ناونیشان لەدەقی ئەدەبیدا

خالد کاوێس قادر
13:28 - 2022-06-11

ناونیشان لەدەقی ئەدەبیدا

خالد کاوێس قادر

هەندێ لە نووسەران ناونیشان تووشی راراییان دەکات و لە شوێنی ناونیشان هەندێ بۆشایی بەجێ دێڵن، یان لەسەرووی بابەتەکەوە دەنووسن (بێ ناونیشان)، لەسەردەمی دڵە ڕاوکێکاندا ناونیشانەکان زۆر دەبن و بیرۆکەکان چڕدەبنەوە، لەو ساتانەدا ناونیشان شوێن پێیەکی کاریگەری دەبێت و رەنگ و روخسارێکی فێنک وەردەگرێ ئەگەر شاعیرانەبێت، یان ئیقاعێکی سیاسییانەی هەبێت .
ناونیشان دەستپێکی زۆر لەو پرۆسەی رەشەکوژی وکوشتارگانە بووە کە پاکسازی تێدا کراون، چونکە ناونیشان دەلالەتێک بووە بۆ گەیشتن بەرووداو، دەلالەتی گوزارشتکردن لەو بیرۆکەیەی کە ناوونیشان دیاری دەکات، وەک کەندەڵانێک گەمە بەروانگەکانی خوێنەر دەکات و وای لێدەکات کە هاوسۆزی ئەو جۆرە هەڵوێستانە بێت، چونکە ناوونیشان بیرۆکەیەکی کورتکراوەمان دەخاتە بەردەست بۆ بەدواداچوون .
هەندێ لە نووسەران ناوونیشانی زۆریان هەیە، بەڵام بیرۆکەو گوزارشتەکان پەرت دەبن، هەندێکی تر بەپێچەوانەوە بیرۆکەی زۆریان هەیەو بەڵام لەرووی ناوونیشاندا گیر دەخۆن و دەکەونە هەڵوێستی ترسناکەوە .
پێویستە لەسەر ناوونیشان کورت و وردەکارو پڕمانابێت، هەرچەند ناوونیشان دوورودرێژ بوو، کار لە ناوەڕۆکی بابەت دەکات و نووسەر ناچار دەکات درێژدادڕی لە نوسینەکەیدا بکات، ناوونیشان گەمەیەکە نووسەر تێیدەپەڕێنێ تاسەر لەبەری دەقەکە لەخۆیدا بگرێ و ببێتە بەشێک لەو گەمەیە، نووسەر یاریکەرێکی ترسناکەو هۆشمەندییەکی داگیرساوی هەیە، زۆرجاران بەخوێنەر پێدەکەنێ بۆئەوەی زیرەکی و هۆشیاریيان تاقی بکاتەوەو بەهرەکانیان بدۆزێتەوە، هەندێجارانی دی تووڕەیان دەکات یان دوو روویی نیشاندەدات، لەبەرئەوەی خوێنەر داوای ئەوجۆرە گوزارشتانەی لێدەکات، ئەویش دەیەوێت بەردەوام بێت لەو گەمەیە، ئەوان (واتە خوێنەر) کاتێکی زۆر و پارەوپول سەرف دەکەن لەپێناوی خۆشی، بۆیە ماندووبوون و نووسین و دەقەکان بەرز دەنرخێنن .
دەقی ئەدەبی، یەکێکە لەو هونەرە ئەدەبیانەی بەدەنگ ناونیشانەوە دەچێت، چونکە نووسەری دەق کەسێکی بەهرەمەندو کارامەیە، زۆر جاران ڕۆژانە دەنووسێت، یان هەفتانە .
جێگای ئاماژە بۆکردنە ناوونیشانی رۆژنامەگەری سەرمایەیەکی کلتووری و روانگەیەکی فەلسەفییە، هەروەها ململانێیەکی دەروونییە کە دەمانباتەوە بۆ تێپەڕاندنی واقیع بەقسەکردن بەرلەوەی کارەکان ئەنجامبدەن، چونکە ناوونیشان کەشتیەوانێکە و کەسێکی بەتوانایە کە ئاراستەکان دەست نیشاندەکات، هەرشتێ شوێنێک لە بۆشایی بەگەربێنێ، ئەوە گوزارشت کردنە لە ئەرکێکی کلتوری راستەقینە، هەرچەندە ئەو ئەرکە سادەش خۆی بنوێنێ، بۆیە ناوونیشان ئەو سەکۆیەیە کەبەئەرکی نووسینی رۆژنامەگەری دادەنرێ، هەروەها ئەو سەکۆ وروژێنەرەیە کە لە نووسینە هەمەرەنگەکاندا بەدەردەکەوێ، رۆژنامەگەری نووسەر فێردەکات گەمەی کاریگەرێتی و گەڕان بکات و لەسەر زۆرترین گوریس گەمەکانی خۆی بکات بۆ گەیشتن بەراستییەکان، ئەمەش ئەو حەقیقەتە نیە کە خوێنەر دەیزانێ، بەڵکو ئەو حەقیقەتەیە کە نووسەر مەبەستیەتی و دەیەوێت لە کەمترین دۆڕاندا بەرجەستەیان بکات، چونکە نووسین زیانێکی گەورەیە لەماندووبوون و پارەوپوول و تەندروستی و تەنانەت زەمەنیشدا، رەنگە زۆرجارانیش نووسەر بەدەستی بەتاڵ بگەرێتەوە پاش ساڵانێک لە کۆشش و ماندوبوون لە گەران و پشکنین، لێرەوەش دەتوانین ئەو پرسیارە بکەین: ئایا ناوونیشان گوزارشت لەو حەقیقەتە دەکات کە نووسەر تووشی شەونخونی دەکات و ئایا نووسەر لەتوانایدایە لەهەمووکات و سەردەمەکان ناوونیشان بگۆڕێ؟.
ئەگەر نووسین هەوڵدان بێت بۆ گەیشتن بەئامانجە مرۆڤایەتی و شارستانیەتە باڵاکان، لەهەمانکاتدا خودێکە ملکەچی گۆرانکارییە زەمەنی و شوێنییەکان دەبێت، هەروەها ناوونیشان لەگۆرەپانی لێکۆڵینەوەو گەڕان و پشکنینەکاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەکاتێکدا ناونیشانی دەق تایبەتمەندی جودایە، بەڵام کورتە چیرۆک و شیعرو شانۆگەری، هەر یەک لەم هونەرانە رێ و شوێنی خۆیان لەنووسیندا هەیە، ناوونیشان زۆرجاران وەک بروسکەیەک گاڵتە بەخۆێنەر دەکات و شێتانە بەدەردەکەوێ، یان تەئویل بەدوای خۆیدا دێنێ.

ناوونیشان:
ناوونیشان زمانە، شوێنەوارە، ناوونیشان زمانێکە لەریدا، ناوونیشان دەستەواژەیەکە بۆ روونکردنەوەو ئاشکراکردن و دەرخستن، کاتێ قسەکەر باس لەمەبەستێ دەکات بۆ تەواوکردن و تێگەیشتنی کەسی بەرامبەر هەندێ ئاخاوتن بەکار دەبات دەبنە هەواڵی وتەکانی دواتر، لەوانە ناوونیشانی زانستی، کەلەوتەکاندا ئاخاوتنێ بەکاردێنێ کە دەبنە کلیل و دەستپێکی زانستێ کەدەچنە ناواخنی بابەتەکەوە، هەروەها بۆ شیعرو دەقەکانی دی.
بەڵام لەرۆژنامەگەریدا، کە باوەشگرەوەی دەروونی و جەستەیی دەقی ئەدەبیە، ناوونیشان زۆرگرنگە، دەتوانێ قازانج و زیانیشی هەبێت، بەکۆی گشتی هەرکاتێ ناوونیشان کورت بوو، بەهای زێتر دەبێت، وە مەرجە کەخۆشی بەخش بێت و هەروەها لەسەر زوبان ئاسان وساکاربێت.
ناوونیشان رەگەزێکی گرنگی دەروازەیە، بۆیە پێناسەکردنی رێگەمان دەدات چەندین پرسیاربکەین و هەوڵی شرۆڤەکردنیان بدەین، ناوونیشان وەک ئەوەی لەسەردەمی بووژانەوە پێناسەکراوە یان لەوەبەر چەقی یان کۆمەڵە گرێیەکە نەک لەبەر کورت و درێژییەکەی بەڵکو بەهۆی توانای شرۆڤەکردن و تەئویلمان بۆی.
لێکۆڵەرانی بواری رۆژنامەوانی وایدەبینن باشترین کات بۆ هەڵبژاردنی ناوونیشان پاش کۆتاهێنانی بابەتەکەیە، چونکە ئەوە رێگە خۆشکەرە لەبەردەم نووسەر کە چەندین ناوونیشان دابنێ و بەراوردیان بکات لەگەڵ بابەتەکەی و بزانێ کامیان باشترین و لەگەڵ بابەتەکەی وێک دەچن، بابەت لەگەڵ بزوتنەوەی کلتوری و گۆڕانکارییەکانی شێوازدا دەژێت، ناوونیشان لە دایکبوونێکی سروشتی و شەرعی دەقە، لە مناڵدانی دەقەوە زۆربەی دەلالەتەکانی لەدایک دەبن .

وەزیفەکانی ناوونیشان
١- وەزیفەی دیاریکردن :
هەندێک ناوی دەنێن ناولێنان یان جاڕدان (اشهار) بەومانایەی کە ناوونیشان ناوێکەو بە گوێرەی ئەو کەسایەتییەو دەروازەیەکە بۆ ناسنامەی مرۆڤ، چونکە ناو یەکەمین رەنگ و روخساری مرۆڤەو گوزارشت لە پەیوەست بوونی بە کۆمەڵگاوە دەکات، یا رەنگ و روخساری نەتەوایەتی و ئایینی و تەنانەت شوێن و کۆمەڵگەو باری دەروونی .
چونکە پێویستە لەسەر نووسەر ناوێک هەڵبژێرێ ناوونیشانێک بۆ نووسینەکەی تا خوێنەر دەستاودەستی بکات، ئەم وەزیفەیە ئەو ئەرکەش گرنگترین وەزیفەیەکە بتوانێ وەزیفەکانی دی تێپەڕێنێ، لەبەرئەوەی ناوونیشان ناو بابەتەکانی لێکەوە نزیکن ، بەڵام لەهەندێ ناوونیشان پێچ و پەناو گێرمەو کێشە (مراوغە) بەدی دەکرێت و پێویست بەتەئویل و شیکردنەوەیان دەکات بەمەبەستی خوێندنەوە دەکات تا ئاماژەکانی روون ببنەوە .
٢- وەزیفەی پەیوەندی کردن :
ئەگەر ناوونیشان نێوەندێکی نێوان دووجیهان بێت، جیهانی نووسەر و جیهانی خوێنەر، یان لەنێوان جیهانی واقیع - ژیان و جیهانی دوور پەیمان کە رۆدەچێتە هەناوی مانەوە، و گەران بەدوای نەمریدا وەک گەلگامش و مەم و زین .
٣- وەزیفەی ئاماژە بۆکردن :
ئەمەش وەزیفەیەکە نزیکە لە وەزیفەی پیاهەڵدان و گێڕانەوە، خاوەن رەهەندێکی سینەماییە، هەندێ جاران روو لە تەئویلکردن دەڕوا، ئامانجی وروژاندن و ئارەزووە ی لای وەرگر بۆ خوێندنەوەو بەردەوام بوون، ئەمەش وادەکات خاوەن ئامانجێکی هاندان بێت بەرەو وروژاندن دەڕوات، بەمەش سەرنجی خوێنەر رادەکێشێ و وای لێدەکات لەوردەکارییەکان بکۆڵێتەوەو لەبازنەی هاندان و شیرینکردنی بابەتەوە بەرەو بازنەی ئاماژە بۆکردن و رەمزیەتی دەباتەوە نەک بازنەی نواندن ، یان راپۆرتێکی راگوزار .
٤- وەزیفەی چۆنیەتی و پیاهەڵدان :
وەزیفەیەکە ناوونیشان پێی هەڵدەستێ بەوروژاندنی ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی ناوونیشان دەکرێتەوە بەومانایەی وەزیفەی (بابەتی، هەواڵی، تێکەڵاو) دەکات، هەروەها شتێ لەوەزیفەی ئاماژەکردن دەگرێتەوە .
٥- وەزیفەی زەمەنی :
گرنگی ناوونیشان لەوەدایە کەلە هزری وەرگردا دەمێنێتەوەو بەزهنیەوە دەنووسێت، هەروەها توانای نەمری هەبێت، بەتایبەت کاتێ سادەو شەفاف و سەرنج راکێش و چڕکراوەبێ، هەربۆیە نووسەر هەوڵدەدات ناوونیشان کاریگەر، کەلەهزرو زماندا ئاسان خۆیان نیشاندەن .
زۆرجارانیش ناوونیشان ناوەڕۆکی دەق دەشارێتەوە و تەنیا هەندێ ئاماژە دەکات بۆ ناچارکردنی خوێنەر، بۆ بەردەوام بوون و خوێندنەوەی بابەتەکە .
٦- وەزیفەی هاندان :
یەکێ لەوەزیفەکانی ناوونیشان ئەوەیە کە خوێنەر لە ناوچەی بێ لایەن پەلکێش بکات و بەشداربێت لە ناوەڕۆکی دەق، ئەویش ئەو ناوونیشانانەیە کە مانایەکی دیاریکراو سەبارەت بەباتەکە پێشکەش ناکات، بەڵکو وەک چاودێرو بروسکەیەک ئاسۆیەکی گەشمان دەخاتە بەردەم .
جۆرەکانی ناوونیشان

١- ناوونیشانی باو :
ئەمەش ئەوجۆرە ناوونیشانە باوانەیە، هیچ کارێ ئەنجام نادات تەنیا ناسنامەیەکی دیارو ئاشکرای بابەتەکەیە، لەکاری رۆژنامەگەریدا بەوجۆرە ناوونیشانانە دەوترێ ناوونیشان هەواڵ، لەبەرئەوەی بابەتەکانی دیارن و زۆربەکاردێن .
٢- ناوونیشانی خوازە (مجازی):
ئەو ناوونیشانەیە کە پشت دەبەستێ بە شێوازی خوازەی نێردراو ئەو نووسینەی کە پەیوەستە بەو بابەتەوەی کە لە شوێنگەیەکدا قسەی زۆر ناهێنێ .
٣- ناوونیشانی شاعیرانە :
هەندێک بەناوونیشانی ئەدەبی و سریالی ناوی دەبن، لەبەرئەوەی دەمانوروژێنێ و پەناو پەسیومان پێ دەکا، ئەو ناوونیشانەی کە نووسەر پەنای بۆ دەبات بۆ ئەوەی لە چاودێری خۆی دوورەپەرێز بگرێت، هەروەها دوورکەوتنەوە لە دووبارە بوونەوەی دەلاقە لەبەرئەوەی ناوونیشان بەهایەکی جوانسازی هەیەو ئامانجی ئاماژەبۆکردنە نەک روونکردنەوە، بۆیە رووبەرووی چەندین تەئویل دەبێتەوە ئەم ناوونیشانەش بەهایەکی جوانسازی گەورەی هەیە، وەتوانایەکی ئەدەبی دروستکەر بەسوود وەرگرتن لە زمانی ئەدەبی لەرێگای دەستەواژەی پڕ لە شاعیرانە، کە بەتوانایەکی رەمزی باگراوند کراوە، کەزۆرجاران رستەکان بەرەو تەمومژ دەبەن .
٤- ناوونیشانی تەئویلی :
ئەوەیە کە جوانناسی ناوونیشان تێدەپەرێنێ، لەبەرئەوەی سەکۆیەکی سەرەتای پێشکەش بە خوێنەر دەکات، مانایەکی ئامادەی دەخاتە بەردەست، هەوڵی دروستکردنی وەڵام لای خوێنەر دادێنێ، لەبەرئەوە خوێندنەوەی باو بۆ ناوونیشان، باش دەبێت بۆ خوێندنەوەی دەقێکی نوێ، لەبەرئەوەی ئەم ناوونیشانە پەردە لەسەر جوانناسی هەڵدەداتەوەو شوێنی دەگرێتەوە – تاکو ناوونیشان دەرگای واڵابێت بۆ زنجیرەیەک دەلالەت بەهۆی بەردەوامی خوێندنەوە.
٥- ناوونیشانی بەش یان ناوەخۆ :
ناوونیشانێکی رەمزییە چەندین تەئویل هەڵدەگرێ هەروەها پێیدەوترێت ناوونیشانی ناوەخۆ، ئەگەر لەبەرگی گۆڤارێک بێت، نووسەر هەڵیدەبژێرێ بۆ رونکردنەوەی هەندێ دیمەنی تایبەت، لەئاکامی نووسینەوەی لێکۆڵینەوە یان دەقێکدا بۆئەوەی خوێندنەوەی ئاسانتربێت، هەروەها خۆی لە چاودێری بپارێزێ .
٦- ناوونیشانی رەمزی :
ناوونیشانێکە ریزبەندی بونیادی رەمزی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ، نزیک دەبێتەوە لە ناوونیشانی خوازە یان وەرگرتن، نزیکیشە لە ناوونیشانی شاعیریانە کە رەهەندێکی خەیاڵئامێزی هەبێت .
٧- ناوونیشانی تەنز ئامێز :
ناوونیشانێکە لە بابەتێکدا کەرەستە هەڵدەبژێرێ، یان شێوازی گوزارشتکردن پابەندە لەسەر گاڵتەو جیاوازی، نووسەر رستەی دژ بەیەک و گاڵتە ئامێز بەکاردێنێ .
٨- ناوونیشانی شرۆڤەکردن :
ئەویش ناوونیشانێکی زیادکردنە بۆسەر ناوونیشانەکانی پێشوتر، ئەویش هاوشێوەی ناوونیشانەکەیە، نووسەر هەوڵدەدات هەندێ رونکردنەوە بەبابەت یان ناونیشانەکەی بدات، بەئاماژە کردن بۆ دەلالەتی مەبەستداری ناوونیشانی یەکەم کە زۆر جاران تەمومژاوی بەدەردەکەوێ، یان سانا نیە تێگەیشتنی .
٩- ناوونیشانی خۆیی :
ئەمەش ئەو ناوونیشانەیە کە پەیوەستە بەگیروگرفتێکی خۆیی تایبەت، یان نووسەر هەوڵدەدات خودی خۆی چەق یان ناوەندێکی گرنگبێ، لەبەرئەوەی خود پەیوەستە بەنووسینەوە، ناوونیشان وەک چەمکێک رووبەرووی خوێنەران دەبێتەوە وەک بەرهەڵیستیەک و هەمەرەنگیەکی زۆری بوارەکانی کاری نووسەر لەبوارەکانیدا واتە ناوونیشانێکی زۆر هەیە کە تووشی رارایمان دەکات و لەژیانماندا وجودی هەیەو گومانیشمان لا دروست دەکا، لەبەرئەوەی لەزۆربەی شوێنەکاندا هەیە، لە فرۆشگاکان و زانکۆکان، لە ریکلامەکان و کتێبەکان، لە گۆڕەپانەکانداو تەنانەت لە ئۆتۆمبێلەکاندا .
١٠- ناوونیشانی ورووژێنەر یان بریسکەدار :
ئەو ناوونیشانەیە بارگاوی کراوە بەوزەیەکی زۆری حەماس و بەرهەڵستی کردن، لێوان لێوە لە ئومێد، ناوونیشان لێرەدا پێویستە کە بۆ بەردەوامی نووسین وەک (لەپێناوی ژیاندا) و (خۆشەویستەکەم رۆژنامەنووسە) یان (هاوڕێ شێتەکان) .

تایبەتمەندییەکانی ناوونیشان :
لە نووسینی رۆژنامەوانی، یان دەقی ئەدەبیدا، پێویستە ناوونیشانی چەند تایبەتمەندییەکی هەبێت، لەوانە :
ا-کەڵک وەرگرتن لە کورتی و چڕی و کورتکردنەوە، نەدرێژبێ نە هێندەش کورت بێ کار لەناوەڕۆک بکات .
ب- پێویستە وردبین بێ بەجۆرێ ناوەڕۆکی بابەتەکە بەوریاییەوە نیشاندا، نە زیادەرۆیی تێدابێت، نەکەم و کورتی .
ج- جیاکاری تێدا بێت لە رەوانبێژی و شەفافیەت و گوزارشت هاوسەنگ و یەکگرتووبێت، نەک کۆکراوەیەکی بریقەدار بێ، تێگەیشتنی ئاسان و رستەی جوان بێ .

ناوونیشان و تۆکمەیی :
پەیوەندی بەهێزی نێوان ناوونیشان و تۆکمەیی (المتن) دەمانباتەوە بۆ پێویستی دەرخستنی ئەم پەیوەندییە بەهێزە لەنێوان هەردوولادا، چونکە دەق ، تۆکمەیی پێکهاتووە لە زنجیرەیەکی زمانەوانی هەڵسەنگێنراو یان نووسراو کە یەکێتییەکی بەردەوام پێک دەهێنێ، هەروەها بونیادێکی دالییەو لە سیستەمێکی سیمائییەوە هەڵدەقوڵێ، یان دەزگایەکی رەمزییە بە پلەی یەکەم و بەر لەهەرشتێ، چونکە خوێنەر لەدەقەوە دەست پێدەکات و لە دەروازەی ناوونیشانەوە تەئویل وەردەگرێ، کلتووری مەعریفی خۆی تەوزیف دەکات لە پێناوی گەیشتن بە دالەکانی خۆی، زۆر جاران دەلالەتی کارکردن دەرئەنجامی تەئویلی ناوونیشانە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP