یەکێتى کۆتایی بە چی دەهێنێت؟

په‌روین بابه‌كر
19:40 - 2024-10-16

دروشمى یەکێتى بۆ ئەم بانگەشەیە، دروشمى ڕووخاندن و وێرانکارى نییە، بە پێچەوانەى ئەوەى نەیارەکان بانگەشەى بۆ دەکەن و تانەى لێ دەدەن، یەکێتى پەیامەکەى ڕوونە، یەکێتى کۆتایی بە هەموو ئەو ناشرینى و نەنگیانە دەهێنێت، کە بەرۆکى هەرێمەکەمانى گرتۆتەوە و لە جێگاى برەو بە جوانییەکان و هەموو ئەو کارە باشانە دەدات، کە خزمەت بە هەمووان دەکات. 
یەکێتى، کۆتایی بە جیاکارى و جیاوازى نێوان ناوچەکان دەهێنێت. کۆتایی بە پەراوێزخستن و وەلانانى ناوچەیەک دەهێنێت، کە بە دڵى لایەنێکى تر نەبێت. یەکێتى کۆتایی بەو سنورە دەستکردانە دەهێنێت، کە بەهۆى بیرى تەسکى حیزبایەتییەوە بوون بە سنور و ناوچە و شار و دەڤەرەکانى پێ مەحروم کراوە لە خزمەتگوزارى و لە خزمەت، لەبرى ئەوە یەکێتى هەرێمێکى یەکپارچە و یەکسان لەنێوان ناوچەکان و هاوڵاتیاندا برەو پێدەدات. 
یەکێتى کۆتایی بە سیاسەتى هەڵەى نەوت و گاز دەهێنێت، کە خۆى لە فرۆشتن و بە هەدەردانى ئەو سامانەدا دەبینێتەوە، لە جێگاى سیاسەتێکى روون و تەواوەتى وزە پەیڕەو دەکات، کە لە خزمەتى هەموو کوردستاندا بێت. 
یەکێتى کۆتایی بە خۆسەپاندن دەهێنێت، کە بە ناوى زۆرینە و پاڵپشت بە دەنگى کەمە نەتەوایەتییەکان و ئیستیغلال کردنی دەسەڵات، هەر بڕیارێک بە خواست و ویستى خۆیان بێت تێیدەپەڕێنن لەجیاتى ئەوە یەکێتى پەیڕەوى یەکێتى بڕیار دەکات و هەمووان بەشدارى پێ دەکات. 
یەکێتى، کۆتایی بە ئیحتیکار و دەستبەسەرگرتنى مووچە و بودجە دەهێنێت، لەبەرامبەردا کار بۆ زەمانکردنى مووچەى هاوڵاتیان دەکات و بودجەى پارێزگاکان جێگیر دەکات، تا چیتر هاوڵاتیان نەهامەتى نەبوونى مووچە و بودجە نەچێژن. 
یەکێتى، کۆتایی بە دەستێوەردان و تەراتێنی درۆن و کوشت و بڕى هاوڵاتیانمان دەهێنێت، لەبرى ئەوە سەروەرى بۆ خاکى هەرێمى کوردستان دەگەڕێنێتەوە.
یەکێتى کۆتایی ناهێنێت، بە شانازییەک کە خۆى دروستى کردووە، کۆتایی ناهێنێت بە مێژوویەکى پرشنگدار کە پشکى شێر بەرخۆى دەکەوێت، یەکێتى بە شێوازێکى مەدەنیانە و لە رێگەى دەنگدانەوە کۆتایی بە خراپیەکان دەهێنێت و برەو بە باشییەکان دەدات. 
بۆیە لە پێناو کۆتایی هێنان بە خراپییەکان و برەودان بە کارەباشەکان، دەبێت هەمووان دەنگ بە یەکێتى بدەین، کاتێک یەکێتى بە دەنگى ئێوە بوو بە زۆرینە و توانى حکومەتێکى گشتگیر و هەمەلایەن پێک بهێنێت، ئەوکات دەبینین هەرێمەکەمان چۆن بەهێز دەبێت، بە تەنها هەرێمێکى بەهێز زامنى مافى نەتەوەکەمان دەکات. 

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP