پیلانه‌كه‌ی 28ی ته‌موزی 2008ی هه‌ندێ له لایه‌نه عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان، دژ به ماف و خواست و داواكاریه‌كانی كورد له كه‌ركوك، به هه‌موو پێوه‌رو پێودانگێك، درێژه‌و درێژكراوه‌ی پیلان و سیاسه‌ته شۆڤێنییه‌كانی به‌عس و سه‌دامییه‌كان بو، هه‌ستكردن و د‌رك پێكردنی مه‌رامی گڵاو و ئامانجی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی قه‌ومه‌چییه عه‌ره‌ب و توركمانه تۆرانییه‌كان، له ناواخنی مادده‌ی 23ی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵگه‌ی ئاستی هوشیاریی سیاسی تاكی كورد‌و مكوڕبوونی بوو له‌سه‌ر مافه زه‌وتكراوه‌كانی.
گه‌لی كورد وه‌ك گه‌لێكی زیندووی دژ به داگیركاریی خاك و وڵاته‌كه‌ی و تینوو بۆ ئازادیی و پێشكه‌وتن، له‌هه‌مو سه‌رده‌م و كات و شوێنێكدا دژی داگیركه‌ران راپه‌ڕیوه‌و خوێن و ماڵ و سامانی كردووه‌ته قوربانیی نیشتمان و ئازادیی، ئازادی و نیشتمان لای تاك و گه‌لی كورد، هه‌میشه له نه‌گۆڕه‌كان(پوابت) بووه‌و دڵداری شاعیر وته‌نی(دینمان، ئاینمان هه‌ر نیشتمان)، به‌ڵام دوژمنی كه‌لله‌پووت و مه‌غروری داگیركه‌ر، هه‌میشه خراپ له‌م خه‌سڵه‌ته شۆڕشگێڕییه‌ی تێگه‌یشتووه یان پشتگوێی خستووه، رژانه سه‌رشه‌قامی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی كوردی كه‌ركوك، له‌دژی به‌زۆر سه‌پاندنی مادده‌ی 23 له‌یاسای هه‌ڵبژاردن و خۆپیشاندانی ئاشتییانه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه، به‌رجه‌سته‌كردن و دووباره جه‌ختكردنه‌وه بوو له بڕوا نه‌گۆڕه‌كان، به‌گژداچوونه‌وه‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌شی له‌لایه‌ن تیرۆستان و ره‌وتی شۆڤێنی و شه‌ڵاڵكردنی خۆپیشاندنه‌كه به خوێنی ئازادیخوازان، جارێكی دیكه ئه‌و راستییه سه‌لمێندرایه‌وه، (ماف ده‌سه‌ندرێت نادرێت)، دوژمن و داگیركه‌ر له هه‌ر كات و زه‌مان و شوێنێكدا بن و له هه‌ر جل و پۆشاكێكدا بن، هه‌مو یه‌كن.
ئێستاش له‌كاتێكدا هاوڵاتیان و و ئازادیخوازان له كه‌ركوك و كوردستان ئه‌م یاده خوێناوییه یادده‌كه‌نه‌وه، عێراق و ناوچه‌كه له لێواری هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی زۆر ترسناك دایه‌و ته‌واوی ده‌ستكه‌وته‌كان كه به خوێنی هه‌زاران هه‌زار شه‌هید به‌ده‌ستهاتوون، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر جددی دان، كه سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی خۆیان به به‌رپرسیارو خه‌مخۆر ده‌زانن، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن دژ به‌هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بوه‌ستنه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و نیشتمان بخه‌نه سه‌روو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌وه.
له‌م قۆناغه زۆر هه‌ستیارو مه‌ترسیداره‌دا، دیاره ئه‌ركی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، وه‌ك حزبێكی ئازادیخواز‌و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی، زۆر قورسه له كۆكردنه‌وه‌و یه‌كگرتن و یه‌كخستنی ده‌نگ و هێزه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیخوازه‌كان، به‌تایبه‌ت یه‌كگوتاری و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه كوردستانییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئارامیی و ئاسایش و سه‌قامگیریی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP