یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌ك حزبێكی هه‌ڵقوڵاوی ناو کوردەواری، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیدا له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، هیوای به‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌خشییه‌وه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی، هه‌رچه‌ندە له‌گه‌ڵ رێڕه‌وی خه‌باته‌كه‌یدا چه‌ندین جار تووشی له‌مپه‌ڕ و درز بۆوه، به‌ڵام هه‌موو جار به‌هێزتر له‌سه‌ر پێیه‌كانی وه‌ستایه‌وه، ئێستاش دوای هه‌ڵبژاردنی هه‌ڤاڵ بافڵ جەلال تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆكی حزب و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی هاوسه‌رۆكی، ئه‌م حزبه ده‌توانێت شوێن و پێگه‌ی هه‌ره شایسته و گرنگ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراق بگێڕێـت، گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كردوێتی.
روون و دیاره، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵه‌بانی لەم ماوه‌یەی دواییدا رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له پته‌وكردنه‌وه و به‌هێزكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی وه‌كو حزب و هه‌روه‌ها ده‌ستكردن به چاكسازیی فراوان له‌ناو كایه‌كانی یه‌كێتیدا، كه هه‌موو ئۆرگانه‌كانی ئه‌م حزبه‌ی گرتۆته‌وه، ئه‌مه چ جای جێبه‌جێكردنی چاكسازییه‌كان به ده‌ستێكی پۆڵاین له رێگه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه، كه ده‌ستكراوه‌ی كردوون له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیاندا به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌سێك چه‌نده پۆستی باڵاشی هه‌بێت، بێگومان ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشی هه‌م كادرانی حزب و هه‌میش كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بووه له هه‌رێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی.
ئه‌مه سه‌باره‌ت به‌ناوخۆی حزب، له‌ناو زۆنی سه‌وز و هه‌روه‌ها هه‌رێمیشدا، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی له‌سه‌رەوەی هه‌ڕه‌می یه‌كێتییه‌وه، هه‌وڵی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا داوە، به‌تایبه‌تی كه به‌شێكی زۆری لایه‌نه كوردستانییەکان په‌یوه‌ست به ناوخۆی هه‌رێم و به‌غداش روئیای نزیك له یه‌كێتیان هه‌یه.
هه‌روه‌ها هەوڵی چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌ی خوێندكاران و فه‌رمانبه‌رانی داوه له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، كه ئه‌وه‌ش جێی ده‌ستخۆشی هه‌موو لایه‌ك بووه.
كاری هه‌ره قورس و گرنگی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵه‌بانی له‌ناو جه‌رگه‌ی به‌غدا و پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا بوو له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كەی مانگی 10ی ساڵی رابردوو، كه توانی له رێگه‌ی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه و دانوستانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كاندا له كورد و عه‌ره‌بی سوننه و شیعه و پێکهاتە جیاجیاکاندا، پێگه‌ی یه‌كێتی وه‌كو گەمەکارێکی سه‌ره‌كی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی جارێكی تر جێگیر و پتەو بكاته‌وه.
یەکێتی لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا توانی دووبارە باڵانسی هێز له‌ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی‌دا رابگرێت به‌تایبه‌تی له‌ناو ماڵی شیعه‌دا، هه‌رچه‌ندە یه‌كێـتی وه‌كو هێزێكی سه‌ره‌كی روئیا و بۆچوونه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدا یه‌كی ده‌گرته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی تری عیراقدا نه‌بچڕاند و به خودی لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی سێینه‌شەوە.
ماڵی مامیش له‌به‌غدا بوو به رووگەی سیاسیی لایه‌نه عیراقییه‌كان، هه‌موو لایه‌نه‌كان سه‌ردانیان ده‌كرد بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بافڵ و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی بۆ ده‌رچوون له‌و بنبه‌سته سیاسییه‌ی تائێستاش به‌رده‌وامه و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی له عیراقدا دروست كردووه.
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی باسمان كرد، هه‌ڵبژاردنی هه‌ڤاڵ بافڵ جەلال تاڵه‌بانی وه‌كو سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییه‌وه، باشترین جووڵه بوو له‌ناو ئه‌م حزبه‌دا و گومانیشی تێدا نییه، كه هۆكارێك ده‌بێـت بۆ دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیه‌كه‌ی مام جه‌لال و خستنه‌وه سه‌ر راسته‌ڕێی خۆی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP