یەکێتی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژی پارتی دەستپێنەکردووە

حەمەزیاد مەولود
22:55 - 2022-04-14

کاتێک پارتی تاکلایەنە دەچێتە ناو هاوپەیمانی و مەرج لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتیی دادەنێت، و یەکڕیزی گەلی کوردستان تێکدەدات و یەکێتی ئیحراج دەکات، ئایا یەکێتیی بێدەنگ بێت و کەڕو لاڵ دابنیشێت و ڕوونکردنەوە نەدات؟
کاتێک کادرێکی پێشکەوتووی پارتی بەناوی نایف هێرشدەکاتە سەر مەرجەعی شیعە و مەرجەعە شیعییە عەرەبییەکە بەقەوڵی خۆی بەسەر مەرجەعە شیعییە ئێرانییەکە فەرزدەکات و لە ئەنجامی ئەم لێدوانەیدا ناڕەزایی شیعەکان ڕووبەڕووی پارتەکەی دەکاتەوە و بارەگای حزبەکەی بەسووتاندن دەدات و دواتر دەڵێن ئەو کادرە پارتی نییە و یەکێتی هانیداوە. ئایا یەکێتیی لەو ناڕاستییانە بێدەگ بێت و قسە نەکات؟
کاتێک گەنج و لاوی ئەم هەرێمە تاکە شوێنێک کە بتوانن دەردی دڵی خۆیانی تێدا بەتاڵ بکەنەوە سۆشیال میدیایە، لە سەر ئەو دەردەدڵەش زیندانی بکرێن، ئایا ئەگەر یەکێتیی داوای ئازادی و هەناسەیەک بۆ خۆ خاڵی کردنەوەی گەنجان بکات، گوناهی کردووە؟
کاتێک یەکێتی دەڵێت زۆربەی لایەکان و گەلی کوردستان لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و لیستی دەنگدەران لە مردوو و ئێرانی و سووری و تورکی پاکبکرێتەوە، پارتی دێت کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی دەبەستێت و دژی خواستەکانی گەل دەوەستێتەوە، ئایا یەکێتی بێدەنگ بێت و دەست لەسەر سینگ بوەستێت؟
کاتێک یەکێتی بە پیاوی ئێران تومەتبار دەکەن و خۆیان بەنهێنی لەگەڵیان دادەنیشن ، ئایا یەکێتی زمانی خۆی ببەستێت و ڕاستی بۆ خەڵک ڕوون نەکاتەوە؟
کاتێک پارتی دەیەوێت چارەنووسی غازی کوردستانیش بەدەردی نەوتەکە ببات، ئایا گوناهە یەکێتیی دوو قسە بکات و بڵێت ڕازی نابین؟
کاتێک خانەنشینی پیر و پەککەوتەی مووچە دواخراو لە سڕەی مووچەدا شکۆی دەشکێندرێت و گیان لەدەستدەدات، ئەگەر یەکێتیی بڵێت نا بۆ دواکەوتنی مووچە، ئایا هەڵەی کردووە؟
کاتێک پارتی بە نوێژی نیوەڕۆ لەبەردەم ڕۆحی پاکی نۆ شەهیدی یەکێتی لە دوانزە شەهید خوێنی شەهیدەکانمان و شەهیدانی لایەنەکانی دیکە بخزێنێتە ناو مێژووی خۆی و بەم ڕێگەوە مێژووی بەرگریی گەلی کوردستان بیشێوێنێت. ئایا ناڕەوایە یەکێتیی بەرگری لە مێژووی خۆی و گەلی کوردستان بکات ؟
مام جەلال لە ساڵی1987 لە وەڵامی شۆفینیزمی عەرەبی کتێبێکی پڕبەهای بەناوی ((اغد وديمقراطي و حرمان شعب
حتی من حق الحلم)) نووسی، بۆیە؛
ئەگەر بوار بە ڕکابەڕانی یەکێتی بدرێت و لەسەر مافی خەڵک و خۆی بێ وەڵام بێت ئەوا وەکو شۆڤینیستەکان نایەڵن تەنانەت یەکێتی خەونیش بە سەربەخۆ بوونی خۆی لە بیر و بڕیاڕداندا ببینێت.
یەکێتی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژی پارتی ڕانەگەیاندووە، ئەوەی هەیە بەرگری و بەرگریکردنە لە مافی خەڵک و چەوت و چەوێڵییەکان. لە کۆتاییشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم هەرگیز نایەڵین ناکۆکییەکانمان بەرەو ڕووداوی نەخوازراوی نابەرپرسیارانە بڕۆن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP