ھێلکە ...!

ره‌وان تاليب
22:30 - 2022-04-21


زیاتر لە مانگێکە، بەھۆی بوونی نەخۆشی و زیاد بوونی کێشمەوە، لەلایەن پزیشکێکی بەڕێزەوە ئامۆژگاریکرام، کە پێویستە دووربکەومەوە لە خواردنی چەوری و ئەو خواردنانەی دەبنە ھۆی خراپ بوون و ئازاری گەدە، کە ماوەیەک بوو بەھۆی ئازاری گەدەوە دەمناڵاند، بە وتەی پزیشکەکەش باشترین چارەسەر خواردنی ھێلکەی کوڵاوە کە پێویستە لە ژەمی بەیانیان وەک خواردنی سەرەکی بیخۆم.
بۆیە من و ھێلکە ئاشنایەتییەکی باشمان ھەیە و بەتایبەت لەماوەی مانگی رابردوو زیاتر ئاوێتەی یەکتر بووین.
کەچی لە دوو رۆژی رابردوو بەھۆی ئەوەی ھێلکە لە ئۆتۆمبێلی سەرۆکی حکومەت گیرا لە چوارچێوەی نارەزایەتییەکانی چالاکوانانی رەوەندی کوردی.
ھێندەی دیکە ھێلکە بۆ من گرنگی پەیداکرد، کە چالاکوانان بۆ دەربڕینی نارەزایەتییە مەدەنیەکانیان بەکاری دەھێنن.
ھەر بۆ وەبیرھێنانەوەش ماوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر، خوێندکارانی دەرچووی کولێژی پەروەردەی کەرکوک، بەھۆی دانەمەزراندنیانەوە، بینای نوسینگەی کەرکوکی پەرلەمانی کوردستانیان ھێلکە بارانکرد.
بۆیە رەنگە لەمەودوا ھێلکە تەنھا گوزارشت نەبێت لە خواردنێک، بەڵکو پەیامێکی شۆكھێنەر و ستۆپێک بێت بۆ دەسەڵاتداران و ببێتە رەمزێک بۆ بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم.
رەوان تاڵب

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP