بۆ یەکەمجار لەکوردستان پەرلەمان ئەتوانێت دەرگای حکومەت قفل بکات

نیاز سەعید عەلی
11:54 - 2024-11-13


پەرلەمانی خولی شەشەم، جیاوازتر لەهەموو خولەکانی ڕابردوو؛ ئەو پەرلەمانەیە کە بۆ یەکەمجار، هیچ فراکسیۆنێک بە تەنیا و بە شایستەیی کورسیەکانی خۆی؛ ناتوانێت ببێت بە خاوەنی (پەنجا زائید یەک)ی کورسیەکان .
لەم خولەی پەرلەماندا؛ مەودای نێوان هێزە سیاسیە خاوەن کورسیەکان، بەهۆی جیهانبینی و بەرژەوەندیی جیاواز و ئاراستەی کارکردن و ناکۆکییە قوڵەکانی ڕابردووەوە؛ بریتیە لەدابڕان و دووری و نەبوونی متمانە، بەتایبەتی بەهۆی ئەزموونەکانی ڕابردوو و ترس و نیگەرانیەکان؛ لەدووبارەبوونەوە و درێژەپێدان بەو مۆدێلی تاکڕەویی و قۆرخکاریەی کە لەڕابردوودا، بەهۆی هەژموونی (پ د ک) بەسەر پەرلەماندا؛ بووبووە ئاراستەی تاکلایەنەی کارکردنی حکومەت .
هێزە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان؛ بەدەر لە(پ د ک)، هەموویان لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا؛ بەشێوازێکی ڕیشەیی و ڕادیکاڵ، بەڕەهایی و بە ئاشکرا؛ مۆدێلی پێشووی سیستەمی فەرمانڕەواییان ڕەت ئەکردەوە و دروشمی ئەلتەرناتیڤیان ئەخستەڕوو .
بەم پێودانگە ئەتوانین بڵێین؛ زۆرینەی لە سەروو (پەنجا زائید یەک)ی ناو پەرلەمان، دژی مۆدێل و شێوازی کارکردنی حکومەتی پێشوون، لەبەر ئەوە ئەو هێزە سیاسیانە ناتوانن و ئامادە نین؛ هەمان ئەزموونی بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لەحکومەت دووبارە بکەنەوە؛ کە لەهەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لەڕووی تیۆری پەیام و دروشمی (ئەیگۆڕین)یان بەرزکردبووەوە و بە پراکتیکیش؛ بەشداریان لەپاراستن و درێژەپێدان بە هەمان ئەزموونی فەرمانڕەوایی کرد .
هێزە سیاسیەکان بەلەبەرچاوگرتنی وادەی کەمتر لەساڵێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لەترسی هەڵوێستی پێچەوانە و کاردانەوەی خراپی دەنگدەرەکانیان؛ ناتوانن لەژێر هیچ گووشار و فشار و سازشێکدا، بە ئاسانی و بە چەشنی پێکهێنانی حکومەتەکانی ڕابردوو، بڕیاری بەشداریکردن لەحکومەت بدەن؛ بەو شێوەیەی کە (پ د ک)، ئەیەوێت درێژەی پێبدات، مەگەر لەیەک ئەگەردا، ئەویش گۆڕینی میکانیزم و پرانسیپی پێکەوە کارکردن؛ لە(بەشداریکردن)ەوە  بۆ (هاوبەشیکردنی ڕاستەقینە) .
لەم سۆنگەیەوە ئەگەر حکومەتی داهاتوو، لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی قۆرخکاری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و هاوبەشیکردنی ڕاستەقینە، لەناو ناوەندی بڕیار و لەناو جومگە بەهێزەکانی سیستەمی فەرمانڕەوایی پێکبێت؛ ئەوا پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت، نە ئاڵۆز و دژوار و ئەستەم ئەبێت، نە پێویستی بە کاتێکی درێژخایەن ئەبێت، بەڵام پێویستی بە هۆشداری و درککرن بە دیفاکتۆی جیاوازی ڕەوشی سیاسیی تازەی هەنووکەیی و لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریە ئەبێت؛ کە بەسەر هاوسەنگیی هێزدا هاتووە؛ شانبەشانی ئەو وەرچەرخانانەی کە بەسەر دید و جیهانبینی و هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانی تردا هاتووە و چیتر ئامادە نین، لەبری هاوبەشیکردنی کاریگەر لەحکومەت؛ سازش لەسەر بەشداریکردنێکی ڕوواڵەتی بکەن !
ئەمە بەدەر لەوەی کە بۆ یەکەم جارە؛ زەمینەی زیاتر لەسیناریۆیەک و لەئارادابوونی زیاتر لەبژاردەیەک، بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕەخساوە و هێزە سیاسیەکانی تر، ئەتوانن بیقۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ وەک چۆن لەپێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و دیالە و دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای نەینەوادا گیرایەبەر و هیچ کۆسپێکی یاسایی و دەستووری و هیچ جۆرە ڕێکارێکی تری نەهاتە بەردەم، ئەگەر بێتە بەردەمیشی؛ ئەوا دادگای باڵای دەستووری عێراق، وەکو دیفاکتۆ بە بڕیار؛ حکومەتی ناوەندی لەبەغدا ناچار ئەکات، بە پابەندبوون بە دانپیانان و مامەڵەکردنی یاسایی و کارگێڕی و دارایی؛ لەگەڵ هەر فراکسیۆن و حکومەتێک، کە لەسەر بنەمای (پەنجا زائید یەک) پێکهاتبێت ! .


پەرلەمانی ئەمجارە !
پەرلەمانی ئەمجارە چەندین خەسڵەتی جیاوازی هەیە؛ کە نەخش و کاریگەری دروست ئەکات لەسەر ئاست و جۆر و سروشتیی پەیوەندیی نێوان پەرلەمان و حکومەت؛ لەگەڵ هێزە سیاسیە بەشداربووەکان .
ئەم کاریگەریە بە ئاشکرا ڕەنگ ئەداتەوە و کارلێکی ئەبێت؛ لەسەر شێوازی پێکهێنان و ئاراستەی کارکردنی حکومەت، هەروەها لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ڕۆڵ و ئەرکەکانی پەرلەمان، یان پەیوەندیی لەنێوان پەرلەمان و حکومەت، بەهەمانشێوە پەیوەندی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لەبەغدا .
هەندێک لەخەسڵەتە تازەکانی ئەم خولەی پەرلەمان بریتین لە :
١- بەهۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز؛ پەرلەمان بۆ یەکەمجار بە پراکتیکی ئەبێتە خاوەنی بژاردەی کشانەوەی متمانە لەحکومەت و هەر کات بیەوێت ئەتوانێت بە زۆرینەی (پەنجا زائید یەک)؛ بڕیاری جێبەجێکردنی بدات، هەر بۆیە حکومەتی داهاتوو، بەردەوام ئەکەوێتە بەردەمی هەڕەشە و گریمانەی سەندنەوەی متمانە؛ لەلایەن پەرلەمان .
٢- بە پێچەوانەی ڕابردوو، پەرلەمانی داهاتوو ناتوانێت بە بڕیاری خۆی؛ تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە .
٣- جیاوازتر لەخولەکانی پێشوو؛ پەرلەمانی داهاتوو ناکەوێتە ژێر هەژموون و ئاراستە و کاریگەری و دەستتێوەردانی هیچ هێزیکی سیاسی، بێجگە لە(دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق) .
٤- هیچ سەرکردە و هێزێکی سیاسی ناتوانێت بە بڕیار، جارێکی تر دەرگای پەرلەمان دابخات، بەڵکو بەگوێرەی خاڵی یەکەم؛ ئەمجارە پەرلەمان ئەتوانێت دەرگای حکومەت دابخات .
٥- لەم خولەی پەرلەماندا، بە ئاسانی ئەتواندرێت سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان؛ بانگهێشت بکرێن بۆ لێپرسینەوە و ڕوونکردنەوە، یان بۆ سۆراخ و بەدواداچوونی هەر کەیس و دۆسیەیەکی هەستیار و وروژاو .
٦- پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو، جیاوازتر لەدوو خولی ڕابردوو؛ ئەتوانن ساڵانە یاسای بوودجەی حکومەت دابڕێژن، بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق .
٧- کارکردن بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی و دادپەروەریی جوگرافی و بەگژداچوونەوە و ڕاگرتنی سیاسەتی جیاکاریی حکومەت لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و پەراوێزخستنی هەندێکیان؛ ئەبێتە ئەرکێکی تری پەرلەمان .
٨- شەفافکردنی سەرجەم داهاتەکان، شەفافکردنی سەرجەم گرێبەستەکانی نەوت، سۆراخ و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەدیاردەی گەندەڵیی ئابووری و قەرزەکانی حکومەت و لیستەکانی مووچە؛ ئەبنە ئەرکی سەرەکیی پەرلەمانی تازە .
٩- لەقۆناغی تازەی کاری پەرلەمانی کوردستاندا؛ پێویستە هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمان و حکومەتی عێراق بکرێت؛ بۆ بابەت و پرسی هاوبەش، بەتایبەتی ئەرکی ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستووریی، لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق .
١٠- لەدەرەوەی پەرلەمان، (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق)؛ ئەبێتە ناوەند و مەرجەعێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە و تەنگژە و ناکۆکیی قووڵی ناو پەرلەمان .
١١- ئاراستەیەکی بەهێز لەناو پەرلەمان و حکومەتی عێراق و هێزە سیاسیە باڵادەستەکانی عێراقدا هەیە، ئەیەوێت بەگوێرەی دەستوور و جیاوازتر لەقۆناغەکانی ڕابردوو، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ببێتە بەشێکی وابەستە و گرێدراو، بە سیستەمی فەرمانڕەوایی حکومەتی ناوەند لەبەغدا .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP