كوردە ڕۆژێكەو دەسا هیمەتێك

پێشڕەو مەلاوەیسی
14:52 - 2024-11-14


مێژوو لەسەر ڕێڕەوی خۆیەتی و ڕێگەدەبڕێ و ڕاناوەستێ، كوردیش زۆركات پڕشكی مێژوو زامداری كردووە و بەردەوامیش خوێنی لێدەچۆڕێ، سەرژمێری ئەو ڕۆژە مێژووییە كە سەنگ و ڕەنگی كورد و كوردستانی بونی كەركوكی گڕو گەرمەسێری پیدەشتی حەمرین و شنگال و ناوچە جێناكۆكەكان لەسەر نەخشەی كوردستان دەنەخشێنێتەوە، بۆیە كوردە دەسا هیمەتێك.

 ئامادەبوونی زۆرترین كورد لەو ڕۆژەی سەرژمێری لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان،  سەنگەری دیموكراسیەتەو بونی تۆی كورد پەنجەمۆری سەلماندنی كوردستانی بونە بۆ ئەبەد، واژووەكەت لەو  ڕۆژەدا مورافەعەكەی سەرۆك مام جەل بەهێزترەكات، ئامادەبونی تۆی كورد شاد بوونی ڕوحی شەهیدانەو سڕینەوەی فرمێسكی چاوی دایكی شەهیدەو بونی تۆ گۆچانی دەستی باوكە شەهیدێكی حەسرەت چێشتووە.

 بونی یەك كەسی زیاتر لەكەركوك، هیچی لەو سەنگەرە كەمتر نییە كە ساڵانێكە كورد و پێشمەرگە شەڕی كوردستانی بونی ئەو ناوچانەی تێدا دەكەن و شەهید بون وەك شانازی دەكەن بە تاجی شكۆمەندی و لەسەری خۆیانی دەنێن، دەسا كوردە ڕۆژێكەو هیمەتێك.

 دەی با بە ئامادەبونمان و بەدەم نەعرەتەی كورد بون و كوردستانی بونی ئەو ناوچانە زامی سەرجەستەی شەهیدان ساڕێژ بكەین تا خوێن لێ چۆڕانی زامەكەیان ساڕێژ بكەی، دەسا كوردە سەرژمێرییەو مێژوو دەنوسینەوە، ئەو ڕۆژە جەستە شەكەتەكانی١٨٢ هەزاران  ئەنفالكراوی گۆڕ بزر نامۆ بە بیابان با توینێتیان بشكێنین و ئاهێكی نیشتیمانی بونی كەركوك بكەینە دیاری و بە تەتەرێكدا بیگەیەنینە بیابان، با لەڕۆژی سەرژمێریدا، پێنج هەزار شەهیدە خنكێنراوەكەی هەڵەبجەی شەهید ئاسودەبن و ڕوحیان لەسەری شنروێوە بانگی ئازادی بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكە كوردستانییەكان بنێرن، بۆیە دەسا كوردە سەرژمێرییەو ڕۆژێكەو هیمەتێك با تاجی كوردستانی بون بخەینەوە سەر سەری كەركوك.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP