هه‌رچه‌نده نەمده‌ویست له‌سه‌ر پرسی فلیم و فیلمسازیی گله‌یی ئامێزی ئێرانییه‌كان له‌پارتی هیچ بنووسم، چونكه پێموایه ئه‌وه‌ی خۆی له پرسی ورده گله‌یی نیوان دوو دۆستدا هه‌ڵقورتێنێ، دواجار هه‌ر پیاو خراپ ده‌بێت! به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ خزانی یه‌كێتی له پرسه‌كه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌و قسه‌له‌سه‌ركردنه!.
به‌سه‌رنجدان له‌و فیلمانه، جگه له هه‌ندێ مه‌سجی سیاسی و ئاشكرا بوونی چه‌ند راستیه‌كی مێژوویی، سه‌رجه‌میان جه‌خت له‌وه راستیه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئێران هه‌میشه ئاماده‌یه، له كاتی ته‌نگانه‌دا به هانای پارتیه‌وه ده‌چێت... بۆ؟!
به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تای ئینقلابی ئیسلامی له ساڵی 1979، یه‌كه‌م هێزی ده‌ره‌كی كه پشتیوانی له ئیقلابه‌كه كرد‌و له‌سه‌ر زه‌وی شه‌ڕی بۆ كرد، پارتی بوو، تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌ستی چووه خوێنی هاوخوێنه‌كانی خۆیه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌مه‌شیاندا پارتی بۆ ئێران پله‌یه‌ك له پێشتره له حیزبوڵای لوبنانی بۆ تاران، چونكه ئه‌م حیزبه له‌سه‌ر ده‌ستی ئێران شه‌ش ساڵ له دوای ئینقلابه‌كه دروستكراوه، به‌ڵام پارتی حیزبێكی ئاماده‌بوو بۆ پشتگیری كردن له حكومه‌ته نوێیه‌كی ئێران، بێگومان ئێرانیش ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوه‌و وێڕای ئه‌وه‌ی له‌م ده‌یه‌ی دواییدا ساردیه‌ك كه‌وتۆته نێوانیانه‌وه، به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی له توركیا‌و راده‌ستكردنی سه‌ره‌وه‌ت و سامانی هه‌رێم به‌و وڵاته‌ی ركابه‌ری ئیقلیمی ئێران له ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها سه‌مای پارتی له‌سه‌ر ئاوازی مه‌زهه‌بی و خۆدانه پاڵی محوه‌ری سوننی ناوچه‌كه‌وه، به‌ڵام هێشتا تاران ئاماده‌یه به‌رگری له هاوپه‌یمانه دێرینه‌كه‌ی بكات و پێشبینی گه‌ڕانه‌ی بۆ ئامیزی ده‌كات، به‌تایبه‌تی ئه‌و حیزبه شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌یه له گۆڕانی ئاراسته‌ی خۆی به‌گوێره‌ی به‌رژوه‌ندییه‌كانی، پێشتریش ئه‌وه‌ی لێبینراوه، چ له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌رده‌ی رابردوو بێت، كه بۆ شه‌ڕی براكان، له‌رووی سه‌ربازیه‌وه هانای بۆ سه‌رسه‌خترین دوژمنی كورد برد، یان له رووی ئابووریه‌وه كاتێك پشتی له كۆمپانیاكانی رۆژئاواكردو رووی كرده كۆمپانیا روسییه‌كان، كه دواتر له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا كورد باجه‌كه‌ی دایه‌وه.
ئێستا هه‌وڵه‌كانی پارتی كه به‌و گللییانه‌ی ئێران توشی ئیحراجی بووه، بۆ پێدانی ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه به‌و پرسه‌و زیاتر هه‌وڵ ده‌دات یه‌كێتی له رێگه‌ی پۆسته حكومییه‌كانیه‌وه بخاته نێو گه‌مه‌كه‌وه، جارێك به‌داواكردنی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كه پشكی یه‌كێتییه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران و جارێكیش به ئیستفزازكردن له‌رێگه‌ی بێ به‌هاكردنی رۆڵی هێزه‌كانی یه‌كێتی له رزگاردرنه‌وه‌ی مه‌خمور و بارێزگاری كردنی له هه‌ولێر، كه ئه‌وه‌ش هیچ منه‌تێك نییه یه‌كێتی بیكات، چونكه پاراستنی ئه‌و هه‌ولێره‌ی كه به هێزو پیلانی بێگانه له‌ژێر ده‌ستی ده‌رهێنراوه، به ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆی ده‌زانێت و هیچ كاتێكیش نه به رووی كه‌سدا ده‌یداته‌وه‌و نه پێویستیشی به فیلمێكه بۆ سه‌لماندنی چونكه راستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌و خه‌ڵكی هه‌ولێرو مه‌خمور ئه‌و گه‌واهیه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
بۆیه باشتره یه‌كێتی له ژێر هیچ فشار‌و به‌رپرسیارێتیه‌كی حكومیدا ته‌ره‌فگیری له‌و پرسه نه‌كات، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا گله‌یی نێوان كۆنه دۆستانه‌و په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه نییه‌و ئه‌وه‌ی خۆی تێهه‌ڵقورتێنی له كۆتاییدا پیاو خراپ ده‌بێت!
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP