بە یەكەم وشەی دڵداری كاتی جوانیم
بۆ ئاوازی بەسۆزی هەموو لاوێتیم
بۆ دڵسۆزی و بێوێنەی تەمەنم
بۆ دوا دێڕی عەشق و خۆشەویستیم
بۆ ئەوەی لە ناو ئەشكەوت و سەر شاخەكاندا هاودەمم بوو
لە غەریبی و دەربەدەریدا وڵاتم بوو
بۆ ئەوەی لە پاكی پاكتر، لە ڕاستی ڕاستتر بوو
قەڵای بەرزی هیوا و ئاواتم بوو
بۆ ئەوەی شەیدای ڕووخسار و شێتی شۆریم بوو
دەریای بێ سنووری بڕوا و نازم بوو
ئێستا چۆن بێ ئەو بژیم و چۆن بڕوا بكەم
كە وا لە چاوتروكانێكدا ئیتر لێم ون بوو؟
وا بزانم ئەم چەند دێڕانە دەریدەخەن كە باوكی هێرۆ چ مرۆڤێكی دڵسۆز بووە و پەیوەندیمان لەگەڵ یەك چۆن بووە! بۆیە باسی باوكی هێرۆ هەر ئەوەندە دەنووسم.
خوێنەرانی بەڕێز و خۆشەویست، لێم ببوورن ئەگەر نووسینی بیرەوەرییەكانم هەندێک پاش و پێش كەوتوون، بە سادەیی و كوردیی پەتیم نووسیووە. بەڕاستی خۆم حەز بەو شێوە نووسینە دەكەم كە وەكو لە پێشەكیی "بەرەو ئەشكەوتی دلێران"م نوسیبوو، حەز دەكەم فاتە و خولە و ئامە و عەبدولیش لەم نووسینانە تێبگەن.
لەڕاستیدا خۆیشم قەت حەز لە زۆریی ئەم وشە و زاراوە تازانە ناكەم كە بووە بە عەلمۆدەی ئەم كاتە، بێ ئەوەی بزانین ئەم وشە و كەلیمە تازەبابەتانە چین و لە كوێوە هاتوون، لە چ قاموسێك دەرهاتوون كە وا سەر لە خوێنەر دەشێوێنن و تەنیا ئەم چینە بەستەزمانە منداڵانە پێدەگەیەنین، كە لەو جۆرە وشە و كەلیمە سەیروسەمەرانە تێبگەن و فێری ببن. بەڕاستی ئەمە تەحەدایە لە زەوق و زمانی كوردیی ڕەسەن دەكرێت. من خۆم نە لێیان تێدەگەم و نە حەزیش دەكەم قەت لێیان تێبگەم .
گەلاوێژ
14/7/2008
سلێمانی
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP