سەرۆك بافڵ کەشتییەکەی گەیاندە کەنار

بارزان شێخ عوسمان
16:01 - 2024-10-23

گەلی کوردستان، بەتایبەتیی دەنگدەرەکانی نمونەیەکی جوانی دیموکراسیی پێشکەش کرد لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستاندا .

هەمومان سەدان وتار و لێدوانمان خوێندەوە و بەرگوێمان کەوت سەبارەت بە کۆتایی پرۆسەکە و رێکوپێکیەکەی. بۆیە دوبارەیان ناکەمەوە .

ئەوەی بەلای بەندەوە گرنگە زیاتر روناکیی بخەمە سەر، ئەو رۆڵە گرنگەی سەرۆك بافڵ مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە پرۆسە دیموکراسییەدا .
بەڕێزیان شێوازێکی نوێی بەکارهێنا لە بانگەشەکەدا، کە ئەوانیتریش چاویان لێکرد، بەڵام هیچ کامیان لەو لایەنانە نەیاتوانی  ئەو رۆڵە بگێڕن .

سەرۆك بافڵ کە ئەرکی قورسی سەرۆکایەتیی (ی،ن،ك) ی کەوتە سەرشان هیچ هەلومەرجێکی سیاسیی، ئابوریی، فەرهەنگیی،کۆمەڵایەتیی تەنانەت تەندروستییش لەبار نەبوون، نەك هەر لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو ناوچەکە و جیهانیش .

پەتای کۆڤید ١٩ (کۆرۆنا) ، شەڕ و گرژییەکانی سوریا، شەڕو گوشارەکانی تورکیا لە سوریا و کوررستانی عێراق، لێکەوتەکانی ریفراندۆم و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ و پێگەی خراپی هەرێمەکەمان لە ناوچەکەدا، کێشەی نەوت و گازی کوردستانی عێراق ئەوانەو سەدان کێشەی تر لە ئارادا بون. ئەوەش لەوێ بوەستێت کە خودی (ی،ن،ك) لە ناو بازنەیەکەی پڕ کێشمەکێشم دەخولایەوە، ناوخۆی حزب ململانێ و فرە جەمسەر خەریك بو دای دەخوراند، گوشارێکی جەماوەریی و سیاسیی  هەمەلایەنە ی لەسەر بوو .

ئەو  گۆچانی سیحریی بەدەستەوە نەبوو، بەڵام زۆر ژیرانە، وەك کەسێکی بە ئەزمون، سەرباری ئاڵنگارییەکان بە هاریکاریی دڵسۆزانی ناو سەرکردایەتیی و ئۆرگانەکانی دیکەی (ی،ن،ك) رووبەڕووی هەموو ئەو کێشانە بوەوە کە دەیتوانی چارەسەریان بکات و سەرۆك بافڵ، خۆشبەختانە بە سەرکەوتوییەکی بەرچاو قۆناغ و وێستگەکانی ئەو تاقیکردنەوە قورس و دژوارەی بڕی .

لەو روانگەیەوە دەتوانین ئاماژە بۆ ئەو راستییە بکەین، ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان  کە لیستی (ی،ن،ك) سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێنا و سنوری ژمارەکانی سێ خولی رابردوی ئەو هەڵبژاردنانەی تێپەڕاند، بەرهەمی هەوڵ و تەقەللای سەرۆك بافڵ بو  کە هەمو هەڤاڵەکانیشی هاوکار و پشتیوان بوون و کەشتییەکەیان دایە دەست ئەو، ئەویش بە سەلامەتیی لە کەنارەکە لەنگەری پێگرت.

فاکتەری سەرکەوتنی دیاری لیستەکانی تریش لە بازنەی سلێمانی هەر جێ دەستی سەرۆك بافڵ و هاوکارەکانی پێوە دیارە، بەوەی فەزایەکی ئازادیی و تەواویان هەبوە بۆ بانگەشە تەنانەت لیستێکیان بۆ زیاتر ورژاندن و پەیدا کردنی دەنگ هەمو مۆراڵێکی سیاسیی و دیموکراسیی بەزاندبوو ئیدعای هەڵواسینی شەخسی سەرۆك بافڵی لەبەردەرکی سەرا، ئەوانیتریش ئەگەر خراپتریان نەوتبێت، باشیان نەدەوت. بە جۆرێک ئازادییان بۆ فەراهەم کرابوو، کە چەمکی کودەتای دیموکراسیی پەیڕەو بکەن ،بەوەی خۆیان هەرچی دەنگێك بەدەست بهێنن رەوایە و مافی خۆیانە، بەڵام ئەگەر (ی،ن،ك) یەك دەنگیش بهێنێت ناڕەوایە و تەزویر و لەژێر گوشار و هەڕەشەدایە، وەك ئەوەی  (ی،ن،ك) هیچ ئەندام و جەماوەرێکی نەبێت .

بە واتایەکی تر لەم پرۆسەیەدا ئەو راستییە زیاتر بەرجەستە بو کە سەرۆك بافڵ هەم ئیدارەیەکی شارەزایانەو کارامەی کەمپینی هەڵبژاردنەکەی دا، هەم جارێکیتر ئەو خەون و خەیاڵە پوچەی شکست پێهێنا کە ئیتر (ی،ن،ك) بوەتە پۆڕی خوراو. بەمەش  واتە بە زیاتر بونی دەنگەکان راستییەکان زیاتر بەرجەستە دەبن، پێگە و قورسایی (ی،ن،ك) لە ئاستەکانی حزبیی، جەماوەریی، کوردستانیی، عێراقیی، ئیقلیمیی و جیهانیی حساب بۆ کراوە و نادیدە ناگیرێت، بۆیە ئێستا لە هەر کات زیاتر  (ی،ن،ك) هاوکێشەکان رادەگرێت و پێشەنگی گۆڕانکارییەکانە لە هەمو ئاستەکاندا لەوانە سیستمی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا .

ئەوەش لە  سایەی ئەو سیاسەت و هەنگاوانەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیەوە کە کەشتییەکەی بە سەلامەتیی گەیاندە کەنار سەباری شەپۆل و زریانی توند بەهێز.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP