دەنگی دلێرو راستگۆیی ئێوە، سەنگی سەرکەوتن بوو

ھەرێم کەمال ئاغا
18:49 - 2021-11-30


هاوشاریانی هەولێری قەڵای نەبەردی کوردایەتی .
هاوڵاتیانی دەشتە جوانەکانی  بەڕانەتی و شەمامك و قەراج و کەندێناوەی ڕۆژانی سەختی خەبات.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی، کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران ، کاسبکاران ، هەڤاڵانی بازنەو کۆمیتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 بەرێزان کاک قوباد تاڵەبانی  سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان ، کاک دەرباز کۆسرەت رەسول  سەرپەرشتیاری هەڵبژاردن لەسنووری پارێزگای هەولێر، برای بەرێزم کاک دکتۆر مەجید لێپرسراوی بازنەی سێی هەولێر ، سەرجەم تیمە کانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بازنەی ۳ ، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە پارێزگای هەولێر ، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکاران و تیمە خۆبەخشەکان، سوپاس بۆ ماندووبوونتان و هەوڵی پێشمەرگە ئاساتان.
سوپاسی دەستەی دادوەری و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراق دەکەم، کە توانیان بێ لایەنانە و بەدروستی پیاچوونەوە بەدەنگەکانی هەڵبژاردن بکەن. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردابێت و بەندە بەفەرمی و بەرەوایی بۆ پەرلەمانی عێراق سەربکەوم.
بێگومان بەهەوڵ و تێکۆشانی ئێوەو  متمانەی ئێوە،  سەرکەوتین بۆ پارێزگاریکردن و مانەوەو گەشەپێدانی ڕێبازی پێشکەوتووخوازانەی ڕاستەقینەی کوردایەتی و ڕێبازی مامی گەورەمان، سەرکەوتین، لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پارێزگاریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.
بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە، وەك چۆن پێشتر لەبەغدای پایتەخت ، دەنگ و ڕەنگی ئێوە بووین، بەهەمان شێوە متمانەپێدەرو دەنگی ئێوە دەبین. بەهاوکاری هێزە پێشکەوتوخوازە دۆستەکانمان لەعیراقدا، لەپارێزگاریکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبین.
خۆشەویستان، سەرباری ئاستەنگی زۆر، بەڵام بەهەوڵ و ماندووبوونی ئێوەی جوامێرو دلێر، هەروەها راستگۆبوونتان لەگەڵ یەکێتییەکەتان، بەتایبەتی لەگەڵ بەندە، کورسیەکی ترمان لەسنووری پارێزگای هەولێر بەدەستهێنا. 
بۆیە بەڵێنتان پێ دەدەین لەئاست گەورەیی و  لێبووردەیی ئێوە بین ، بۆ چارەسەرکردنی کێشەو کەموکوڕییەکان، هاوکارو هەماهەنگتان دەبین ، هێزو توانامان لەپێناو خزمەتکردن و جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی ئێوە دەخەینەگەڕو بۆ هەمیشە لەگەڵتان دەبین هەموولایەک هەر شاد و سەربەرزو سەرفرازبن .
ھەرێم کەمال ئاغا

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP