نابێ رێگە بە بۆشایی بدەین

ستران عەبدولڵا
13:09 - 2025-05-30

نابێ رێگە بە بۆشایی بدەین

ستران عەبدوڵلا 
نابێ رێگە  بە بۆشایی بدەین. رێی پێبدەین خەڵکی تر پڕی دەکەنەوە. ئەمە بنەمایەکی زانستی فیزیکیشە. ئەگەر لە بوارێکدا هەوای پاک نەمێنێ هەوای پیس ئەو بوارە پڕ دەکاتەوە. بابەتەکە پاقژی بیری خۆمانی و نا پاقژی بیری نەیار نییە و باسەکە نەچێتەقاڵبی  موقەدەس و گڵاوییەوە کە ئەمە لەگەڵ روانگەی دیموکراسیی ناگونجێ. بابەتەکە  باوەڕ و بیرۆکەیە کە ئەگەر باوەڕت پێی نەبێت و لە بیروباوەڕی خۆت دڵنیا نەبیت هەر نەتبێ باشترە و هەر خاوەندارێتی لێ نەکەیت چاترە  و دواییش هەر قوربانی بۆ نەدەیت.
ئەگەریش باوەڕت پێیەتی بیڵێی و بیکە و بۆشاییەکە پڕ بکەوە ، بوارەکە بە هەوای پاکی بیری خۆت پڕ بکەوە تا هەوای پیس تەشەنە نەکات .با بیروباوەڕی رەوای خۆت   گشت ئەو ناوە بتەنێتەوە.

ئەمرۆ لە بەغدا پاکێچی ئیستحقاقەکانی کورد قاچوقوچی  تیا دەکرێ ، هەندێک لەبەر ئەوەی هەر باوەڕیان وابووە کە کورد جێی باوەڕ نین و شایانی هیچن و هەندێکیش روویان لە جەمسەرگیری هەڵبژاردنە و کەسابەتەکە لە کۆمەڵگەی لۆکاڵی خۆیان  ئەوەیان لێ دەخوازێ بوعبوعی کوردستان گەورە نیشاندەن.
لە کوردستانیش دوو دەنگ زەقن و هەولێری گوتەنی (گارەکاری )دەکەن: 
دەنگی جەمسەرگیری فشە قەومی کە قەت خەمی نەتەوەی نەبووە و گەرەکێتی رق و توڕەیی خەڵک لە موچەی رەوا بۆ هەڵبژاردن گل بداتەوە و دەنگی پۆپۆلیستی نەشاز  کە هەر لە هەمان ئاو دەخواتەوە و لە شەوی تاریکا خەیاڵی لای بردنی لێفەکەی مەلا نەسرەدینە.
ئەم جەمسەرە دوو زەردێنییە  بەرامبەر جەمسەری بەغدا هەر لە ئێستاوە ، لەم هاوینە گەرمە تای هەڵبژاردنی زستانی دادێی گرتووە.
هەر لایە و کەرەستەی (با بروخێ و بابژی) خۆی تاوداوە سا بەڵکو  لەڕێی بەرامبەرەکی  روکەشانەی یەکترییەوە خزمەتی یەکتری بکەن!
ئەی هەوای پاکژ تۆ لە کوێی تا شوێنی بیروباوەڕی  ڕاست و رەوان بکەیتەوە؟
وا لەوێیە !  لەو شوێنەی بەرژەوەندی گەل دەیخوازێت و گەرەکە خەڵکی یەکریز و بۆی کەمەندکێش بکەیت.
زۆرینەی خەڵک لەگەڵ ئەوەن بە گفتوگۆ و رێککەوتن و پێداگری لەسەر ماف و داخوازییەکان  کێشەکان چارەسەر بکرێت.
ئەمە خەباتێکی رۆژانەیە نەک هاتووهاواری کاتی لە کاتی ململانێی هەڵبژاردندا.
ئەمە ئیشی هێزە دەربەستەکانی  وەکو یەکێتییە کە رۆژانە کاری بۆ بکرێ و رای گشتی لەسەر کۆبکرێتەوە.ئیشی سیاسەتی نیشتمانیی ژیرانەیە کە هەر بە یەکێتیی دەکرێت. 
 
لەم چوارچێوەدایە کە بیری باش یەک ریزی دروست دەکات و خەڵکی لە دەور کۆدەبێتەوە. بە کەس ناڵێین بیری خۆت مەڵێ و دوای بیری ئێمە بکەوە بەڵکو فەرموون و وەرن پێکەوە دەوری بیری باشی چارەسەری بدەین و  هەوای پیس لەقاو بدەین.
یانی پێکەوە جەمسەرگیری یەکریز بین و زۆرینەی دەنگی کوردستان بۆ نەبەردی داهاتوو ببەینەوە. ئینجا لەبەغدا ماف لە قورگی شێر دەربێنین، بەوەش هەر لەڕێوە رێوی لە کلکە لەقێ دەکەوێت.
بابەتەکە ئاسانە:  لەبەرامبەر هەر بیرێکی چەوت و ناقۆڵا بیرێکی دروست و رەوای کوردانە بڵاوبکەینەوە. رێگە بە بۆشایی نەدەین

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP