كەركوكێكی دیموكرات پەرژینە بۆ كوردستانێتی

ستران عەبدولڵا
14:30 - 2021-09-19

كەركوكێكی دیموكرات پەرژینە بۆ كوردستانێتی. 
 ستران عەبدوڵلا

سیاسەتکردن بۆ کوردستانێتی کەرکوک بۆ قۆناغی داھاتوو چەند رەھەندێكی نوێ لە خۆدەگرێت. دیاریترینیان نەخشە رێگای ماددەی ١٤٠ی دەستورییە.بەڵام ھاوشانی ئەم نەخشەرێگایە سیاسەتی تریش پێویستە بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوك.
ماددەی 140 هەم نەخشەرێگای دەستوورییە ‌و هەم دەسكەلایەكی رەوایە بەدەست كوردستانیانەوە، بەڵام ئەم ماددەیە پەینی تری پێویستە كە لەگەڵیا مۆتۆربە بكرێت.
بوژانەوە و گەشانەوەی دیموكراسیی دوای قۆناغێك لە پاشەكشێ پێكردنی، پەینێكی بەهێزە بۆ كوردستانێتی كەركوك . گەڕانەوە بۆ بنەماكانی فیدرالی كە لە دەستوردا هاتووە ‌و ئێستا هەن هەڕەشەی لێ دەكەن، ئەویش پەرژینێكی قایمە بۆ كەركوكی ئایندە. ئەگەر میلیشیا ‌و باندی تایفەگەری، عەسكەر ‌و عەنتەر لە بەغدا ‌و تەواوی عیراق لە شەقامی سیاسەت دوور بكەونەوە و بچنەوە سەنگەرەکانی پارێزگاری لەوڵات كەركوكیش لەبەر ئەم هەتاوی حوكمی مەدەنیەدا دەتوانێ هەناسەیەك بدا ‌و هەوایەكی پاك هەڵمژێ. دوور لە حوكمی شۆڤێنی ‌و تایفەگەری ‌و نزیك لە حوكمێكی مەدەنی ‌و دیموكراتی، كەركوك دەتوانێ خۆی لە هەڕەشەی تەعریبی کۆن و نوێ بپارێزێ. 
ھەروەھا حوکمێکی دیموکراتی، مەدەنی دەستوریی کە شۆڤێنی و تایفەگەری تێیدا زاڵ نەبێت رێگە لەموزایەدەی گۆشەگیری نەتەوەیی ئەوانەش دەگرێ کەتەنھا قسەیان ھەیە بۆ کەرکوک و قسەش ناچێتە گیرفانەوە.تەنھا بۆ خڕکردنەوەی دەنگ وەبیریان دێتەوە کەرکوک دڵی کوردستانە.
ئەو هێزەی دەتوانێ پشت ‌و پەنا بێت بۆ دیموكراتخوازانی عیراق تەنها ‌و تەنها هاوپەیمانی كوردستانە.
ھاوپەیمانی کوردستان باسکی بەھێزی داکۆکییە لەمافەکانی کەرکوك لە بەغدا

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP