هێرۆ خان .. هێمای خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کورد

سۆران داودی
00:02 - 2025-02-14

هێرۆ خان .. هێمای خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کورد
سوران داوودی
کاتێک ناوی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دێتە ئاراوە ، تەنها وەک هاوسەری سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی نایەتە بیر، بەڵکو وێنەی وەک یەکێک لە خەباتکارە پێشەنگەکان دەردەکەوێت کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان گێڕاوە. خەباتی ئەو پەیوەست نەبوو بە کەسێکی ترەوە، بەڵکو بەرهەمی باوەڕی قووڵی بە دۆزی گەلەکەی و وەستانی لە تەنیشت پێشمەرگە لە سەختترین هەلومەرجدا بوو، کە بەشێکی دانەبڕاو بوو لە ئازار و قوربانیدانیان.


لە چیاکانی کوردستان، لەو کاتەی پێشمەرگە شەڕی دژواری دژی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان دەکرد، هیرۆ خان تەنها چاودێر یان هاوسەری سەرکردەیەک نەبوو، بەڵکو خەباتکارێک بوو کە هەمان ژیانی سادەی پێشمەرگەکانی دەژیا. بە "دادە هیرۆ" ناسرا، واتە دایکە هیرۆ، بەهۆی ڕۆڵی چاودێری و مرۆیی، پشتگیری مەعنەوی و لۆجستی پێشکەش بە  پێشمەرگەکان دەکرد و هەوڵی دەدا ئازارەکانیان لە کاتی جەنگ و گەمارۆدا کەم بکاتەوە.

باوەڕی وابوو کە ژن دەتوانێت لە هەموو بوارەکاندا چالاک بێت، نەک تەنها وەک فاکتەرێکی پشتیوان، بۆیە تەنها ڕۆڵی نەریتی نەگێڕا، بەڵکو بوو بە بەشێک لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و سەربازی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.

پێشەنگی لە ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە مرۆییەکان

گرنگیدانی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەنها لە خەباتی چەکداری نەبوو، بەڵکو ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزراندنی میدیای کوردی گێڕا و یەکێک بوو لە یەکەم پشتیوانانی دامەزراندنی دەزگای ڕاگەیاندن کە خزمەتی دۆزی کوردی دەکات و دەنگی گەل دەگەیەنێتە جیهان. هەروەها ڕێکخراوی مرۆیی دامەزراند کە تایبەت بوو بە خزمەتی ژنان و منداڵان، هەوڵی دا بارودۆخیان لە کەمپی ئاوارەکان و لە کاتی قەیرانەکاندا باشتر بکات.

ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنی کورد، هانی ژنانی دەدا بۆ بەشداریکردن لە سیاسەت، ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی، لەو باوەڕەوە کە ڕزگاری کۆمەڵگا بەبێ بەشداری کارای ژنان ناتوانرێت بەدی بێت. هەروەها هەوڵی دا هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنێت و ژینگەیەک دابین بکات کە پشتگیری خوێندنی کچان بکات، لەبەر ئەوەی دەیزانی گرنگی ڕۆڵی ژنی خوێندەوار لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەهێز.

ڕۆڵی لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان

لەگەڵ چالاکی مرۆیی، هیرۆ خان ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان، باوەڕی وابوو کە یەکڕیزی کورد تەنها ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئازادی . لە ڕێگەی پەیوەندییە بەرفراوانەکانیەوە، هەمیشە هەوڵی دەدا ناکۆکییە ناوخۆییەکان کەم بکاتەوە و کار لەسەر بەهێزکردنی دیالۆگ لە نێوان هێزە جیاوازەکان بکات.

هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هێشتا هێمایەکی نەمری خەباتی ژنانی کوردە، بەشداری کرد لە پێکهێنانی ناسنامەی ژنی کورد، و سەلماندی کە ژن تەنها پشتیوانی پیاو نییە لە شەڕدا، بەڵکو هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی داهاتوو.

نموونەی ژنێکی بەهێز و خۆڕاگر بوو، کە خۆی گۆشەگیر نەکرد، بەڵکو چووە مەیدان و کاری  بۆ گۆڕینی واقیعی گەلەکەی کرد ، جێ پەنجەی ڕوونی لە مێژووی کوردا جێهێشت. چیرۆکی ئەو تەنها چیرۆکی هاوسەری سەرکردەیەک نییە، بەڵکو داستانی خەباتی ژنان و سیاسییە، کە شوێنی تایبەتی خۆی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی خەبات دروست کرد و ناوی بە پیتی زێڕین لە دڵی گەلەکەیدا تۆمار کرد.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP