ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم دەکرێتە بانگەشەی ھەڵبژاردن!

ره‌وان تاليب
16:44 - 2021-01-28

ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێم دەکرێتە بانگەشەی ھەڵبژاردن!  

رەوان تاڵیب

 بەھۆی سیاسەتی چەوتی ئابووری سەربەخۆ و گوێنەدان و نەخوێندنەوەی سیاسەتی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، قەواری ھەرێمی کوردستان، لەسەر دەستی فەرمانڕەوانی کەوتۆتە دۆخێکی ھێندە خراپەوە کە بەتەواوتی کەوتۆتە ژێر مەترسییەوە..کە رەنگە ھۆکاری مانەوەکەشی، بەھۆی ویستی ھاوپەیمانان و وڵاتانی زلھێز بێت نەک بەھێزی و باشی خودی خۆمان و دیموکراسی خوازی دەسەڵادارانی بەغداد.
لەدوای چەندین ساڵ لە نوسینی دەستور و چەساپاندنی و رێکخستنی قەواری ھەرێم لە دەستوور، ئێستا عەقڵێتێکی تاکڕەوی شۆڤێنی لە بەغداد، بڕوایان بە کۆتایھێنانی قەواری ھەرێم ھەیە و رۆژەکانیان لێکگرێداوە بۆ کۆتایھاتن بە ئەزموونی حکومڕانی ھەرێم.

ئەوان لەمێژە، بڕوایان بەو سیاسەتە ھەیە لەکاتی لاوازیدا قورئانی پیرۆز بگرن بەدەستیانەوە و ببنە برای شیریمان، لەکاتی بەھێزبوونیشدا، شمشێرەکەیان لە کەلان دەربھێنن و نەک تەنھا گۆشتەکەمان بخۆن بەڵکو ئێسکانیشمان بشکێنن.

بەداخەوە حکومڕانیەکەی ھەرێمش، ھێندە خراپ و نغرۆبووە لەگەندەڵی، تەنانەت لێپرسراوان و وەزیرەکانیش ناتوانن بەرگرییەکی مەنتقی لێبکەن، بۆیە سەردەمەکە وادەخوازێت ریفرۆمێکی گشتگیری چاکسازی دەستپێبکەن و دان بە شکستی خۆیاندا بنێن، کە ئەوەش گەورەییە و ھیچ نەبێ کەمێک دەکەونە بەر رەحمەتی مێژوو.

ئەو عەقڵێتەی بەغدادی پایتەخت دەباتە بەڕێوە نەک چاوەرێی ئەوەی لێناکرێت ھاوکاربێت بۆ بوژانەوەی ئابوری ھەرێم بەڵکو کاردەکات بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی دەنگی نارازیی مافخوراوان و ھانیان دەدات لە تاوی برسێت ھانا بۆ بەغداد ببەن، و داوای نەمانی ھەرێم بکەن.
تائێستا میللەت حکومڕانی کوردی لاگرنگتر بووە لە نان و حکومڕانی عێراق، بەڵام ئەگەر کار وابڕوات ئەوە بانگەشەکردن بۆ نەمانی قەوارەی ھەرێم بە ھاوکاری شۆڤێنیەکانی پایتەخت دەبێتە بانگەشە و ریکلام بۆ بەشێک لەو پارتانەی کە کار لەسەر دەنگی خۆڵەمێشی و گوتاری پۆپۆلیستی دەکەن، ئەو کاتیش گوتاری نەتەوەیی و بەخشینەوەی تۆمەتی عێراقچێتی دادی ھیچ کەسێک نادات و بەدەستی خۆیان جامی ژەھرەکە دەنۆشن و کۆتای بەو چیرۆکە سی ساڵانەی حکومڕانی کوردان لە باشوور دەھێنن کە تاوانباری یەکەم و کۆتای دەسەڵاتدارانی ھەرێمن و بەس.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP