ھەر لە سەرەتاوە دووانە بوون..

مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
09:44 - 2021-01-28

ھەر لە سەرەتاوە دووانە بوون..

دەزگای میدیایی کەرکوک کارێکی چاکیان کرد کە رۆژی کردنەوەی سایتی دەزگاکەو کەناڵەکەیان کردە رۆژی خەنەبەندانی شەھادەتی مامە ریشە.
رۆژی ٢٤-١-٢٠٢١ یادی سی و شەش ساڵەی شەھیدبوونی ئەستێرەی درەوشاوەی خەباتی پارتیزانی ، مامە ریشەو ھاوڕێ بەجەرگەکانی لە کەرتی چواری جەباری، شەھیدان : سەردار و موحسین بوو.
ئەمساڵ ھەمان ئەو رۆژە ھاوڕێکانی مامە ریشە لەگەڵ ھەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بوون لە مەراسیمی کردنەوەی سایتی کەرکوک بە ھەردوو بەشی کوردی و عەرەبییەوە.
رۆژی بەسەرکردنەوەی خەباتی پێشمەرگانەی مامە ریشە و ھاورێکانی لە مێژووی شۆرشی نوێی گەلەکەمان کە تێکۆشانیان دژی بەعس کرد لەپێناو ئازادکردنی کوردستان و عیراق رۆژێکی مانادارە. لەسەر ئەمەیە سرودی مەشخەڵانی رێوێنی خەباتی یەکێتییەکان دەڵێ
چەک ،قەڵەم خەباتی ھاوژینم
لە چاویاندا رێی ئازادیم ئەبینم
ھەڤاڵانی راگەیاندنی یەکێتی لە دەزگای میدیایی کەرکوک گەرەکیانە بڵێن خەباتی شۆڕشگێڕی مامە ریشەو پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ گرێدراوی خەباتی ھەمەلایەنەی میدیایی، دیموکراسی و پەرلەمانی یەکێتییە لەمڕۆدا. رەوتێکی سەرفرازانەی سیاسییە ، خەباتێک کە ٤٥ ساڵە بەردەوامەو ئەگەر لێرە ولەوێش وێستگەیەکی پچڕانی تێبکەوێت کاتی و کورت خایەنە و راستە ڕێی خەباتی سیاسی دەچێتەوەسەر شەمەندۆفەری بەردەوامی تا ستراتیژی یەکێتی لە « ئاشتی ، دیموکراسی مافی مرۆڤ ، چارەی خۆنووسین » دێتەدی.
ئەو خەباتە لە ١٩٧٥ 'شەرارە' وە بە قەڵەم و کاغەزی «رێبازی نوێ » دەستیپێکردو لە ١-٦-١٩٧٦ گەیشتە شوڕشی نوێ و چەکی شەرەفی ھەڵگرت، مامە ریشە و دەیان شەھیدو فەرماندە بوونە ناونیشانی ئەفسانەیی بۆی. بوونە ھەوێنی بەرەنگاری دیکتاتۆری و ستەم بەھەموو جۆرەکانییەوە.
خەباتێک سەری گرت و سەرکەوت تا گەیشتە دەستوورێکی فیدراڵی، تا گەیشتە گەشانەوەی خەباتی میدیایی یەکێتی لە کەرکوک، کاروانی وا ئێستا سەتەلایتی کەرکوک و بەشەکانی دەزگای میدیایی کەرکوک بە سەکۆی ئەلیکترۆنیشەوە درێژەی پێدەدەن.
ئەرکی ئەو خەباتە میدیاییەمان کە رۆژی ماناداری شەھادەتی ھەڵبژاردووە ئەرکێکی سەنگین و قورسە، ئەرکی راستکردنەوەی رێڕەوی دیموکراسی و فیدراڵییە لە عیراق بە کەرکوکیشەوە. ئەرکی رێگرتن لە رێڕەوی گەڕانەوەی تەعریب بە ناونیشانی جیا، ئەرکی پەرەپێدانی خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانی لە کەرکوک تا بەغدا، بە ھەردوو زمانی شیرینی کوردی و زمانی رەوانی بەلیغ -ی عەرەبی تا پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک باسکێکی بەھێزی دیموکراسی لە وڵاتدا باشتر بگاتە ھاوبەشەکانی تر لە کوردو تورکمان و عەرەب و کلدۆئاشووری.
مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیش کە پێشمەرگەی میدیایی ئەو ئەرکە پیرۆزەیە، حەزی لێیە پەیامەکە جگە لە عەرەبی و کوردی، بە زمانی تورکمانی و ئاشوریش بگات، چونکە قەدەرمانە ھەڵبەتە قەدرێکی جوانە کە پێکەوە گرێمان دەدات.
چارەنووسمان یەکە ، کە حەز ئەکەین چارەنووسێکی باشترین بێت.

پیرۆزە لە ھەڤاڵانی دەزگای میدیایی کەرکوک بەسەرپەشتیاران و ھەموو تەکنیکارانەوە
بەرەو نوێبوونەوە و بوژانەوەی بەردەوام

مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-بەشی پەیوەندییەکان

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە