێدێكی پێشوەختەمان پێ بدات، بەوەی ئەزموونی ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵات لەناو حیزبەكەی كرد و بەدی هێنا، ئێستا نۆرەی ڕێڕەوی حوكمڕانییە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.

ڕەنگە ئەوانەی لە بەرانبەر خانەنشینبوونی مەسرور بارزانی تووشی هیستریا دەبن، لە هەمووان زیاتر تووشی ئەو وەهمە بووبن، كە دەبێ سەركردە ئەبەدی بێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP