ژنانی هاوپەیمانی

ستران عەبدولڵا
12:25 - 2021-10-05


لە رەوتی گەشەی كۆمەڵی كوردستان و عیراقدا، لە چەندین قۆناغی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیدا ژنان بوونەتە خاوەن هەندێك ماف و دەسكەوت، بەڵام جاری واش هەبووە پاشەكشێ قەوماوە. 
دوای پەسەندكردنی دەستوور لە 2005، لە هێلی سەرەكیدا ژنان لەم وڵاتەدا بوونەتە خاوەن كۆمەڵێك مافی دەستووری ‌و شایستەیی سیاسیی، بەڵام ئەم دەسكەوتانە لەپاڵ پاشەكشێی بزووتنەوەی دیموكراسیی ‌و بەهۆی هێزە رێكخراو و تۆكمە تاریكەكان ‌و هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆریستانەوە كە لە قاعیدە و داعش و تا هیتریش دەگرێتەوە، هەڕەشەی جددیان لەسەرە. 
بەداخەوە ئێستاش ئەو هێز ‌و لایەنانە كەم نین، كە دەخوازن دەست بۆ دەسكەوتەكانی ژنان ‌و كچان بەرن ‌و لێی كەم بكەنەوە. تەنانەت هەوڵی بەتاڵكردنەوەی جەوهەری رێژەی ژنان ‌و كۆتا دیموكراتییەكەیان دەدەن لە ناوەرۆكی دیموكراتییانەی خۆی. كارێك دەكەن بە قەرەباڵەغی چالاكوانانی ژنان كە لە بنچینەدا ئازادیخوازا نین چالاكی ژنان پەك بخەن.
لەم ململانێی نێوان پرەنسیبە دەستورییەكان و هێزە پاشەكشێ خوازەكان تەنها و تەنها هاوپەیمانی كوردستان پاڵپشتێكی بەهێز دەبێت بۆ ژنان لە كوردستان ‌و تەواوی عیراقیش بۆ ئەوەی داكۆكی لە دەسكەوتەكانیان بكەن ‌و پەرەی پێ بدەن.
بەرنامەی هاوپەیمانی پرۆژە ‌و ستراتیژی روونی هەیە بۆ یەكسانی ‌و مافی زیاتر بۆ ژنان لە كایەی كۆمەڵایەتی ‌و باری كەسێتی ‌و پێگەی ژنان لەناو كۆمەڵگە ‌و لەناو خێزانیشدا. بەرنامەی هەیە بۆ فراوانكردنی بەشداری ژنان لەكایەی سیاسیی ‌و كایەی گشتی كۆمەڵدا. ژنان ‌و كچان دەنگ دەدەن بە هاوپەیمانی كوردستان بۆ پارێزگاری لە مافەكانیان ‌و پەرەپێدانی دەسكەوتەكانیان. چونكە هاوپەیمانییەكی بەهێز دەتوانێت گردبوونەوەیەكی سیاسی بەهێز بێت بۆ ژنان و مافەكانیان.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP