بۆچی ئەنفالکردنی گەلی کورد؟
د سمکۆ شوانی
▪هەڵمەتی ئەنفال کە لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەلی کوردی لە عێراق کردە ئامانج، نوێنەرایەتی یەکێک لەو تاوانە قێزەونانە دەکات کە لەدژی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتێکدا ئەنجام دەدرێت. ئەم هەڵمەتە لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن بە تایبەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن ئەلمەجید کە بە نازناوی "عەلی کیمیایی" ناسراوە، ئەنجامدرا.
▪بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە:
بۆچی ئەنفالکردنی گەلی کورد؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوان هۆکاری سیاسی و سەربازی و دیمۆگرافیدا دابەشکراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە کورتیان دەکەمەوە:
1. خواستی نەهێشتنی یاخیبوونی کورد:
گەلی کورد دەیان ساڵە لە هەوڵی گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خۆیدایە، لە ڕێگەی ئەو حیزبە کوردستانیانەی کە خەباتی چەکدارییان لە دژی دەسەڵاتی ناوەندی بەڕێوەبرد. ڕژێمی بەعس ئەم داواکاریانەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکڕیزی دەوڵەت و نەتەوەی عەرەب سەیر دەکرد و بە دڕندەیی بێ وێنە وەڵامی دایەوە.
2. کۆنترۆڵکردنی ناوچه ستراتیجیه کان:
ناوچه کوردستانییەکان بەتایبەت کەرکوک و دەوروبەری، سامانی سروشتی گرنگیان له خۆگرتووه ، دیارترینیان نەوته . ڕژیم لە چوارچێوەی سیاسەتی "عەرەببوون" هەوڵیدا دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بگۆڕێت بە ئاوارەکردنی دانیشتوانی کورد و گۆڕینی بە عەرەب.
3- ڕوخانی ژێرخانی ئابووری کورد:
ڕوخاندنی لادێکانی کوردستان بە مەبەستی نەهێشتنی ژێرخانی ئابوری کوردستان و نەمانی جێگا و ڕێگایەک بۆ دروست بوونەوەی شۆڕشی چەکداری و کۆکردنەوەی خەڵکی لادێ و شارەدێکانی کوردستان لە کۆمەڵگا زۆرەملێکان، بەمەبەستی کۆنترۆڵکرنی ئەمنی و نەهێشتنی پشت و پەنایەک بۆ پێشمەرگە..
4 - ترساندنی ئۆپۆزیسیۆن و مشتێکی ئاسنین:
کۆمەڵکوژی ئەنفال پەیامێکی خوێناوی بوو بۆ باقی گەلی عێراق کە هەر یاخیبوونێک یان ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی ڕەفتار فاشی سەدام بە توندوتیژییەکی زۆر بەرەوڕوو دەبێتەوە.
5 - بێدەنگی نێودەوڵەتی:
هەرچەندە بەڵگەکان ڕوون بوون، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو کاتەدا ڕێوشوێنی کاریگەری نەگرتەبەر، ئەمەش هەستی دەرباز بوون لەسزای بە ڕژێم بەخشی و هانی دا بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک لە دژی گەلی کورد و پاکتاوکردنیان بە چەکی کیمیاوی یاساغی نێودەوڵەتیشەوە، وەک ئەوەی لە هەڵەبجە و دۆڵی جافاتی و گۆپتەپە و شێخ وەسانان و سماقۆڵی ... وزۆر شوێنی تر بەکاریان هێنا و خەلکێکی زۆری ژن و مناڵ و خەڵکی سیڤیلیان لەناوبرد.
▪هەڵمەتی ئەنفال تەنیا هەڵمەتێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو جینۆسایدێکی سیستماتیکی بوو کە گیانی زیاتر لە 180 هەزار هاوڵاتی مەدەنی کورد کە پیاو و ژن و منداڵی تێدابوو بوونە قوربانی و هەزاران گوند و چەندین شارەدێ بە تەواوی وێران کران.
▪کۆمەڵکوژی ئەنفال؛ بێ گومان تاوانێک بوو دژی مرۆڤایەتی، کە بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕق و کینەی نەتەوەیی و خواستی ڕژێمێکی تۆتالیتاری بۆ لەناودانی هەر دەنگێکی ناڕازی و هەڵڕشتنی ڕقی شۆڤێنی بوو لە دژی گەلی کورد و تەواوکەر و درێژکراوەی هەڵمەتی حەرەس قەومی ساڵی ١٩٦٣ بوو .
▪یادی کۆمەڵکوژی ئەنفال وەبیرهێنانەوەیەکی بە ئازارە بۆ پێویستی پاراستنی کەمینەکان و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی تاوان دژی گەلان ئەنجام دەدەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP