سنوربەزاندن لەبەکارهێنانی وشەی نەناس و بێگانە

رەنگین عبدالصمد
17:10 - 2022-06-30

زمان ناسنامەو پێناسی نەتەوەیە، هەرچی پێشکەوتنەکانی نەتەوەیە لەئەنجامی ئاشنایەتی و تێکەڵاوبوون لەڕێی زمانەوە دەبێت، ئەمە بابەتێکی حاشا هەڵنەگرەو نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە کە چۆن بتوانیین ئەو ئاشنایەتییە بەکاربهێنین و، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟
ئاشنایەتییەک کە کاریگەریی نەرێنی نەکاتە سەر زمانی نەتەوەکەمان و بەرەو کاڵبوونەوەی ببات 
ڕەسەنایەتی و ڕەگ و ڕیشەی زمانەکە لەبار نەبات، نەبێتە هۆی مردنی ووشەکان.
بۆچی ئێمەی کورد لەکاتێکدا ووشەی جێگرەوەمان لەبەرامبەر هەندێک ووشەی بێگانە هەیە کە لەنێو زمانەکەماندا ڕۆژانە قسەی پێدەکەین،  لەبری وشەی بێگانە بەکار بهێنین؟؟
ئێمەش وەکو نەتەوەکانی تر خاوەن زمانی سەربەخۆو تایبەت بەخۆمانین، بۆچی بەووشەکانی خۆمان زیاتر زمانەکەمان دەوڵەمەند نەکەین ؟ 
بۆ نموونە لەبری ووشەی وەرەقە کاغەز،  کتێب پەرتووک ، قەڵەم پێنووس ، دەفتەر تێنووس ، قبووڵ ڕازییکردن، موهیم گرنگمان ، ڕەفز ڕەتکردنەوەمان هەیە لەگەڵ چەندیین ووشەی تر 
کەهەموو ئەمانە ووشەی زمانی عەرەبیین

یاخود لەئەنجامی بەرەوپێشچوونەکانەوە چەندیین ووشە لەزمانەکانی ترەوە هاتەنێو زمانەکەمانەوە کە هەندێکیان جێگرەوەیان نییەو دەقاودەق وەکو خۆی دەوترێتەوە وەک [ سپلیت ، تەلەفزیۆن ، کۆنتڕۆڵ، لینک، لۆگۆ، باگراوند،  مارکێت ، مۆڵ و کۆمپیوتەر و کامێراو کۆمەڵێک شتی تر، بەڵام دواجار ئەوەش گەر بەدواداچوونێکی بۆ بکرێت لەلایەن لێکۆڵەرو شارەزای بواری زمانەوانییەوە دەتواندرێت جێگرەوەی بۆ دابنرێت 
ئەو ووشانەش کە لەئێستادا جێگەی خۆیان لەنێو زمانەکەماندا گرتوەتەوەو خەڵکیی بەکاریدەهێنێت 
ئەمانەن
ووشەی سترێس کە بەواتای دوودڵییە یان ستایل کە بەواتای شێوازو کوالیت بەواتای جۆرایەتی دێت
هەموو ئەمانەش لەزمانی ئینگلیزییەوە وەرگیراون.

یان ووشە هەرە زۆر باوەکان کە پانتاییەکی زۆری لە زمانەکەماندا داگیر کردووە کۆمەڵە ووشەیەکی باوە 
وەک سۆری بەواتا ببورە کاتێک کە کەسێک دەیەوێت داوای لێبوردن لەبەرامبەر بکات، یان ئۆکەی واتە کاتێک شتی کەسێک یان کاری کەسێکت پێ باشەو لات پەسەندە ، یان سوپرایز بەواتای لەناو بۆ کاتێکی کتوپڕ دەکرێت کە زۆرجار بۆ یادکردنەوەی کەسە نزیکەکان و ئازیزەکان ئەنجام دەدرێت، 
تەنانەت زۆربوونی ووشەی بێگانە لەنێو زمانەکەمان وایکردووە کە نەخشەی هەموو دوکانەکان بەو زمانانە بنووسرێت و دابنرێت.
بەهۆی ئەوانەشەوە، خەریکە حەزمان بۆ نوسینی زمانەکەی خۆمان نامێنێت
 
پرسیار دەکەین ئایا چیی کراوە بۆ ڕێگرییکردن لە بەکارهێنانی ووشەی نەناس و بێگانە ؟؟
مێژوونوسان و لێکۆڵەرانی زمان دەورییان چییبووە بۆ سنووردانان بۆ ئەم کارە ؟
هەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە چۆن بووە؟
ڕەخنەگران و خەمخۆرانی زمان چۆن خەمی ئەم پرسەیان لەئەستۆ گرتووە ؟
ماوە بڵێین هێشتا زووەو دەرفەت ماوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ووشانەی کە وەلانراون لەزمانی کوردیدا 
بۆ لەمەودوایش پێویستە چیی بکرێت ؟
ڕێنمایی و ڕێگاکان چیی دەبن سەبارەت بەو پرسە ؟
چۆن ناونیشانی ( نا بۆ بەکاهێنانی ووشەی نەناس و بێگانە) لەناو ناخ و لەسەر سنگمان دابنەین ؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP