یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند پێی باش بێت لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەم، سەركەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوەندەش مەبەستێتی خودی هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بێت و دوور بێت لە توندوتیژی و كەموكوڕی و دەستتێوەردان لە دەرئەنجامەكانی.
پرۆسەی هەڵبژاردن؛ پرۆسەیەكی دیموكراسییە و كۆڵەكەیەكی بنەڕەتییە لە سیستمی دیموكراسیی جیهاندا، ئەگەرچی بە حوكمی داگیركردنی كوردستان و بوونی دەسەڵاتی دیكتاتۆریی بەعس و دواكەوتنی فەرهەنگی و كەلتوری، ئەم پرۆسەیە لە خەباتی سیاسی لە عیراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا تازەیە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوودا.
چەند پرۆسەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و بە میكانیزمێكی تۆكمە و زانستی و بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی تر ئەنجام بدرێت، خەڵك زیاتر شارەزا دەبێت و دەزانێت دەنگ بە كام لیست و كاندید بدات، بۆ ئەوەی داواكاری و خواستە رەواكانی بەدەست و بەدیبهێنێت.
بێگومان هەتا ئەزموونی دیموكراسی بەرەوژوور بڕوات، كەموكوڕییەكانی پرۆسەكە كەمتر دەبێت، خۆشبەختانە خول بە خول پرۆسەكە ئەگەرچی خاویش بێت، بەرەو پێشەوە دەڕوات.
ئەگەر بەراوردی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمان بكەین لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی تردا، لە شێوە و ناوەڕۆكیدا جیاوازە، بە نموونە بانگەوازەكان توند و بەرنامەی لیستەكانیش جیاوازن، بۆیە سەرنج و بایەخی دەنگدەران بە پرۆسەكە زیاتر بووە. ئەم جارە (شوكر وشیارە مەحوی)...! خەڵك زیاتر دەزانێت دەنگ بە كام لایەن و لیست دەدات و كردار لە گوفتار جیادەكاتەوە.
لێرەدا گرنگە بە گشت توانامانەوە و لە هەموو ئاست و دەزگاكانمانەوە هەوڵی سەركەوتنی لیستی (١٢٩) بدەین، بۆ ئەوەی خەڵك بەشێوەیەكی بەرفراوان هاوبەشیی لەم هەڵبژاردنەدا بكەن و بتوانرێت شێوازی حوكمڕانی لە كوردستاندا بگۆڕدرێت. بە ئومێدی ئەوەی ئەم هەنگاوە جۆرێك لە خزمەتكردنی گەل و نیشتمان بێت كە خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ هەمووان فەراهەم بكات.
ئەوەی ئەم جارە روون و ئاشكرایە، بەشداریكردنی بەرفراوان و بوونی حەماسەتی گەنجان و لاوان و ژنانە بۆ سەركەوتنی یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا. جەماوەری یەكێتی ئەم جارە بە ئومێدترە و چاوەڕوانی گۆڕانكاریی بنچینەییە لە سیستمی حوكمڕانی و بەدیهێنانی دەسەڵاتێكی راستەقینە لەپێناوی خزمەتی گەل و نیشتماندا.
پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا ورد و رۆشنترە بەجۆرێك رەنگدانەوەی خواست و داواكاریی خەڵك و رەنجدەرانی بیروبازوو و زۆرینەی كەرتە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی وەرچەرخاوی كوردستانە.
خوایە ئێمەمانان چەند خۆشحاڵ دەبین كە توانا و هێزی گەنجان و لاوانی یەكێتی بە هەردوو رەگەزەوە دەبینین لەگەڵ نەوە و كەسوكاری شەهیدان و نەوە دێرینەكان دەست لەناودەست هەڵمەتی بانگەشەی حزبەكەیان بەڕێوەدەبەن بە ئامانجی سەرخستنی لیستی (١٢٩)ی (ی.ن.ك).
نهێنی هێزیی رێبازەكەی مام جەلال، لە پشتیوانی و دڵسۆزیی جەماوەری لەبننەهاتووی یەكێتییە، كە زۆرینەی جەماوەری كوردستانی گرتووەتەوە، ئەم جارە پەیامی یەكێتی روون و ئاشكرایە بۆ گۆڕین و گۆڕانكاری لەشێوەی حوكمڕانی لە هەرێم لەپێناوی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
ئەم جارە یەكێتی یەك دەست و یەك دەنگ و یەك رەنگە لە سەرەوە تا خوارەوە.
ئەم جارە پێشوەخت زەمینەی سەركەوتن ئامادەكراوە لەلایەن سەركردایەتیی یەكێتییەوە.
ئەوەی ماوە بیڵێن: هەموو بەیەكەوە بڕۆین بۆ كەرنەڤاڵی سەركەوتن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی سەربەرزتر بكەین و میللەتەكەمان بۆ لووتكەی سەركەوتنێكی دیكە ببەین.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP